2388 کوردستان

زانیاری نوێ: ڕاستی و دروستی دەرگاکەی سەر وێنەکەی مەریخ

05:33 - 17/05/2022

لوقمان حەوێز_ کۆمەڵەی گەردوونناسی تێکساس

لە بەرواری 7 ی ئەم مانگە ئایار، ئاژانسی ناسا وێنەیەکی مۆزایکی گەورەی سەر هەسارەی مەریخی بڵاوکردەوە، وێنەكە زۆر گەورەیە و دەتوانرێت زووم بکرێتە سەر هەموو بەشەکانی هەروەکو زۆربەی وێنەکانی تری ئاژانسی ناسا کە لەڕێگەی گالیسکەی کریاسیتی و پێرسەڤیرەنس ئێستا ڕۆژانە تۆماریان دەکات و بڵاویان دەکاتەوە.



ئەم وێنەیەش بەتایبەتی کە گالیسکەی کریاسیتی گرتویەتی هی ناوچەیەکە کە بە ڕووبەر هەمووی زۆر گەورە نیە و هی گردۆڵەیەکە کە درێژی و پانیەکەی لە چەند دە مەترێک زیاتر نیە، بەڵام لەبەرئەوەی وێنەکە زۆر وردە و بە ڕێزۆڵیوشنێکی زۆر گەورە تۆمار کراوە بۆیە دەتوانرێت بە وردی زووم بکرێتە سەر هەموو بەشەکانی تا ڕادەی سانتیمەتر.

چەند ڕۆژێکە پەیجەکانی سۆشیال میدیا و کۆمەڵێک سایتی نێو تۆڕی ئینتەرنێتیش لە سەرانسەری جیهان، وردەکاری بەشێکی زۆر بچوکی وێنەکە بڵاو دەکەنەوە کە زۆر زووم کراوەتە سەری و لە شێوەی دەرگایەک دەچێت کە داتاشرابێت لەسەر شاخێک، ئەو پەیجانە باس لەوە دەکەن گوایە ناسا دەڵێت ئەمە دەرگایەکە و بەکارهێنراوە و هی بونەوەرەکانی پێشتری سەر هەسارەی مەریخە، لێرە بە پێویستی دەزانم چەند ڕاستیەک لەچەند خاڵێک بخەمە ڕوو سەبارەت بەم وێنەیە و سەبارەت بە دۆزینەوەکان دەربارەی بوون یاخود نەبوونی ژیان لەسەر هەسارەی مەریخ.

ڕاستیەکان:

یەکەم: ئەو بەشەی وێنەکە کە زووم کراوەتە سەری دەرگا نیە، کونیش نیە، تەنیا پارچەکە لێبۆتەوە لەو شوێنە لە بەردەکە کە دیوێکی بە ڕێکی شکاوە، ڕووبەڕێکی زۆر بچوکی سەر بەردەکەشە کە زۆر زووم کراوەتە سەری، پانیەکەی تەنیا نزیکەی 30 سانتیمەترە و بەرزیەکەشی تەنیا 45 سانتیمەترە.


دووەم: هەموو ئەو وێنانەی کە لەڕێگەی گالیسکەی کریاستیتی و پێرسەڤیرەس دەگیرێن زۆر وردن و مۆزایکن واتە دەتوانرێت زۆر زووم بکرێتە سەریان تا ڕادەی چەند سانتمەترێک، گەلێک جار کە زووم دەکرێتە سەریان شێوە و نەخشی نامۆ دەبینرێت وەکو بەردەکانی سەر ڕووی هەسارەی زەوی، لە کۆمێنتدا نەخشەی سەر هەندێک لەو وێنانەتان بۆ دادەنێم، ئەو نەخشانەی سەر بەردەکان هیچ ئاماژەیەک نین بە بوونی ژیان لە ئێستادا یاخود پێشتر لەسەر هەسارەی مەریخ.


سێیەم: تا ئێستا لە هەردوو کەندی Gale.crater و Jzero.crator لەسەر هەسارەی مەریخ کە هەردوو گالیسکەی کریاسیتی و پێرسەڤیرەنسی لێیە و پشکنین دەکەن هیچ جۆرە ئاماژەیک بە بوونی هیچ جۆرە ژیانێک کە ئێستا هەبێت یان پێشتر هەبووبێت لەو دوو شوێنە نەدۆزراوەتەوە، تا ئێستا دڵنیا نین لەوەی ژیانی سەرەتایی واتە ژیانی یەکخانەیی وەکو بەکتریاکان دروست بووبێت پێش ملیارەها ساڵ لەسەر هەسارەی مەریخ یان نا، جگە لەوە پشکنین لەسەر هەزارەها پارچە بەرد کراوە و هیچ جۆرە بەبەردبووێک نەدۆزراوەتەوە ئاماژ بە بوونی ژیان بکات لەسەر هەسارەکە پێشتر یان ئێستا.


چوارەم: بە دڵنیاییەوە تا ئێستا هیچ دۆزراوەیەک یان پاشماوەیەکی ژیان یان بونەوەری زیرەک ئەگەر لەسەر هەسارەکە ژیابێت پێشتر یان سەردانی ئەوێ کردبێت نەدۆزراوەتەوە لەسەر هەسارەی مەریخ.


بە کورتی هەموو ئەو بڵاوکراوانەی دەیبینن سەبارەی بە بوونی ژیان لەسەر هەسارەی مەریخ تا ئێستا هیچ بنەمایەکی زانستی یان بەڵگەیەکیان نیە، لەم ڕووەوە پشکنینەکان بەردەوامن، دڵنیا بن هەر زانیاریەکی دروست و نوێ هەبێت لەم ڕووەوە من یەکەم کەس دەبم بۆ ئێوەی بەڕێزی بڵاودەکەمەوە.

ئەمەش بەستەری وێنەی مۆزایکەکەی ناسایە کە زووم کراوەتە سەری:

http://www.gigapan.com/gigapans/229311?fbclid=IwAR3MQJO0LcIjx1hTYC9JJE3GQElpQDndCRhWsH82syvqNBwD2O0v5brvX9Q

 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن