دانیشتنێكی دیكەی دادگای فیدراڵی لەسەر درێژكردنەوەی تەمەنی سەرۆكایەتیەكانی هەرێم بەڕێوەچوو
07:58 - 15/01/2023
زەمەن
ئەمڕۆ یەكشەممە، دانیشتنێكی دیكەی دادگای فیدراڵی لەسەر درێژكردنەوەی تەمەنی سەرۆكایەتیەكانی هەرێم بەڕێوەچوو.
یوسف محەمەد، سەرۆكی پێشووتری پەرلەمان كە كار لە دۆسیەكەدا دەكات، وتی "ئەمڕۆ ١٥/ ١/ ٢٠٢٣، دووەم دانیشتنی دادبینیی دادگای باڵای فیدراڵی سەبارەت بە درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمان و دەسەڵاتەکانی تری ھەرێم بەڕێوەچو. تیایدا بریگرتەی داوا لەسەرکراو بە تیانوسێک وەڵامی خۆیان پێشکەشی دادگا و ئێمە کرد".
وتیشی "پاشان بەندەش وەڵامی ھەندێک لە خاڵەکانی تیانوسی ئاماژەپێدراوم دایەوە و بە ھەمان شێوە بریگرتەی داواکارانی تری کەیسەکە".
دواتر دادگای باڵای فیدڕاڵی رۆژی ٣١/ ١/ ٢٠٢٣ی دیاری کرد بۆ دانیشتنی داھاتوی دادبینی. یوسف محەمەد دەڵێت "رەوتی دانیشتنی ئەمڕۆی دادگا گرنگ بو، بەڵام لەبەر سەلامەتیی دۆخی دادبینی و رەوتی دادگاییەکە درێژەی دادبینییەکە باس ناکەین".