713 کەلتور

شنەبای ئەڤین....

10:17 - 13/01/2022


٭ جەمال حەمید

 

من و تۆ لە کیشوەرێکداین،
لە ژێر سەقفی ئاسمانێکدا،
لە نیشتمان و شارێکداین،
لە کوچە و لە کۆڵانێکداین!
 کەچی  لێمان قەدەغەیە یەک ببینین !
 کەچی بەپێیی" فەتووای واعیز"
چونکە عاشقین، بێ دینین !
٭٭

باوەڕدارێک
چەند ئایینەکەی خۆی
خۆشدەوێت !
منیش، هێندە تۆم خۆشدەوێت !

٭٭

خۆمن ئەوەندە،
ئەوم خۆشدەوێت!
 ژیرییی لێ سەندووم،
کردوومی بە شێت !
٭٭
ئای نازەنینم!
ڕۆژانێک هەبوو،
تۆم لەناو دڵدا، تووند کڵۆم دابوو!
 کلیلەکەیشم، هەربەخۆت دابوو !
٭٭
ئای نازەنینم!
کووان، ئەو دوو چاوەی،
یەکێکیان پڕبوو
لە عیشق و ئەڤین !
 ئەوی دیکەشیان، تژی لە ئەسرین !؟
٭٭

لەوەتەی منی لە یاد کردووە
پەژارە، 
ژووری خوێندنەوەکەمی، داگیر کردووە !
دوای ئەو،
دڵی من، چەشنی باخێکە،
هەردڕکوداڵی، تێدا شین دەبێ!
دوای ئەو،
من دڵم، بەهەموو شتێک،
تەنگ و پەست دەبێ..!
٭٭
 پشکۆی خۆشەویستی ئەوم
هەمیشە، گەش ڕاگرتووە،
هەتا بە خاکم دەسپێرن،
یادی لەدڵما زیندووە !
٭٭

لە دواین ماڵئاواییدا،
گوتی: خۆزگە من دەمردم!
ملی ڕێگەی سەفەرم گرت
نەئەو  مرد و نەمن مردم !
٭٭

١٣ی ژەنیوەری2022

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن