486 دیمانە

وەزارەتی کارەبا: لە رێگەی وزەی خۆرەوە تا ئێستا ٧٥ مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنین

12:36 - 10/06/2022

زه‌مه‌ن – هه‌رێمی كوردستان

بریکاری وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان کامیل قەزاز رادەگەیەنێت کە کاریان لەسەر بەکارهێنانی وزەی خۆر کردووە بۆ بەرهەمێهێنانی کارەبا و دەڵێت، لە یەکەم هەنگاودا رێنماییان دەرکردووە بۆ ئەو کەسانەی لە ماڵەکانی خۆیان وزەی خۆر دابنێن و کارەبای لێ وەربگرن و ئەوانیش بتوانین لێی وەریبگرنەوە.

قەزار لەم دیمانەیەدا قسە لەسەر سیاسەتی بەرهەمهێنانی وزە لە هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت، "لە رێگەی سێ پڕۆژەی وزەی خۆرەوە تا ئێستا ٧٥ مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنین".

ئەندازیار کامیل قەزاز هەروەها باس لە دانانی پێوەری زیرەکی ماڵان دەکات کە حکوومەت وەک رێکارێک بە مەبەستی چارەسەرکردنی قەیرانی کەمبوونی کارەبا بەڕێوەدەبات و دەڵێت، "تا ئێستا رێژەیەکی زۆر لە هاوبەشەکانی کارەبا کراوەتە پێوەری زیرەک" و ئەوەش دەخاتەڕوو کە بە بەستانی پێوەری زیرەک تا ئێستا توانراوە، نزیکەی ١٨ هەزار سەرپێچی کەم بکەنەوە.

- وزەی خۆر

وزەی خۆر بریتییە لە سیستەمێک کە لە رێگای چەند پارچەیەکی لاکێشەیییەوە، تیشکی خۆر وەک سەرچاوەیەکی وزە بەکاردەهێنن بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا و، حکوومەتی عێراقیش لەکانوونی دووەمی ئەمساڵ رایگەیاند کە لەماوەی سێ ساڵیی داهاتوودا دەتوانن ١٢ هەزار مێگاوات کارەبا لە رێگای وزەی خۆرەوە بەرهەمبێنن و، بۆ گرنگییپێدانیش بەم بابەتە، بریکاری وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات کە رێنماییان لەمبارەیەوە دەرکردووە بۆ ئەوەی هاووڵاتییانیش بتوانن لە رێگای وزەی خۆرەوە کارەبا بەرهەمبهێنن، ئەوەش دەخاتەڕوو کە وزەی خۆر، تێچووە سەرەتاییەکەی زیاترە لە بەرهەمهێنانەکەی و جەختیش لەوە دەکاتەوە کە وزەی خۆر ناتوانێت جێگای غاز بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بگرێتەوە لەم کاتەدا.

بریکاری وەزارەتی کارەبای ھەرێمی کوردستان، کامیل قەزاز لەبارەی گرنگییپێدانییان بە وزەی خۆر بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، لە چاوپێکەوتنێکی ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێت: "وزەی خۆر یەکێکە لە وزە پاکەکان و هاوڕێی ژینگەیە، ئێمە وەکو وەزارەتی کارەبای هەرێم کارمان لەسەری کردووە، لە یەکەم هەنگاودا رێنماییەکمان دەرکردووە بۆ ئەو کەسانەی لە ماڵەکانی خۆیان وزەی خۆر دابنێن و کارەبای لێ وەربگرن و ئێمە بتوانین وەریبگرینەوە، کۆبوونەوەمان لەمبارەیەوە هەبووە لەسەر میکانیزمی جێبەجێکردن، بەو واتایەی هەر کەسێک لەماڵی خۆیدا بەپێی ئەو کارەبایەی کە رێگای پێدراوە، دەتوانێت وزەی خۆر بەرهەمبهێنێت و ئێمەش بتوانین ئاڵوگۆڕی وەزەی لەگەڵدا بکەین، واتا چەندی بەرهەمهێنابێت، لێی وەربگرین و، سەری مانگ لە پسوولەی کارەباکەی، ئەم بڕەی لێ کەم بکرێتەوە".

ئەندازیار کامیل قەزاز دەشڵێت: "وەکو پڕۆژەش، سێ پڕۆژەمان لە هەرێم هەیە کە سێ ٢٥ مێگاواتی وەربگرین، لە هەولێر و دهۆک تەندەری بۆ کراوە، لە سلێمانیش ئیعادەی تەندەرمان بۆ کردووەتەوە و ئێستا لە قۆناغی تەندەردایە، بەڵام وەکو پلانی وەزارەتی کارەبا، خەریکی ماستەرپلانێکین، بە تەواوبوونی ماستەرپلانەکە دەتوانین داتاکانتان پێ بدەین کە بۆ نموونە بۆ سێ ساڵی داهاتوو رێژەی چەندە کارەبا بەرهەم دەهێنین، بەڵام بە گشتی گرنگیمان بە وزەی پاکداوە، وەکو وزەی خۆر و ئەو غازەی کە پێی دەڵێن غازی موساحیب کە لەگەڵ نەوت دێتە دەرەوە".

- پێوەری زیرەک

دوو جۆر پێوەر لەسەر تۆڕەکانی کارەبا بەستراوە، یەکێک لە پێوەرەکان بۆ ماڵانە، پێوەری دووەمیش لە دەرەوەی کارەبای ماڵانە و لەسەر بگۆڕەکانی کارەبا دادەنرێت کە ھەریەکێکیان ھاوکاری دەکەن بۆ رێگریکردن لە زۆر بەکارھێنانی کارەبا و سەرپێچیکردن.

کۆی پێوەرەکان دەبەسترێن بە داتاسەنتەرێکەوە کە لە بەڕێوەبەرایەتی کارەبا لە پارێزگا و شارەکان بەڕێوەدەبرێت، پێوەرەکان لەبارەی رێژەی زۆر بەکارھێنانی کارەبا، یان سەرپێچی زانیاری دەداتە سەنتەرەکە و دواتر دەتوانرێت رێکارە یاساییەکان بگیرێنەبەر.

بریکاری وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان، ئەندازیار کامیل قەزاز کە هاوکات سەرۆکی لیژنەی بەستانی پێوەری زیرەکیشە لە دیمانەیەکی ئاژانسی ئانادۆڵو تیشک دەخاتەسەر هەنگاوەکانی وەزارەتەکەیان بۆ بەستانی پێوەری زیرەک بۆ سەرجەم هاوبەشەکانیان و رایگەیاند "گرێبەستی پێوەری زیرەک لە ساڵی ٢٠١٩ کراوە و ئێستا گەیشتووینەتە کۆتایی پڕۆژەکە، یەک ملیۆن و ٢٨٦ هەزارمان جێبەجێ کردووە واتا لەسەدا ٨٧ وەکو هاردوێر جێبەجێ کراوە، هەروەها سۆفتوێرەکەش لە قۆناغی جێبەجێکردندایە و سۆفتوێرەکەش لە کۆتایی ئەمساڵ تەواو دەبێت".

کامیل قەزاز لەبارەی رۆڵی پێوەری زیرەک لە کەمکردنەوەی زێدەڕۆیی و سەرپێچییەکان بۆسەر تۆڕەکانی کارەبا گوتی: "لە سیستەمی پێوەری زیرەکدا، توانیوومانە ١٧ بۆ ١٨ هەزار سەرپێچی کەم بکەینەوە و ئەوانەی سەرپێچییان کردووە لەلای خۆمان تۆماری بکەین، سەرەڕای ئەمە لە داتا و دۆکیۆمێنتەکانمان هەستی پێ دەکەین کە رێژەی سووتانی محەویلەکان بووە بە لەنیوە کەمتر، هاوکات سەرپێچی کەمی کردووە و فشار و لۆد دابەزیووە، لەبەر ئەوەی هەستی پێ دەکەین کە پێوەری زیرەک رۆڵی خۆی بینیووە".

یەکێک لەو کێشانەی کە رووبەڕووی هاووڵاتییان بووەتەوە ئەوەیە کە کاتێک کارەبای ماڵێک بەهۆی زیادبەکارهێنانی کارەبا دەکوژێتەوە، چاوەڕێ ناکات کە سیستەمەکە لەماوەی چەند خولەکێکدا کارەباکەی پێ بداتەوە بەڵکو چەندین حاڵەتی وا هەبووە کە هاووڵاتییەکە بۆخۆی دەچێت سێرکتی سەرەکی کە چەند ماڵێکی لەخۆ گرتووە دەکوژێنێتەوە و هەڵی دەکاتەوە و بەم پڕۆسەیەش کارەبای ماڵەکەی دەگەڕێتەوە، بەڵام ئەم کوژاندنەوە و هەڵکرانەوەی کارەبا بەدەست، دەبێتە مایەی مەترسی لەسەر ئامێرە کارەباییەکانی دراوسێکان و لەمبارەیەوە بریکاری وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان، ئەندازیار کامیل قەزاز دەڵێت "بەشێک لە هاووڵاتییان بەهەڵە لە پڕۆسەکە تێگەیشتوون بەداخەوە هاووڵاتیی کاتێک کارەبای ماڵەکەی سێرکت دەکات ئەوا چاوەڕێ ناکات کە بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دوای چەند خولەکێک کارەباکەی بۆ بگەڕێتەوە، بەڵکو دەچێت تەواوی سێرکتی بگۆڕەکە دەهێنێتە خوارەوە و بیر لەوە ناکاتەوە کە رەنگە کەلوپەلی کارەبایی دراوسێکانی بسووتێن و چەندین ئامێریش سووتاوە و چەندین سکاڵامان لەمبارەیەوە هەیە، بۆیە دەبێت هاووڵاتیی چاوەڕێی سیستەمەکە بکات کە بە ماوەیەکی زۆر کەم کارەباکەی پێ دەداتەوە".

وتیشی: "لە سیستەمی زیرەکدا، کارەبای هاوبەشەکان سنووردارە، ٤٠ ئەمپێرمانداوە بە ماڵان، بەڵام زۆرجار بەهەڵە بەکاریدەهێنن، ئەگەرنا خودی سیستەمەکە لەکاتی کوژانەوەی کارەبادا، ئەوا بۆ ماوەی چەند خولەکێک چاوەڕێ دەکات و بۆ سێ جاریش هەڵدەداتەوە و هەمووی ناگاتە یەک چارەکە کاتژمێرێک، بەڵام بەداخەوە دەبینین هاووڵاتیی چاوەڕێی ئەو سیستەمە ناکات و بۆخۆی دەستکاری دەکات".

لەبارەی قەبارەی بەرهەمهێنانی کارەبا و خواستی هاووڵاتییانش لەسەر کارەبا، بریکاری وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان کامیل قەزاز رایگەیاند "تەمەنی ئەم کابینەیە سێ ساڵە، لەم ماوەیەدا ئەوەی توانیوومانە وێستگەکان چاکبکەینەوە و ئەو کێشانەی کە هەبووە بۆمان تەواوکردوون و توانیوومانە ٦٥٠ مێگاوات کارەبا بهێنینە سەر تۆڕەکان، گەیشتینە ئەوەی بە گشتی سێ هەزار و ٨٠٠ مێگاوات کارەبا بەرهەمبهێنین، بەڵام ئەو رێژەیە خواستی هاووڵاتییان نییە، بەڵکو خواستی هاووڵاتییان سەرووی ئەوەیە کە ئێمە بەرهەمی دەهێنین، هەروەها وێستگەی تازەش دانەمەزراوە، ئەگەریش دابمەزرێت ئەوا سووتەمەنی بەشی خۆمان نییە بە تایبەت گازوایل، چونکە حکوومەتی هەرێم توانای کڕینی سووتەمەنی نییە، ناشتوانێت گازوایلیان بۆ دابین بکات، چونکە نرخی گازوایل زۆر زیاتر دەکەوێت وەک نرخی گاز، بە گاز نزیکەی حەوت سەنت دەکەوێت، بەڵام بە گازوایل ٢١ سەنت لەسەر حکوومەت دەکەوێت، هەتا سووتەمەنی زیاد نەبێت ئەم کێشەیە هەر بەردەوامە و هەوڵمانداوە باڵانسی بەرهەمهێنان و خواستی هاووڵاتییان رابگرین".


- بەرهەمهێنانی کارەبا و خواستی هاووڵاتییان

لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەدا، بریکاری وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان لەبارەی بەرهەمهێنانی کارەبا و خواستی هاووڵاتییانەوە دەڵێت: "ئەگەر سووتەمەنی تەواومان لەبەردەستدا بێت، توانای بەرهەمهێنانی حەوت هەزار مێگاوات کارەبامان هەیە، خواستی هاووڵاتییان لە وەرزی زستان شەش هەزار مێگاواتە، لە وەرزی هاویندا چوار هەزار و ٥٠٠ مێگاواتە، کێشەی ئێمە لە هەرێمی کوردستان، وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا نیە، بەڵکو کێشەی سووتەمەنییە، هەرچەندە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ئەو غازەی بەرهەمیدەهێنێت، هەمووی دەدات بە ئێمە، بەڵام لەو قۆناغەدا نیە کە بەشی کارەبای ئێمەدا بکات، ئەگەرنا کێشەمان نە لە وێستگەکان و نە لە دابەشکردنی کارەبا نیە بەڵکو کێشەی ئێمە سووتەمەنییە".

ئەندازیار کامیل قەزاز دەشڵێت: "بۆ وزەی خۆریش، وێستگەیەکمان هەیە کە ساڵێکە کەوتووەتە کار، ١٦٥ مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت و لە کەلار دانراوە، پڕۆژەی هاوشێوەی ئەویش خەریکین لە ناوچەکانی دیکەی هەرێم جێبەجێی بکەین، لە حکوومەتی ناوەندیش تیمێک هاتوون سەیریان کردووە بۆ ئەوەی ئەزموونەکەی ئێمەش بگوازنەوە بۆ خۆیان".

لەبارەی جیاوازی تێچووی نێوان وزەی خۆر و سووتەمەنی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، ئەندازیار کامیل قەزاز دەڵێت: "بەداخەوە، وزەی خۆر بەرهەمهێنانەکەی زۆر نیە و تێچووی سەرەتاییەکەی زۆرە، ناتوانێت جێگای غاز یان ئەو وزەی کارەبایە بگرێتەوە کە بەرهەمدەهێنێت".

لەبارەی راگەیاندراوەکەی حکوومەتی عێراق کە تا سێ ساڵی دیکە ١٢ هەزار مێگاوات لە رێگای وزەی خۆرەوە بەرهەم دەهێنن، بریکاری وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان، ئەندازیار کامیل قەزاز دەڵێت: "راستە کە حکوومەتی عێراق رایگەیاندووە، بەڵام ئایا تا سێ ساڵی دیکە بەرهەمهێنانی کارەباکەی چەندە، رێژەی ئەو ١٢ هەزارە چەند دەبێت لەو رێژە کارەبایەی کە بەرهەمی دەهێنن، دڵنیام رێژەکەی کەم دەبێت، بەجۆرێک ئەگەر لە سەدا پێنج بۆ شەش بێت، ئەوا ژمارەیەکی باشیان بەدیهێناوە، بۆیە مانای ئەوەیە کە وزەی خۆر بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت ببێتە جێگرەوەی سووتەمەنی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لەم کاتەدا و بەم تەکنەلۆژیایەی ئەمڕۆ"
سه‌رچاوه‌: ئاژانسی ئانادۆڵ

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن