زانیاری نوێ لەسەر هەڵكوتانە سەر بەڕێوەبەرایەتی تۆمارکردنی خانوبەرەی چەمچەماڵ
02:46 - 08/12/2022
زەمەن_تایبەت
هێزێکی 50 كەسی دەچێتە سەر تاپۆی چەمچەماڵ ،دۆسیەی سەرجەم ئەو زەویانە دەبەن کە پەیوەندی بەسنوری کارکردنی داناگازەوە هەیە، وەزارەتی داد دەڵێت 350 بۆ 400 دۆسیە براون.
بەپێی زانیارییەكانی "زەمەن" کاتژمێر ۱ی دوا نیوەڕۆی رۆژی ٦ی ۱۲ هێزێکی دەمامکدار بە چەند ئۆتۆمبیلێکەوە دەچنە سەر بەڕێوەبەرایەتی تۆمارکردنی خانوبەرە (تاپۆ)ی چەمچەماڵ و سەرجەم ئەو دۆسیانە دەبەن پەیوەندی بە سنوری کارکردنی کۆمپانیای داناغازی ئیماراتیەوە هەیە لە قەزای چەمچەماڵ.
"زەمەن" زانیویەتی، هێزەکە لە سلێمانیەوە چوون بۆ قەزای چەمچەماڵ و لەناو بینای تۆماری خانووبەرە هەریەک لە فەرمانگەکانی ئامار و خانوبەرە هەن و تەنها دەرگای ئەو ژوورانەیان شکاندووە کە تایبەتن بە تۆماری خانوبەرەو پاش شکاندنی کیلۆنی دەرگاکان کیلۆنی نوێیان داناوە بۆ دەرگاکان .
لەو کاتەدا ئەو هێزە هاتوون تەنها پۆلیسی پاسەوان و بەڕێوەبەری تۆماری خانوبەرە لە بیناکەدا بوون و هێزەکە خۆیان بەدوای دۆسیەکاندا گەڕاون و دۆسیەی زەوی دوو ناوچەیەیان بردووە کە بریتین لە زەوی سنوری شارۆچکەی قادرکەرەم کە کێڵگەی غازی کۆرمۆری لێیە لەگەڵ دۆسیەی چەند شوێنێکی نزیک چەمچەماڵ کە تایبەتن بە کێڵگەی غازی چەمچەماڵ، سەرچاوەیەك وای بە "زەمەن" وت.
وتیشی "هێزەکە دۆسیەی زەوی شارۆچکەی قادرکەرەم و ۳٤ گوندی دەوروبەری بردووەو کە سەرجەم ئەو دۆسیانە تا ساڵی ۲۰۰٤ لە دووز خورماتوو بووە، چونکە لە بنەڕەتدا ناحیەی قادرکەرەم سەر بەقەزای دووز بووە و پاشان خراوەتە سەر چەمچەماڵ و دواتر دۆسیەکان هێنراون بۆ چەمچەماڵ".
پێشتر حکومەتی عێراق چەند جارێک داوای ئەو دۆسییانەی کردووە و حکومەتی هەرێم ئامادە نەبووە ڕادەستی بکاتەوە.
ئامانجێکی تری هێزەکە بردنی دۆسیەی چەند زەویەکە کە هەندێک بەرپرسی باڵا بە شێوەی دۆنم لە سنوری گوندی توڕکە کڕیویانە و چاویان لەوەیە داناگاز پەرە بەو کێڵگەیە بدات و لەڕێگای خاوەندارێتی ئەو زەویانەوە ئیمتیاز لە کۆمپانیای داناگاز وەربگرن، وەك ئەوەی سەرچاوەكە دەڵێت.
لەبارەی ڕووداوەكەوە، وەزارەتی دادی حكومەتی هەرێم، رایگەیاند: هێزێکی نزیکەی (50) کەسی هەڵیانکوتایە سەر بەڕێوەبەرایەتی تۆمارکردنی خانووبەرەی چەمچەماڵ و داوایان لەبەڕێوەبەری فەرمانگەکە کرد کەوا هەموو دۆسیەکانی ناوچەی ( قادر کەرەم ) کەنزیکەی (350 تا 400) دۆسیەیە ڕادەستیان بکات بەبێ ئەوەی هیچ نووسراوێکی فەرمیان لەلایەن دادگا یان لایەنێکی فەرمی ڕێپیدراو پێبێت.
وەزارەتی داد، دەڵێت "دوای ئەوەی بەڕێوەبەری فەرمانگەی ناوبراو گوێڕایەڵی داواکاریەکەیان نەبوو هەڵسان بەشکاندنی قفڵی ژووری دۆسییەکان و سەرجەم دۆسییەکانی موڵکەکانی (قادر کەرەم)یان بەدۆلابەوە برد، هەروەها دیسکی کامێرای بەڕێوەبەرایەتی ئاماژە پێکراویان بردووە".
وەزارەتی داد، "ئەم کردەوەیە بەشکاندنی سەروەری یاسا و زێدەڕەوی لەسەر هەیبەتی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان" ناودەبات.
بڕیار نامیق