139 جیهان

لەناو مارکێتێکى نیویۆرک تەقە کرا و ١٠ کەس کوژران

11:45 - 15/05/2022

زەمەن_جیهانى


رووداوێکی تەقەکردن لەناو مارکێتێک لە شاری بوفالۆ سەربە ویلایەتی نیویۆرک رۆژهەڵاتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کوژرانی١٠ کەسی لێکەوتەوە.


سەرۆکی شارەوانی بوفالۆ، بایرۆن بروان ئاماژەی بەوە کرد کە لە رووداوەکەدا، ١٠ کەس کوژروان و سێی دیکەش برینداربوون.

لەنێو کوژراوەکاندا چوار کەس هەن کە لە مارکێتەکەدا کاریان کردووە، لەگەڵ پۆلیسێکی خانەنشین کە لە مارکێتەکەدا کارمەندی ئەمنیی بووە و هەوڵیداوە رووبەڕووی ئەنجامدەری هێرشەکە ببێتەوە.

ئاماژە بەوە کرا کە ئەو کەسەی تەقەی کردووە، کوڕێکی سپیپێستی ١٨ ساڵان بووە بەناوی پایتۆن جێندرۆن.

گەواهیدەرانی رووداوەکە باس لەوە دەکەن کە پایتۆن جێندرۆن جلوبەرگی سەربازیی و گولـلەنەبڕی پۆشیبوو.

بەرپرسانی شارەکە باس لەوە دەکەن لە کۆی ١٣ کەس کە لە دەرەوەی شارەکە هاتوونەتە شاری بوفالۆ و بوونەتە ئامانجی پایتۆن جێندرۆن و ١١یان رەشپێست بوون.

هەروەها بەرپرسان باسیان لەوەیش کرد کە پایتۆن جێندرۆن بە چەکەوە چووەتە مارکێتەکە و تەقەی کردووە، لەبەرئەوە رووداوەکە رەگەزپەرستییە و دەست بە لێکۆڵینەوە کراوە لە تاوانی رق و کینە سەبارەت بە هێرشەکە.

تۆمەتبارەکە هێرشەکەی بەشێوەیەکی راستەوخۆ لە تویتەر پەخش کرد، دواتر دیمەنەکانی لە تویتەر سڕدرایەوە.

سەرۆکی داواکاری گشتیی ناوچەی ئێری کاونتی، جۆن فلین لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوە کرد کە تۆمەتبارەکە بە پلەی یەکەمی تاوانی کوشتن لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت، ئەگەر لەسەری ساغ ببێتەوە سزای بەندکردنی هەتا هەتایی بۆ دەردەکرێت.

جۆن فلین ئەوەشی خستەڕوو کە لێکۆڵینەوەی تیرۆریشیان لەبارەی هێرشەکە ئەنجامداوە.

پایتۆن جێندرۆن کە رووبەڕووی دادگا کرایەوە و تۆمەتی ئەنجامدانی کوشتنی پلەی یەکەمی بە ئەنقەستی قبوڵ نەکرد، بۆ جاری دووەم لە کاتژمێر ٠٩:٣٠ی ١٧ی ئایاردا دەبرێتەوە بەردەم دادگا.

پۆلیس لێکۆڵینەوە لەو مانیفێستە دەکات کە لە ئینتەرنێت بڵاوبووەتەوە و پێدەچێت هی ئەنجامدەری هێرشەکە بێت.

بەگوێرەی راگەیاندنی ئەمریکا، مانیفێستەکە کە ١٨٠ لاپەڕەیە و پێدەچێت لەلایەن هێرشبەرەکەوە نووسرابێت، تیایدا ئاماژە بەوەکراوە کە "دەستەبژێرە سیاسییەکان، کۆچبەران و سیاسەتی دیکە بەکاردەهێنن بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی سپیپێستەکان، هەروەها تۆمەتبارەکە پلانی هەبووە زۆرترین رەشپێست بکوژێت''.

لە مانیفێستەکەدا دەستدرێژکار خۆی بە "فاشیست، باڵادەستی سپیپێست و رەگەزپەرست" ناوزەند کردووە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن