کوردستان

دوای هەشت ڕۆژ ئاشکرابوو گەنجێکی ١٥ ساڵ شەهید کراوە

10:50 - 02/10/2022 252 جار خوێندراوەتەوە

  "زەمەن" 

دوای هەشت ڕۆژ لە شەهیدبوونی، ئاشکرابوو لە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژی ٢١ی مانگی ڕابردووی کرماشان، مێردمنداڵێک بە ناوی ئەمیر حوسێن بەساتی بە تەقەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی شەهید بووە.

 
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایگەیاند تەرمی ئەمیر حوسێن بەساتی ڕۆژی پێنج شەممە، دوای ٩ ڕۆژ لە کەشێکی ئەمنیدا دراوەتەوە بە بنەماڵەکەی و لە هەمان ڕۆژ لە گۆڕستانی گوندی دارخوری حوسێناوا بە خاک سپێرراوە.

کەسوکاری ئەو شەهیدە بە هەنگاویان وتووە "بنەماڵەی بەساتی بۆ ماوەی ٨ ڕۆژ هیچ زانیاری و هەواڵێکیان لەبارەی چارەنووسی کوڕەکەیانەوە نەبووە هەتا لەکۆتایدا لە ڕێگەی یەکێک لە ناسیاوەکانیانەوە ئاگادار کراونەتەوە کە تەرمی کوڕەکەیان لە ساردخانەی نەخۆشخانەی تاڵقانی ڕاگیراوە".

هەر لە خۆپیشاندانەکانی ئەو شەوەدا دوو کەسی دیکە بە ناوەکانی مینوو بەهەشتی و ڕەزا شهپەرنیا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران شەهید بوون.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن