کەلتور

بەرھەمھێنانی ھیچوپوچی

08:17 - 19/01/2022 154 جار خوێندراوەتەوە

د.هەڤین کەمال

 

 
ئایا دەزانیت لەم دواییەدا،  لەزۆربەی وڵاتان بەگشتی و  بەتایبەتر لە ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کەنەدا و وڵاتە ئەوروپیەکان، تەختەی ئاگاداری ھەڵدەواسرێت لەشوێنە گشتییەکاندا، کەتیایدا نوسراوە:
( تکایە،  گەمژەکان چیدی بەناوبانگ مەکەن!)
"Stop making stupid people famous"

مانای ئەوەیە؛ چیدی گەمژەو ھیچوپوچەکان بەناوبانگ مەکەن و مەیان کەن بە ڕووکار بۆ کاری کۆمەڵایەتی و ڕاگەیاندن.
ئەگەر بێین و چاوێک بە پێگە و ئەکاونتی کەسە ناودارە تازەکانی سۆشیاڵ میدیا بخشێنین، دەبینین  ھەمووی لەسەر یەک بنەما دامەزراوە،  ئەویش بەرھەمھێنانی ھیچوپوچیە!
فەیلەسوفی کەنەدی نوێخواز "ئالان دۆنۆ" پەرتوکێکی زۆر باشی ھەیە لەسەر ئەم بابەتە، کە بەناوی "سیستەمی ھیچوپوچی" یە.
سیستەمی ھیچوپوچی؛  ئەو سیستەمە کۆمەڵایەتییە،  کەتیایدا کەسانی گەمژە و بێ فکر و ھۆش، دەتوانن دەست بەسەر گرنگترین کایەکانی ژیانی کۆمەڵگادا بگرن،   وەبەپێی ئەوەش پیاھەڵدان و ستایشکردن بۆ  ھیچوپوچی و گەمژەیی دەبێت لەبری کاری ڕژد و جدی و جوان ."
پەڕتووکەکەی ئالان دۆنۆ لە چوار بەشی سەرەکی پێکدێت کەباس لەچوار بابەتی زۆر گرنگ دەکات، کەلێرەدا بەکورتی باسیاندەکەم.

گۆڕانی  پیشە " craft" بۆ ئیش "job "
لێرەدا نوسەر باس لەو گۆڕانکارییە دەکات،  کە  سیستەمی سەرمایەداری بەسەر  چەمک و کۆنسێپتی " کار"یدا ھێناوە لە کۆمەڵگادا،  سیستەمی  سەرمایەداری  مرۆڤ دەکات بە ئامێرێک بۆ  وەبەرھێنانی زیاتر و  پتەوکردن و بەردەوامبوونی ڕژێمە ئابوورییەکەی، ھەربۆیە پیشە کە بنەماکەی حەز و پسپۆڕی و شارەزایی و داھێنانە، دەگۆڕێت بۆ ئیش یاخود کار کە ئامانج لێی دەستکەوتنی بژێوی ژیانە و بنەماکەی دەستکەوتنی سەرمایەیە!
ھەر بۆیە پێت سەیر نەبێت ئەگەر کتێبفرۆشێک ببینیت کەخوێنەر نەبێت، چونکە لێرەدا ئامانج تەنھا پارەو بژێوی ژیانە.

لە ڕۆشنبیرەوە بۆ  پسپۆڕ

لێرەدا ئەم فەیلەسوفە کەنەدییە پەردە لە ڕاستییەکی دڵتەزێن ھەڵدەداتەوە، ئەویش ئەوەیە تەنانەت ئەو بوارانەی  کە پێشبینی دەکرێت  لەبەرەی دژ بە ھیچوپوچی و خراپەکاری بن،  وەک بواری خوێندن و پەروەردە لەپێش ھەمووشیاندا زانکۆکان، بوون بە کایەیەکی سەرەکی لە سیستەمی ھیچوپوچیدا کەلە ئێستادا لە ژێر سێبەریدا دەژین.  زانکۆکان لەبری ئەوەی  ڕۆشنگەری پەرەپێبدەن لە کۆمەڵگادا و کۆمەڵێک ڕۆشنبیر و  ڕەخنەگر و لێکۆڵەڕمان بۆ بەرھەم بھێنێت کە ئیش لەسەر کێشەکانی کۆمەڵگا و بابەتە فکری و زانستییەکان بکەن، دەبێتە شەتڵگا بۆ  کۆمەڵێک پسپۆڕ یاخود بەناو پسپۆڕ  کە کاریان  پێدانی شەرعیەتە بۆ ھەرشتێک کە سیستەمی سەرمایەداری پتەوتر بکات، ھەروەک" ئیدوارد سەعید" دەڵێت: (پسپۆڕ ئەو کەسەیە کە پارەی دەدرێتێ بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی تایبەت بیربکاتەوە!)
ھەر بۆیە دەبینیت مامۆستای زانکۆیە بەڵام گاڵتەی بە  کاریگەری خراپی گۆڕانی کەش و ھەوا دێت، یاخود نکۆڵی لە زیانە تەندروستیەکانی جگەرەکێشان دەکات.
سیستمی ھیچوپوچی یانی کشانەوەی بیری قووڵ و تێڕامان بۆ شتەکان و ڕێگاخۆشکردن بۆ ستیرۆتایپ و  کاری سادە و دووبارەکراو.
ساڵانە زانکۆکان  ڕێژەیەکی زۆر  دەرچوویان ھەیە کە لەڕووی تەکنیکی و پراکتیکەوە پڕن، بەڵام لە ڕووی فکر و ئایدۆلۆژیاوە بۆشن، ناتوانن مامەڵە بکەن لەگەڵ کێشە فەلسەفیی و بیردۆزە قوڵەکاندا.

جیھانی بازرگانی  و ئابووری : دڵی سیستەمی ھیچوپوچی

دۆنۆ زۆربەی بیردۆزە ئابوورییەکان ڕەتدەکاتەوە،  ئەو بیردۆزانەی کە دەڵێن؛  بازاڕ چەند گریمانەیەکی عەقڵانی و لۆژیکی ئاراستەی دەکات،   بۆ ڕەتکردنەوەی ئەمەش ئەو گۆڕانکارییە لەناکاوانەی زیرەکی دەستکرد و ئەلگۆڕیتمەکان بەرپایدەکەن،  بەنموونە دەھێنێتەوە. 
وە ئەو بیردۆزانەش بە درۆ دەخاتەوە کە دەڵێن ؛ سەرمایە لەسەرەوە بەرەو خوار دێت، واتە؛ کاتێک سەرمایەدارەکان سەرمایەیان زیاتر دەکات، ھەنگاوی دووھەم دابەزینی سەرمایە و دەوڵەمەندییە بۆ چینی مامناوەند.
ئەوەی کێشەکە زیاتر گەورە دەکات ئەوەیە؛   تەنانەت ئەو کۆمیتە و ڕێکخراوانەی کە ئامانج لەدروستبوونیان بەرپەرچدانەوەی سیستمەکەیە، دەکڕێن و ڕامدەکرێن  لەبەرژەواندی کۆمپانیا و سەرمایەدارە زەبەلاحەکان و دەبن بە بەشێک لە سیستمەکە.

گۆڕانی ھونەر و ڕۆشنگەری بۆ پیشەسازی

سیستمی سەرمایەداری جێدەستی دیارە بەسەر ئەم بوارەشەوە وەکوو ھەموو بوارەکانی دی، ، ھەر بۆیە دەبینین کە فلیم و دراما بێ ماناکان جێگای کارە ڕاستەقینە ھونەرییە  مانابەخشەکانیان گرتۆتەوە،   کچە مۆدێل و ڕاگەیاندنکارە بێ ئەزموونەکان جێگای ھونەرمەند و شانۆکار و ڕاگەیاندکارە ئەکادیمیەکانیان گرتۆتەوە.  بەگەمژەبوون  ناوەڕۆکی سەرەکی زۆربەی ئەو  کارانەیە کە ناویلێدەنرێت ھونەری.
بازھەڵبدە، جووڵەی بێمانا ئەنجامبدە، ھاواربکە
جنێوفرۆشبە، دەنگی سەیر و ڕەفتاری سەیرتر بکە
قسەی بێ ناوەڕۆک و بێسوود بڵێ
دڵنیابە بەناوبانگ دەبیت و فۆلوەرت زیاد دەکات و لەگەڵیشیدا چەپڵە لێدەرەکانت زیاددەکەن و بەمەش دەوترێت ھونەر کە جێگای ھونەری ڕاستەقینە دەگرێتەوەو چیدی ڕۆشنبیر و ھونەرمەندە ڕاستەقینەکان نموونە نابن بۆ کۆمەڵگا و نەوەی نوێ،  کچە مۆدێل و پاڵەوانی لایڤەکان دەبنە ڕەمز و نموونە!

چیبکەین بۆ ئەوەی قوتار بین لە سیستەمی ھیچوپوچی؟!
ئالان دۆنۆ،  بەکورتی پێماندەڵێت : "  ئێمە لەژێر سێبەری ئۆلیگارشی(تاقمڕەوی) و پلۆتۆکڕاتی ( دەسەڵاتی دەوڵەمەندەکان)دا دەژین، نەک لەژێر سایەیی سیستەمێکی دیموکراتی،  کە ھەموو بیروڕاو بەرژەوەندییەکان لەخۆبگرێت، ھەر بۆیە لە ئێستادا ھەموو حکومەت و پەرلەمانە ھەڵبژێراوەکان، تەنیا ڕووپۆشێک و ماسکێکن بۆ کۆمپانیا و سەرمایەدارە زەبەلاحە ھیچوپوچەکان، کە ژیانی ھەموو ھەڵدەسوڕێنن.
بە ڕای ئەم فەیلەسوفە کەنەدییە، دەربازبوون لەم سیستەمە تەنیا بە کۆمەڵ و بیری ڕادیکاڵ دەبێت،  بۆ گۆڕینی ھەموو ئەو دامودەزگایانەی کە خزمەت بە سیستەمەکە دەکەن و دژ بە بەرژەوەندی گشتیین،  دەنا قوتاربوونی تاک ھیچ شانسێکی ئەوتۆی لەبەردەمدا نییە.
نوسەری فەرەنسی بەڕەگەز چیکی " میلان کۆندێرا" لە ڕۆمانێکیدا بەناوی " ئاھەنگی ھیچوپوچی" لەسەر زمانی یەکێک لە کارەکتەرەکان دەڵێت : ( لەدێر زەمانەوە تێگەشتین کە ناتوانین ئەم جیھانە قڵپکەینەوە، یاخود بیگۆڕین بۆ جیھانێکی باشتر، یاخود ئەم ڕۆشتنە بەخوڕە غەمناکەی ڕابگرین، ھەر بۆیە تەنیا بەرھەڵستییەک لەدژی ئەوەبوو؛  کە زۆر بەڕژدی وەرینەگرین و خوو بدەینە ھیچوپوچی."

 

 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن