226 کوردستان

وه‌زیری سامانه‌ سروشتیه‌كان:
600 مێگاوات کارەبا دەنێرین بۆ کەرکوک و موسڵ و دیالە

06:47 - 15/08/2022

"زەمەن"


کەمال محه‌مه‌د ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، رایده‌گه‌یه‌نێت 600 مێگاوات کارەبا دەنێرن بۆ کەرکوک و موسڵ و دیالە.

کەمال محه‌مه‌د ساڵح، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ پێشوازیی لە شەهرەزاد سعود کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان کرد.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی وه‌زاره‌ته‌كه‌، لە دیدارێکدا باسیان لە پەرەپێدانی سێکتەری نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان کرد.

کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا هێرشەکانی سەر کێڵگە و دامەزراوەکانی نەوت و گاز ئیدانە کردوه‌ و ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ نزیککردنەوی هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق پیشاندا بۆچارەسەرکردنی کێشەی نەوت و گاز و پاڵپشتیی وڵاتەکەشی  بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بەڕێگەی گفتوگۆ دەربڕی.

وەزیری سامانە سروشتییەکان، سوپاسی حکومەت و گەلی ئەمەریکای کردوه‌ و ڕایگەیاندووه‌ کەرتی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان لە خزمەتی گەلی کوردستان و گەلی عێراق دایە و لە رێگەی گازی بەرهەمهاتوو 600 مێگاوات کارەبا دەنێردرێتە کەرکوک و موسڵ و دیالە.

وتوشیه‌تی: بەشێک لە نەوتی عێراقیش بە بۆرییەکانی نەوتی کوردستان ڕەوانەی دەرەوە دەکرێت، بۆیە پاراستنی دامەزراوە نەوتی و گازییەکان ئەرکی هەمووانە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن