782 جیهان

سه‌لمان روشدی چاوێکی لە دەستدەدات و دەماری دەستێکی لەکارکەوتوەو بە ئامێری دەستکرد هەناسە دەدات

10:01 - 13/08/2022

زه‌مه‌ن -جیهانی

 

 دوای ئەوەی دوێنێ هەینی کەسێک لە شاری نیویۆرکی ئەمریکا چەقۆیەکی لە ملی سەلمان رووشدی دا، له‌ ئێستادا له‌ نه‌خۆشخانه‌ نەشتەرگەری بۆ کراوه‌.  


بەڕێوەبەری کارەکانی سەلمان روشدی، ئەندریو وایلی لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، ئاماژەی بەوە کردووە کە شەوی رابردوو نەشتەرگەری بۆ روشدی ئەنجامدراوە و هێشتا لەژێر ئامێری هەناسەدانی دەستکردە و قسە ناکات.

وتیشی: ''هەواڵەکان باش نین. رەنگە روشدی چاوێکی لەدەست بدات. دەمارەکانی قۆڵی بڕاون. جگەریشی کە چەقۆی لێدراوە زیانی بەرکەوتووە''.

رۆژی هەینی 12-8-2022، سەلمان رووشدی بانگهێشتکرابوو بۆئەوەی لە پەیمانگەی چاوتاوکوا لە رۆژئاوای شاری نیویۆرک وتەیەک پێشکێش بکات، بەڵام کەسێک بە چەقۆوە چووە سەر ستەیجەکە و لە سەلمان رووشدی دا.

 به‌ پێی زانیارییەكانی پۆلیسی نیویۆرك، پیاوێک بەخێرایی چووەتە سەر سەکۆی شانۆکە لە دامەزراوەی Chautauqua و هێرشی کردۆتە سەر سەلمان ڕوشدی لە کاتێکدا بانگهێشت دەکرێت بۆ ئەوەی وتارێک لەسەر ئازادی هونەر پێشکەش بە ئامادەبوان بکات کە سەدان کەس لەوێ ئامادەبوون.

سەلمان ڕوشدی ئەو ڕۆماننووسەی لەدایكبووی هیندستانە و دوای ئەوەی ساڵی 1989 بەهۆی نووسینێكیەوە لەلایەن ئێرانەوە فەرمانی كوشتنی بۆ دەرچوو، ساڵانێكی زۆر خۆی حەشاردا، ڕۆژی هەینی كاتێك لە ویلایەتی نیویۆرك سەرقاڵی ئەوە بوو كۆڕێك پێشكەش بكات، کەسێک بە چەقۆ هێرشدەکاتە سەری و چەقۆیەک لە ملی دەدات. ئەمەش بەپێی وتەی یەکێک لە شایەتحاڵەکان.

پۆلیسی نیویۆرک رایگەیاند، ئەو کەسەی هێرشەکەی ئەنجامداوە پیاوێک بووە و لە ئەنجامیشدا ملی برینداربووە. ئەندرو وایلی، بەرپرسی کاروبارەکانی سەلمان رووشدیش لە تویتەر وتی، نووسەرەکە بە هێلیکۆپتەر گوێزراوەتەوە نەخۆشخانە و نەشتەرگەری بۆ کراوە.

روشدی نوسەرێکی هیندی- بەریتانییە، لە دوای نوسینی کتێبی ئایە شەیتانییەکان لە ساڵی 1988 بەردەوام هەڕەشەی لێدەکرێت

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن