"شەوانی فرانکشتاین" بڵاودەکرێتەوە
08:02 - 24/05/2022
کولتوری زەمەن
وەشانی نووسیار، سێ نۆڤلێتی: (سیانەی تارماییەکانی
بیابان) بە ناونیشانی (شەوانی فرانکشتاین)
ی ڕۆماننووس عومەر سەید چاپ و بڵاوکردەوە. ئەم
سێ نۆڤلێتە، لە ڕووی ناوڕۆکەوە، بە دەوری یەک بابەتی سەرەکییەوەیە کە ئەویش پرسی
ئەنفال و جەنگە، لەدەستدانی ناسنامەی مرۆڤ بوون و دواتر بزربوون و سڕینەوەی
کوردبوونە.
نووسەر لە بارەیی کتێبەکەیەوە دەڵێت:
جیا
لەوەی کە هەرسێ نۆڤلێتەکە، لە ڕووی تەکنیک و زمان و گێڕانەوەوە هاوتەریب و
هاوشێوەن. لە ڕووی بابەت و ناوڕۆکیشەوە، هاوشێوەی سێکوچکەیەک، ئازار و پرس و
نامۆیی ئەو مرۆڤەی هەڵگرتووە کە پێی دەوترێت کورد. ئەو خودەی لە ناو شوێنێکی
بزردایە و هاوکات شووناسیشی هەر وابەستەیە بەو شوێنەوە کە فرانکشتاین ئاسا (وەک
چەمکە فەلسەفییەکەی) بەردەوام دەخوڵقێن و یەک تەواو دەکەن و دیسانەوە دەبنەوە
قوربانی یەکتر. پێکەوە هەوڵێکە
بۆ خوێندنەوە و وێناکردنی پرسی ئاڵۆز و
تایبەتی ئەو خودە، لە ڕێگەی خەیاڵ و فەنتازیایی ئەدەبەوە.
پەرەگرافێک لە کتێبەکە:
'' لە مێژبوو
دەیویست نیشتمان لە پەیکەرێکدا بەرجەستە بکات. پەیکەرێک ببێتە هێما و سومبل،
تیایدا هەم ئازارەکانی مێژوو، هەم بەهای ڕۆحی و ئیستاتیکای هەنوکە و ئایندەی گەش
پیشان بدات. لە لایەکەوە جوانییەکانی، شاخی بەرزی هەزار بە هەزار، خەرەندی قووڵ و
دارستانی چڕ، کانی و ئاوی سازگار. سەری بڵند، نیگای پڕ لە سەربەستی. لە لایەکی
تریشەوە، زوڵم و ستەمی دوژمن، سووتان و لەتلەت کردنی، جێ برین و پۆستاڵی چەکمە
بۆرانی داگیرکەرانی بخاتە بەرچاو. هونەرمەندەکە، چەند ساڵێک بوو سەرقاڵی ئەم پرۆژە
گەورەیەی بوو. چەندین کەڕەت ڕۆیشتبووە ناوچەی جەنگە زۆرەکان و گوند و پێدەشتە
سووتاوەکان، بە چیا سەر کەشەکاندا هەڵزنابوو. لە مێرگەوە تا ئاران گوێی نابوو بە
خاکەوە، لە ترپەی دڵی نیشتمانەوە، هەستی بە ئازار و سووتانی کردبوو. بە تولە ڕێی
بزندا سەرکەوتبووە نێو ئەشکەوتی ڕەوەزی شاخەوە، تا پاشماوە و یادگاریی ئاوارەکان
ببینێ. لە ساباتی ئەو بەڕووانەدا پشووی دابوو کە چەندین کەڕەت قەد و سەری گڤیان
سووتا بوو. گوللە تۆپ و دڕکەزی، پارچەی تانک و مووشەکی کیمیاوی کۆکردبووەوە.
دەیویست جەستە و قەبارەی پەیکەرەکە لە خودی ئەو کەرەستانە بخوڵقێنێ کە ڕۆژگارێک،
تا ئێستاش نیشتمانەکەیان پێ وێران و کاول دەکرد. لە خڕکە ئاسنی جەنگ، قەوانی گەورە
و بچووکی تۆپ، فیشەک، سیمی دڕکاوی سنوورەکان دروستی بکات. ''
عومەر سەید:
لە دایکبووی ساڵی ١٩٧٠ شاری کەرکوکە. پێشتر لە بواری شانۆ و ڕۆژنامەگەریدا کاری
کردووە. لە ساڵی" ٢٠٠٥"وە چیرۆک و ڕۆمان دەنووسێت. یەکەم کتێبی کۆمەڵە
چیرۆکێکە بە ناونیشانی (لە کۆتایی چاوەڕوانیدا) کە ساڵی ٢٠٠٩ چاپ و بڵاوکراوەتەوە.
بە گشتی ئەدەبەکەی وێناکردنی ئازار و مەرگی مرۆڤی کوردە لە نێو دۆزەخی ئەنفال و
جینۆسایددا. لە پاڵ کاری نووسین وەک نیگارکێش چالاک و ناسراوە. تا ئێستا خاوەنی
چوار ڕۆمانە.
بەرهەمەچپکراوەکانی
نووسەر:
• بازنە ڕاخراوەکانی بابل - ڕۆمان ٢٠١٠
• سەرزەمینی زیکزیکە -ڕۆمان ٢٠١٨
• ئەسپەرە - ڕۆمان ٢٠١٩
•
ئاشوبی سین و کۆڕی شین - ڕۆمان ٢٠٢٠