كتێبی ڕەش و کۆتا مرۆڤی سپی
08:26 - 21/12/2021
نەجات نوری
ئیستانبوڵ وەك چۆن خوێنەرەكانم هەستیان پێ كردووە، بە هەمان شێوە بە ڕیسوایی دەژیا.تاكە ڕێگەیەك مرۆڤ بتوانێت لێوەی ببێت بە خۆی ئەوەیە، پێویستە ببێت بە كەسێكی تر یاخود لەناو چیرۆكی كەسێكی تردا ون ببیت.
(كتێبی ڕەش) ڕۆمانێكی(ئورهان پاموك)ە و (سامان كەریم) لە توركییەوە لە نێوان 644 لاپەڕەدا وەری گێڕاوە. ئەم دەقە دەتباتەوە بۆ سەر باوەڕو بیری زۆر لەو نوسەرانەی كە لایان وایە دونیا و شار ڕەشاییەكە زۆر مرۆڤ ناتوانێت تێیدا بژی، تەمەن كتێبێكی ڕەشە تێیدا جگە لە مەینەتی ئیتر بەهیچ ناگەین. بۆ پاموك هەم شار و هەم ژیان ڕەشاییەكە تێیدا یەكە یەكە ون دەبین، لەگەڵ خۆماندا چیرۆك و یادەكانمان دەبەین و لەو ڕەشاییانەدا بۆ هەمیشە ناگەڕێینەوە، دەبێت مرۆڤ لە سەردەمی خۆیدا بیر لە خۆی بكاتەوە، تا لە گەروی شارە جەنجاڵ و لەناو هەزاران مرۆڤدا ون نەبێت، بەڵام لەلای پاموك مرۆڤ و شار پێكەوە ون دەبن، لەیەك یاخی دەبن، یەكتری تێكدەشكێنن، بەیەك ناگەن، ئەمە تا ئەو كاتانەی كە شار كۆنی و سیمای ڕابووردووی خۆی لە دەست دەدات و بە خێرای گەشەدەكات، ئیتر هەموو حیكایەت و وێنەكۆنەكان و كۆڵان و شەقام و گازینۆكان و چیرۆك و یادەكانی جاران لەگەڵ خۆیدا دەباتە ناو وێنە تازەكانی خۆیەوە و بە فەرامۆشیان دەسپێرێت، ئیستانبوڵ بۆ پاموك دەكاتە شارێك لەم دەقەدا كە بە خێرایی گەشەدەكات، ئیتر هەموو بەها جوانەكانی كۆنی خۆی دەكاتە قوربانی بەها نوێیەكان و تێیدا مرۆڤ خراپ ون دەبێت ونبوونێك كە دەتباتە سەر ڕێگاكانی مەرگ و بەدخویی و تاوان و كێشمەكێشمە گرانەگانی ژیان. بۆ پاموك لە ناو بەهای كۆن و كۆڵان و ماڵی كۆندا مرۆڤ دەتوانێت ئاشنای خۆی و خەڵكی تریش ببێت، دەتوانێت ئازادانە بژی و فێری عەشق و جوانی و نووسین ببێت، هەموو كەسێك چیرۆكی خۆی دەبێت، هەموو پرد و درەخت و مەل و كۆڵان و شەقامە كۆنەكان حیكایەتی خۆیان دەبێت. لەم دەقەدا لە هەر لاپەڕەیەكدا لەگەڵ گەڕانەكانی (غالب)دا بۆ دۆزینەوەی (ڕویا)یی هاوسەری و جەلالی هاوڕێی دا كە گۆشە نووسێكی بەناوبانگە، تووشمان دەبێت بە تووشی ئەو چیرۆكانەوە كە دەمانبەنەوە بۆ قووڵایی ئیستانبوڵی كۆن و سەردەمەكانی تریش، لای پاموك بەو چیرۆكانەوە مرۆڤ مرۆڤە، بۆ هەر یەكەیان بیرێك و تێڕامانێكی قووڵ هەیە، ئاوڕدانەوەیەكی جدی هەیە بۆ كۆنی شتەكان، گەڕانەوەیە بۆ بەهای ئەو مرۆڤ و كەرەستانەی كە لەو چیرۆكانەدا دەردەكەون. مرۆڤ كاتێك كە خۆیی و دۆست و هاوڕێكانی لەگەڵ نوێگەریدا وندەكات، ئیتر وردە وردە لە ژیاندا دەمرێت، هیچی بۆ ژیان پێ نامێنێت، ئەوەی وادەكات لەگەڵ بوونی تازەگەریدا ون ببیت هەر خۆت نیت بە تەنیا، بەڵكو ناوەخنی نووسینەكان و شار و خەڵك و خزمەكانیشت ون دەبن، دەبنە شتی بێ نرخ و هەموو ڕۆژێك بەشێك لە ڕۆح و گیانیان لە دەست دەدەن. مرۆڤ بەهای خۆی لەگەڵ شارە نوێیەكاندا دەدۆڕێنێت، بۆ هەندێك مرۆڤ بۆ ئەوەی ون نەبن، دەبێت ببنە كەسانی تر، وەكو چۆن غالب لەم دەقەدا وەها دەژی كە بۆتە ڕۆحی جەلال، بۆتە نووسەری گۆشەكەی ئەو، ڕێك جەلال خۆیەتی نەك كەسێكی تر، دەبێت بە ئەو بێ كەم و زیاد تا هەر دووكیان نەمرن و بتوانن چیرۆكەكان بگێڕنەوە، بەرگەكانی ئەو دەپۆشێت، لە ماڵی ئەودا دەژی، یان دەبێت ببیتە پاڵەوانی چیرۆكی كەسانی تر، بەمە مرۆڤ دەبێتە ئەو كەسەی كە دەتوانێت خۆی لە ون بوون ڕزگاربكات چونكە ژیان كتێبێكی ڕەشە ئەگەر زوو بە فریایی خۆت نەكەویت تێیدا ڕەشایی ڕاتدەماڵی...
تاكە ڕێگەیەك مرۆڤ بتوانێت لێوەی ببێت بە خۆی ئەوەیە، پێویستە ببێت بە كەسێكی تر یاخود لەناو چیرۆكی كەسێكی تردا ون ببیت.
ئەم دەقە لە هەر بەشێكدا دەتباتە ناو دونیایی ئەو مرۆڤە ون بووانەوە كە هەریەكە دەیان چیرۆكی ون بووی خۆیان هەیە، دەبێت درەنگ یان زوو لەگەڵ هەموو نوێگەریەكدا بگێڕدرێنەوە تا نەبینە قوربانی بەها پڕوپووچەكانی شار و بیروباوەڕە نوێیەكان، تا مرۆڤە نا بچووك و نەزانەكان نەمان كوژن لە پێناو شتی پووچدا. بەو چیرۆكە كۆنانە مرۆڤ لە گەروی ژیانێكی ڕەشدا دەكرێ سپێتی خۆی بپارێزێت، ئەوە نووسینەوەی ئەو چیرۆكە ون بووانەیە كە وا دەكەن لە قووڵایی كتێبێكی ڕەشدا هەست بە دڵنەوایی بكەین.
• كتێبی ڕەش ڕۆمانی ئورهان پاموك
• سامان كەریم لە توركییەوە وەری گێڕاوە. 644 لاپەڕەیە.
• لە بڵاوكراوەكانی ناوەندی ڕۆشنبیری ڕەهەند 2021 .