602 عیراق

كۆمسیۆن به‌ فه‌رمی ئه‌نجامی كۆتایی هه‌ڵبژاردنی راگه‌یاند

05:28 - 30/11/2021

"زه‌مه‌ن"

جەلیل عەدنان سەرۆکی ئەنجومەنی کۆمیسیاران لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق، ئەنجامە کۆتاییەکانی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی کە لە ١٠ی مانگی تشرینی یەکەمی رابردوو بەڕێوەچوو، رایگەیاند.

جەلیل عەدنان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەدا کە لە ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە ١٠ی مانگی تشرینی یەکەمی رابردوو بەڕێوەچوو، ٢٢ ملیۆن و ١١٦ ھەزار و ٣٦٨ دەنگدەر مافی دەنگدانیان ھەبوو.


راشیگەیاند کە لە ھەڵبژاردنەکاندا، نۆ ملیۆن و ٦٢٩ ھەزار و ٦٠١ دەنگدەر دەنگیان داوە کە دەگاتە ٤٤ لەسەدای کۆی گشتیی دەنگدەران و گوتی: "بەپێی یاسا، پابەندبووین بە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنەکان".

وتیشی: "ژمارەی دەنگە راستەکان لە ھەڵبژاردنەکاندا، گەیشتووەتە ھەشت ملیۆن و ٨٧١ ھەزار و ٦١٢ دەنگ کە ئەوەیش دەگاتە ٩٢ لەسەدای کۆی گشتیی دەنگدەران، ھەروەھا ئەو دەنگانەیش کە لە ھەڵبژاردنەکاندا پووچەڵکراونەتەوە، گەیشتووەتە ٧١٢ ھەزار و ٩٧٩ دەنگ کە دەگاتە ھەشت لەسەدای کۆی گشتیی دەنگدەران".

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبوکراونەتەوە، دوای پەسەندکردنی ژمارەیەک لە تانەکان، بەبڕیاری دەستەی دادوەریی ھەڵبژاردنەکان، شەش ھەزار دەنگ لە ژمارەیەک وێستگەی ھەڵبژاردنەکاندا، ھەڵوەشێندراونەتەوە.


بەپێی زانیارییەکان دوای ئەنجامدانی پرۆسەی دووبارە ژماردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان بەدەست بۆ وێستگە تانەلێدراوەکان، گۆڕانکاری لە شەش کورسی ئەنجومەنی نوێنەران روویداوە.

گۆڕانكارییه‌كان به‌مشێوه‌ بوون؛

کاندیدی ھاوپەیمانیی عەزم، خالید عوبێدی لە بری کاندیدی ھاوپەیمانیی عەقدی نیشتمانیی، عەباس حوسێن ساڵح لە بازنەی شەشی بەغدا دەرچووە، ھەروەھا کاندیدی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ھەرێم کەمال ئاغا لە بری کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەیلا ئەکرەم سەعید لە بازنەی سێی ھەولێر دەرچووە و کاندیدی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، رۆنزی زیاد سیدۆ لە بری کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان، عەبدولسەلام شەعبان بەرزنجی لە بازنەی دووی نەینەوا دەرچووە.

ھەروەھا کاندیدی ھاوپەیمانیی فەتح، غەریب عەسکەر ناجی لەبری کاندیدی بەرەی تورکمانی، سەوسەن عەبدولواحید شاکر لە بازنەی دووی کەرکووک دەرچووە و کاندیدی ھاوپەیمانیی فەتح، ھاشم شناوە لە بری کاندیدی سەربەخۆ، ھەیسەم عەبدولجەبار لە بازنەی چواری بەسرە دەرچووە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن