296 جیهان

وڵاتانی رۆژئاوا ئۆكرانیایان بێ هیوا كرد

10:14 - 21/01/2023

"زەمەن"


ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، ڕۆژی هەینی، پێیوابوو، "هیچ بژاردەیەکی دیکە نییە" جگە لەوەی وڵاتانی ڕۆژئاوا تانکی قورس بنێرن بۆ وڵاتەکەی، دوای ئەوەی هیچ بڕیارێک لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانەکانی کیێڤ لە ڕامشتاینی ئەڵمانیا دەرنەچوو.


زێلێنسکی لە وتاری ڤیدیۆیی ئێوارەی خۆیدا وتی: بەڵێ دەبێت بەردەوام بین لە شەڕ بۆ بەدەستهێنانی تانکی مۆدێرن و هەموو ڕۆژێک بە ڕوونیتر جەخت لەوە دەکەینەوە کە هیچ ڕێگەچارەیەکی تر نییە جگە لە بڕیاردان لەسەر تانکەکان.

ئاماژەی بەوەشکرد، هاوبەشەکانمان هەڵوێستێکی پرەنسیپییان هەیە، ئەوان پشتگیری ئۆکرانیا دەکەن تا ئەو کاتەی پێویست بێت بۆ سەرکەوتنەکەمان.

لە میانی کۆبوونەوەیەکدا لە بنکەی ڕامشتاینی ئەمریکی لە ئەڵمانیا، ڕۆژی هەینی هاوپەیمانانی ڕۆژئاوا نەگەیشتنە ڕێککەوتن بۆ ڕادەستکردنی تانکی قورس بە کیێڤ، ئەمەش بەهۆی نەبوونی ڕەزامەندی بەرلین.

ڕۆژی هەینی، زێلێنسکی ستایشی ئەم کۆبوونەوەیەی کرد و ئاماژەی بە "سەدان ئۆتۆمبێلی شەڕکەر کە زیادکراون بۆ جبەخانە"ی ئۆکرانیا، هەروەها باسی لە "ئەنجامە گرنگەکانی پەیوەست بە مووشەک و سیستەمی بەرگری ئاسمانی" کرد.

شارەزایان پێیان وایە تانکە قورسەکانی مۆدێرن بە دیزاینی ڕۆژئاوایی لە شەڕەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیادا کە ڕووسیا دەستی بە هێرشەکانی کردووەتەوە دوای ئەوەی لەم زستانەدا تووشی پاشەکشەی توند بووە، سوودێکی یەکلاکەرەوە بە کیێڤ دەبەخشێت.

جێگای سەرنجە کە نوێنەری پەنجا وڵات بە ئامانجی هەماهەنگی هاوکارییە سەربازییەکان بۆ ئۆکرانیا لە بەرامبەر مۆسکۆدا بەشداریان لەم دیدارەدا کرد.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن