مارف عومەر گوڵ.. پۆرترێتێکی بچووک
08:42 - 15/01/2022
خالد سلێمان
شاعیرو نوسەرو ئەکادیمیست، مارف عومەر گوڵ، لەو کەسانە بوو، دەبوایە لە چرکەساتی خەم و خۆشیدا، پێی بڵێی بوەستە با وێنەیەکت بگرم، چونکە شاعیریانە دڵخۆش دەبوو، دڵتەنگیەکەشی هەر شاعیرانە بوو. ئەو ساڵانێک لە دنیای شیعر دوورکەوتەوەو ئەنفال پەلکێشی کرد بۆ ناو سەرچاوە ئەکادیمییەکانی دنیا لەسەر جینۆساید، بەتایبەتی لەڕووی یاسای نێودەوڵەتیییەوە، بەڵام بەردەوام وەک شاعیر دەجوڵایە، تەنانەت لە مومارەسەی سیاسیشدا هەر شاعیر بوو.
ساڵی ٢٠١٠، مارف عومەر گوڵ، وەک کاندیدی خولێکی پەرلەمانی عیراق، لەدیبەیتێکدا لەگەڵ کاندیدێکی تردا، کەوتە ناو دنیایەکی سەیرەوەو دووای دیبەیتەکە، زۆر دڵشکاو دەرکەوت. کاندیدەکەی بەرامبەری بەشێوەیەک قسەی لەبەرامبەر (گوڵ)دا کردبوو، وەک ئەوەی نەزانێت کە ئەو لە هەشتاکاندا نێرگزی ئەدەبی لە کەرکوکدا دەچاند، بەگفتی دۆست و دوورە دۆست، مرۆڤێک بوو لە ڕاستی و ڕاستبێژیی.
کاندیدەکەی بەرامبەر ئەمانەی دەزانی بەڵام لە چرکەساتی دیبەت و خەونی گەیشتن بە بەغدا، دڵی مارف عومەر گوڵی شکاند. لە دانیشتنێکی نێوانماندا، دووای سەعاتێک لە ئەنجامدانی دیبەیتەکە، گوڵ زۆر دڵشکاو دەرکەوت، چونکە بەرامبەرەکەی هیچ حیسابێکی ئەدەبی و ئەکادیمی و ئەخلاقی بۆ پێگەی ئەم نەکردبوو. توانای ئەمیش لە بەرامبەر جۆش و خرۆشی پۆپۆلیسیتینانەدا، تەنها دڵشکان بوو.
***
لە کۆتای ساڵانی نەوەدەکاندا، بە رێککەوت لە شامی پایتەختی سوریا دکتۆر مارف عومەر گوڵم ناسی. لە بەلجیکاوە دەگەڕایەوە بۆ کوردستان، ڕێککەوت لە شوێنێکدا کۆکردینەوە، پێشتر لە گۆڤارێکدا وێنەیەکیم بینیبوو، پێشتریش بەساڵانێک لە گۆڤاری نێرگزدا هەندێ تێکستی شیعریم خوێندبوەوە. لێم پرسی کە ئەگەر ئەو مارف عومەر گوڵ بێت؟ زۆری پێ سەیر بوو کەسێک لە شام ئەو پرسیارەی لێبکات، بەبەڵێ وەڵامی دامەوە، بەڵام ئیتر ئەو کەوتە پرسیارکردن و ئیتر کەوتینە ناو قسەوباسێکی زۆرەوە. بەڕاستی تاکە پەنجەرەی من بۆ ناسینی گوڵ، ئەو تێکستە شیعریانە بوون کە لە ژمارەکانی گۆڤاری نێرگز خوێندبومنەوە، بەڵام بیرخستنەوەی گۆڤارەکەو ئەو تێکستانە، ئەویان گەڕاندەوە بۆ شاعیرێک لە هەڕەتی لاوێتیدا. ئەو ڕۆژەی شام وردەکاری زۆری تیابوو، گەڕان و بەسەرکردنەوەی شوێنەکان و گۆرانی مەستی.. ئەوەش چرکەساتێک بوو، دەبوایە پۆترێتێک هەبێت، دڵخۆشییەکەی مارف گوڵ بهێڵێتەوە.