رێبوار ئەحمەد
دانانى کامێرا بەمشێوازە لەگەڵ سیستمى ژیان و موچە و رێگاوبانەکان یەکناگرێتەوه
07:55 - 15/08/2022
"زەمەن"
سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان
رایدەگەیەنێت؛ داواى کۆبونەوەى ئەنجومەنى پارێزگایان کردوە بۆ هەڵوەشاندنەوەى بڕیارى
دانانى کامێراى هاتوچۆ بەو شێوازەى بڕیارى لێدراوە، چونکە زیانى بۆ کۆى گشتى شۆفێران
و هاوڵاتییان هەیە.
رێبوار ئەحمەد سەرۆکى
فراکسیۆنى گۆڕان لە ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى رایدەگەیەنێت؛ وەک فراکسیۆنى گۆڕان
و ئەنجومەنى پارێزگا بڕیارى دانانى کامێراى چاودێرى بەو شێوەیەى دراوەتە کۆمپانیایەک
رەت دەکەینەوە و پێویستە هەڵبوەشێنرێتەوە، داواى کۆبونەوەى ئەنجومەنى پارێزگاشمان
کردوە بۆ ئەو مەبەستە و راسپاردەکانى ئاڕاستەى وەزارەتى ناوخۆ و ئەنجومەنى وەزیران
دەکەین.
سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان
لە ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەرک و ئامانجى فراکسیۆنەکە
و ئەنجومەنى پارێزگا لەبەرچاوگرتنى بەرژەوەندى گشتى پارێزگاى سلێمانییە و پێمانوایە
بڕیارى دانانى کامێراى هاتوچۆ بەو شێوەیەى ئێستا چ لە روى سیستمى کارکردنى کامێراکان
و چ لەو داهاتە زۆرەى دەدرێتە کۆمپانیا زیان بە هاوڵاتیان دەگەیەنێت، بۆیە داوا دەکەین
وەزارەت ناوخۆ و ئەنجومەنى وەزیرانیش کە لە ستراتیژى کارى کابینەى نۆیەمدا ئاماژەى
بۆ کراوە بەرژەوەندى گشتى لە بەرچاو بگرێت و پێویستە ئەم بابەتە چارەسەر بکرێت و ئەو
بڕیارەى دراوە هەڵبوەشێنرێتەوە.
دەشڵێت: ئێمە دژى
دانانى کامێراى هاتوچۆ نین، بەڵام پێویستە بە میکانیزمێک بێت خەڵک زیانى لێنەکرێت،
ئێمە پێمانوایە ئەم بڕیارە بەبێ دیراسە و لێکۆڵینە دراوە و دانانى کامێرا بەم شێوازە
لەگەڵ سیستمى ژیان و موچە و تەنانەت رێگاوبانەکانى هەرێمى کوردستان یەکناگرێتەوە،
جگە لەوەش زۆرینەى داهاتەکەى لەبرى ئەوەى بۆ خزمەتى پارێزگاکە و رێگاوبان خەرج بکرێت
دەدرێتە کۆمپانیا، بۆیە ئێمە داواى هەڵوەشاندنەوەى دەکەین.