2254 هەمەڕەنگ

دەزانن بۆچی منداڵەكانتان عینادیتان لەگەڵ دەكات؟

09:05 - 24/05/2019

"زەمەن"

لە كتێبی(دەروازەیەك بۆ ڕێنمایی دەروونی‌و پەروەردەیی) ئاماژە بەوە دەدات كە عینادی لای منداڵ ئارەزوویەكی شەڕەنگێزییە، بەجۆرێك منداڵ چی داوا لێ بكرێت جێبەجێی ناكات. سوور دەبێت لەسەركردنی ڕەفتارێك كە لەوانەیە هەڵە بێت یاخود شیاو پەسەند نەبێت، منداڵ ئەم شێوە مامەڵەیە كاتێك دەیكات وەك ڕەتكردنەوەیەك بۆ مامۆستاكەی یاخود باوانی كە دەشێت هۆكارەكانی یەكێك لە مانە بێت:

1-دووركەوتنەوە لە مامەڵەی نەرم: منداڵ مامەڵەی وشك ڕەت دەكاتەوەبەڵام تكاكان قبوڵ دەكات بەردەوام دایك و باوك دەست دەخەنە ناو كارو باری منداڵەكانیانەوە بەو بیانوەی كە چاودێریان دەكەن بێ هیچ بیانویەكی مەنتقی كە ئەمە پێچەوانەی خواستی منداڵانە لەم كاتەدا منداڵ دەست دەكەن بە بێزاری و بە عینادی دەریدەبڕن .

2 – پاداشتكردنی ڕەفتاری عینادی لای منداڵان: دابین كردن و جێبەجێ كردنی داخوازی منداڵەكانتان كەلە ڕێی عینادیەوە بە دەستی دەهێنن دەبێتە هاندەرێك بۆ منداڵ كە هەموو كات بۆ جێ بەجێ كردنی خواستەكانیان ڕێگەی عینادی دەگرنەبەر .

3 – ئامادە نەبوونی دایك و باوك یاخود یەكێكیان لای منداڵ بۆ ماوەیەكی زۆر :ئەمە هۆكارێكە بۆ ئەوەی منداڵ كە هەست بە پشت گوێ خستن بكات و كار لە گەشە كردنی دەكات تا وایلێدێت دەبێتە منداڵێكی عینادو هارو هاج لەم كاتەدا ترسەكانی زیاد دەكات و ناتوانێت پشت بە خۆی ببەستێت كە ڕەنگە شڵەژانی دیكەی دەروونیشی بە دوادا بێت وەك كێشەی خەوو قسە كردن .

4 – جیاوازی كردنی دایك و باوك لەنێوان منداڵەكانیان : ئەمە وادەكات كە منداڵ پەنا بۆ عینادی بەرێت بۆ ئەوەی سەرنجی چواردەوری بۆلای خۆ ڕابكێشێ , منداڵ پەنا بۆ عینادی و پێداگری دەكات لەسەر بیر و ڕاكانی خۆی وەك باوكی یاخود دایكی كاتێك سوور بن لەسەر ئەوەی كە منداڵەكە كارێك بكات كە ڕەزامەندی ئەوانی لەسەر بێت، هەندێك جار ئەو فەرمانانەی كە دەدرێت بە منداڵ زۆر ڕوون نیە وەك ئەوەی كە پێی دەوترێت (كراسەكەت پیس مەكە) ڕاست تر وایە كە پێی بڵێی ( قاپەكە لەسەر مێزەكە دانێ با كراسەكەت پیس نەبێ) ئەمە هاوكار دەبێت كە منداڵەكە باشتر تێ بگات كە چۆن خۆی پیس نەكات .

ڕێنمایی دایك و باوك بۆمنداڵ عیناد ئەوەیە كە دەبێت باوان زۆر بەسەبر و بە زانایی مامەڵەیان لەگەڵدا بكەن هەرگیز نابێ لە بەردەمی منداڵەكە وەسفی عینادیەكەی بكەیت یاخود بەراوردی بكەبت بەو منداڵانەی كە عیناد نین، لەكاتی عینادی منداڵەكەدا پێویستە بە ئارامی قسەیان لەگەڵدا بكەن پاداشتی منداڵەكە بكەن لە كاتی ڕەفتارە تەندروستەكانیاندا , پاداشتە زارەكیەكان یاخود ماددیەكان زور كاریگەرتر دەبێت لە سزادان ، هەوڵبدەن ئێوەی باوان باوەڕ بە خۆ بوونیان پێ ببەخشن .زۆر هیلاكیان مەكەن بە فەرمانی زۆر وورد و ڕاست كردنەوەی ڕەفتارەكانیان ، دایك ڕابەرە بۆ منداڵەكەی بۆیە پێویستە هەرگیز ووشەی خراپ و ناشرین لەبەردەمیدا نەڵێیت چونكە دڵنیابە دووبارەی دەكاتەوە و ووشەكەی تۆ بە باش دەزانێ .عینادی شتێكی سروشتی و تەندروستە لە قوناغێكی تایبەتیدا كە دەیەوێت خودی خۆی دووپات بكاتەوە ببێتە خاوەن بۆچوونی خۆی هەر بۆیە نابێت دایك تەنها فەرمان بكات بەڵكو دەبێت بوار بدات بە منداڵەكەی تا ڕای خۆی دەرببڕێت لە سنورێكی گونجاودا , سزا لەكاتی عینادیدا پێویستە بەڵام پێویستە جۆری ئەو سزایەی هەڵی دەبژێریت گونجاو بێت چونكە جۆری سزاكان كاریگەری جیاوازیان هەیە لەسەر منداڵ .

س: پەیجی بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی دژی ژنان

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن