بابهكر زێباری: ئێمە بە کەسمان نەوتوە شەڕ بکەن پێشمەرگە ئامادەیە بەرگری بکات
03:05 - 27/06/2022
"زەمەن"
سوپا سالارى پێشوى عێراق پێیوانیە
عێراق هێرش بکات بۆ دەستبەسەرداگرتنى بیرەنەوتەکانى هەرێم. دەڵێت: ئەگەر حکومەتی
عێراق نیازی هێرشکردنە سەر هەرێم و داگیرکردنی بیرە نەوتەکانی هەبێت پێشمەرگە
ئامادەیە بەرگری بکات.
بابەکر زێباری، راوێژکاری سەربازی سەرۆکی هەرێم و
سوپا سالاری پێشوی عێراق، به کەی ئێن ئێنی، راگهیاندووه" ئێمە بە کەسمان
نەوتوە شەڕ بکەن، ئەگەر حکومەتی عێراق نیازی هێرشکردنە سەر هەرێم و داگیرکردنی
بیرە نەوتەکانی هەبێت پێشمەرگە بە هەمو جۆرە چەکێكەوە ئامادەیە بەرگری بکات و
گیانی خۆی بەخت بکات، با خەڵک بۆخۆی هەر بڵێ کە بەرگری ناکەین".
دەشڵێت: پێم وانییە لە ئێستادا حکومەتی عێراق نیازی
ئەوەی هەبیت دەستبەسەر بیرە نەوتەکانی هەرێمدا بگرێت و هێرش بکاتە سەر هەرێم.
زێبارى ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم هێرشانە دەستی
وڵاتانی ئیقلیمی لە پشتەو لە رێی گروپە چەکدارەکانەوە ئەنجام دەدرێن، ئێران و
تورکیا و سوریا و عێراق دژی کوردن و بیانو بە هەرێمی کوردستان دەگرن و دەڵێن بنکەی
ئیسرائیلی لە هەرێم هەیە، ئەوەش راست نییە لەکاتێکدا کونسوڵی ئیسرائیل لە تورکیا و
وڵاتانی دراوسێی ئێران هەیە و زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە پەیوەندییان لەگەڵ ئیسرائیل
هەیە.
لەبارەی هێرشەکانی تورکیاوە پێکدادان لە ناوچە
سنورییەکان لە نێوان پەکەکە و تورکیا، زێبارى وتی،" پەکەکە تەعدا لە خاکی
هەرێم دەکات و بیانوی داوەتە دەست تورکیا بۆ ئەوەى بۆردومانی خاکی هەرێم بکات و
نیوەی پارێزگای دهۆک لەلایەن تورکیاوە داگیرکراوە و دانیشتوانەکەی ناتوانن بچنەوە
شوێنەکانیان".
باسى لەوەشکرد، لە کاتی شۆڕشدا کە ئەوان پێشمەرگە
بون نە دەچونە کوردستانی باکور و رۆژهەڵات، تەنها لە باشور خەباتیان دەکرد پێویستە
پەکەکەش شەڕی جەبهەیی لەگەڵ تورکیا لە باکوری کوردستان بکات.
لەبەشیکی دیکەى دیدارەکەدا، سوپا سالارى پێشوى عێراق
ئاماژەى بەوەکرد، دۆسیەی نەوتی هەرێم شەفافە و هەمو کەسێک بە حکومەتی عێراقیشەوە
دەزانن رۆژانە چەند نەوت دەفرۆشرێت و داهاتەکەی چەندە و چی لێدێت.