1150 کەلتور

شێخ نوری شێخ ساڵح شاعیری نوێخواز و ڕۆژنامەنووسی ڕچەشکین

06:57 - 16/06/2022

کولتوری زەمەن

شێخ نوری شێخ ساڵح، خاوەنی نوێگەری ڕێچکەی شیعری کوردیی، ڕۆژنامەنووسی ڕچەشکێن و  خاوەن ستایلی تایبەت لە وەرگێڕان و نووسینی شانۆنامە و ئۆپەرێتی منداڵان و بەهۆی زماننزانییەوە، چەندین ڕێچکەی دیکەی ستایلی نووسینی ئەدەبیی تاقیکردوەتەوە.

خاوەن ئیمتیازو سەرنوسەری ڕۆژنامەی ڕۆژی کوردستان، زمانحاڵی حکوومەتی باشوری کوردستان لەسەردەمی فەرمانڕەوایی شێخ محمودی حەفیددا.  شێخ نوری شێخ ساڵح، یەکێک لە شاعیر و نووسەرو زمانزان وڕۆژنامەنووسە دیارەکانی ئەو سەردەمە،کەسایەتیەکی نەتەوەیی و نیشتیمانپەروەری شاری سلێمانی بووە.  لەساڵی ١٨٩٦ لەبنەماڵەیەکی کوردپەروەردا لەدایکبووە لەبەر زیرەکی و لێهاتوویی و دڵسۆزی بۆ نیشتیمانەکەی خۆشەویستیەکی لەڕادەبەدەری لای هەموو چین و توێژەکاندا هەبووە بەتایبەت جێگەی ڕێزو متمانەی مەلیکی کوردستان بووە.

 

شێخ نوری، لەبواری ڕێچکەی شيعری نوێدا بەسەرقافڵەو ڕەچەشکێن دادەنرێت شیعرەکانی خزمەتێکی گەورەی بەگەشەکردنی زمانی پاراوی کوردی کردووە بەسەرنجدان لەڕۆژنامەکانی ئەوڕۆژگارە چەندین وتاری سیاسی و لێکۆڵینەوەی ئەم تێکۆشەرە بەرچاودەکەون کەگەواهی هۆشیاری سیاسی و ئاستی زانستی و معریفی و ڕۆشنبیری دەردەخەن، تەنانەت لەبواری نووسینی چیرۆکە شیعرو، ئۆپەریت و دەقی شانۆگەریدا ئەستێرەیەکی درەوشاوەیە، لەبواری وەرگێڕانیشدا بەهۆی شارەزایی لەزمانەکانی فارسی ، تورکی ، عەرەبی چەندین پەڕتوکی وەرگێڕاوەتە سەرزمانی کوردیی.

 

بلیمەتی ئەم کەسایەتیە لەوتەمەندا کەهێشتا لاوبووە شێخ محمودی حەفیدی سەرسام کردوە لەزۆر بابەتی جیاوازدا ڕاوسەرنجی بەبایەخەوە وەرگرتوەو متمانەی زۆری پێی هەبووە، لەدەورانی حوکمی ئینگلیزەکاندا لەسەر هەڵوێست و بیروباوەڕە نەتەوەییەکانی دەستگیر دەکرێت و دەیخەنە زیندانەوە لەساڵی ١٩٢٣ دوایی ڕوخاندنی حکوومەتی باشوری کوردستان جارێکی تر ئینگلیزەکان لەسەر هەڵوێست و ڕۆڵی وەک سەرنووسەری ڕۆژنامەی (ڕۆژی کوردستان) دەستگیری دەکەنەوە بۆماوەی ٣ مانگ زیندانی دەکەن، جارێکی تریش لەساڵی ١٩٢٦ بەهۆی هەڵوێستەکانی و بەرگری کردن لەمافی نەتەوەکەی و لەشۆڕش زیندان دەکرێتەوە.
شێخ نوری شێخ ساڵح، لەماوەی ژیانیدا گەلێک چەرمەسەری و زەحمەتی کێشاوە لەپێناوی دۆزی کوردو مافەڕەواکانی، وێستگەی ژیانی پڕیەتی لە شانازی و تێکۆشان لەساڵی ١٩٥٨ ماڵئاوایی لەگەل و نیشتیمانەکەی دەکات ٠

ڕۆژی کوردستان، ئەو ڕۆژنامەیەی شێخ نوری لەسەردەمی شێخ مەحموددا سەرنووسەری بووە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن