کەلتور

دیمەنی شەشەم

06:09 - 28/11/2021 466 جار خوێندراوەتەوە

گۆران سەباح-کولتوری زەمەن
کورتە چیرۆک


خەریکی شەتداونی مێشکی بوو. 
چاکەتەکەی فڕێ دا گۆشەیەکی ژوورەکەی. هەناسەیەکی قووڵی هەڵکێشا. ڕیباتەکەی تووند بە دیوار دادا. کراس و پانتۆڵەکەی فڕێ دا لایەکی تر. هەناسەیەکی تری هەڵکێشا. بە جلی ژێرەوە خۆی هەڵدا سەر سیسەمەکە. پەنجا چرکەی وێنەچوو، هەستا پەردەکەی داداوە، هەتاوی عەسرێکی درەنگ بێزاری دەکرد. دیسان خۆی هەڵدا سەر سیسەمەکە. لەسەر سک ڕاکشا و دەستێکی هاوێشتە سەر چاوەکانی بۆ ئەوەی تەواو تاریک بێت.
دیمەنەکانی ئەو ڕۆژەی یەک بە یەک لە مێشکی لێ دەداوە و پاشان دیلیتی دەکردن. خۆی فێری ئەو پڕۆسەیە کردبوو، پێی باشترین ڕێگە بوو بۆ زوونووستن. تەنانەت بۆ سەرخەوێکی چارەگی دوای دەوامیش.
دیمەنی یەکەم: لە زانکۆ وانە دەڵێتەوە، دەبینێ وا قوتابییەک خەریکی سناپچاتە. مۆبایلەکەی لێ وەردەگرێت و دەمێک باسی قوتابی ئەو زەمانەی دەکات. قوتابییەکە سوور دەبێتەوە.
هەناسەیەکی هەڵکێشا و دیلیتی کرد.
چووە سەر دیمەنی دووەم، بەڵام ئاوازی (خوایە وەتەن ئاوا کەی . . . ) پچڕاندی. هەستا دانیشت و لەبەرخۆی گوتی، "بەخوا فێرە شتێکی قۆڕ بووینە ئەو غازفرۆشانە، غێر حسابی ئەوە دەکەن بابایەکی وکی من دەیەوێت تۆزێک ببۆرژێت. باشە ئەو مۆسیقایە لۆ ئەوها تیژ و ناخۆشە؟ پەککو، لە ناو مێشکت دەچەقی. دەگ عەمری خۆتان و وەتەنیشتان نەمینێت."
 چەند هەناسەیەکی هەڵکێشا تا غازفرۆش لە کۆڵانەکە ڕەت بوو.
دیمەنی دووەم: لە زانکۆ دەچێ میز بکات. لەبەر بۆنەکەی و پیسیی ئاودەستەکە، ئاگای لە خۆی نامێنێت و زنجیری لە گونی گیر دەبێ. زۆر دێشی. بەو سەرمایە ئارەقە دەکات. لەبەرخۆی دەڵێت، "ئەو پیسییە ڕەنگدانەوەی مێشکی ئەو میللەتەیە."  
ئەویشی دیلیت کرد.
دیمەنی سێیەم هات. زەنگێک لێی دا. چاوی تووند گرت و خۆی لە گێلی دا. لە دڵی خۆیدا گوتی، "دەرۆزەکەرەکانن، ئێستە وەل دەبن". پاش زەنگی سێیەم هەڵدەستێت، لە مەتبەخ دەوەستێت، ئێ خۆ بە فانیلەی عەلاگە و شۆرت دەرگە ناکاتەوە. دەگەڕێتەوە، تەماشایەکی جلەکانی دەکات. تاقەتی نییە ئەوانە لەبەر بکاتەوە. خاولییە زەردەکەی بە دەلاقەوەیە، بەیانی دوای خۆشووشتن بەکاری هێنابوو. ئەو لەبەر دەکات و بە دەم ڕێوە گرێیەکی لە ناوقەدی دەدات.
دەرگەی کردەوە. کافر بوو کاتێ کچێکی ڕوواڵ لە موحەجەبەیەکی ڕەشدا پێی گوت: "خاطر اللە . . . "
باوێشکێکی هاتێ. ئەوەی بە بیردا هات: "ئێستە نەیبەیە ژۆرێ."
"لا حول ولا قو. . . اللە ینطیک."
بە پرتەپرت هاتەوە ژوورێ. خاولییەکەی فڕێ دا. هەناسەیەکی قووڵی هەڵمژی و دایەوە. چۆوە سەر سیسەمەکە.
دیمەنی سێیەم: قاتلەبەرێک دێتە ئۆفیسەکەی.
" دکتۆر، سەرۆکی زانکۆ داوات دەکات،" قاتلەبەر وای پێ دەڵێت.
 "سەرۆک ئەمنی لۆ چییە، چ ئیشی هەیە؟"
 "ناتوانم پێت بڵێم."
"دە باشە، ئەوە ئەمنیش نایەم. بڕۆ ئەو های پێ برێ، دەی."
 قاتلەبەر لموزی بڵند کرد و ڕۆیشت. ئەویش لەبەرخۆی گوتی، "عەمری خۆت و سەرۆک زانکۆ و خاوەن زانکۆ و وەزارەتی خوێندنی باڵاشت نەمینێت، باشە."
دیلیتی کرد.لە کاتی دیمەنی چوارەمدا، پشیلەکەی دەستی بە میاواندن کرد. کەمێک خۆی لە گێلی دا، دیمەنی چوارەمی پێ لێ نەدراوە. هەستا چووە مەتبەخ. سەلاجەکەی کردەوە، سۆسجێکی دەرهێنا، وردی کرد لە نێو قاپێکی بچووک و چوو لەبەر دەمی پشیلەکەی دانا. تەماشای کرد ئاویشی نەماوە، جێئاوەکەشی بۆ پڕ کردەوە.
هەناسەیەکی قووڵی هەڵمژی و گەڕاوە سەر سیسەمەکە.

دیمەنی چوارەم: لە بالکۆنەی قاتی سێیەمدا دەڕوانێتە گۆڕەپانی زانکۆ. لە دڵی خۆیدا دەڵێت، "ئەوە زانکۆیە یان نمایشی جلوبەرگ. وەڵاهی دەرێی قەحپەخانەیە، ئەمنیش دەرێی گەوادم بە خۆم و قات و ڕیباتمەوە."دیلیتی کرد. پێش و پاش دیمەنی پێنجەم هەناسەیەکی زۆری ویست. کردییە پرتەپرت.

دیمەنی پێنجەم: سایدی خێرای سەر سەت و بیستی. مێردمنداڵێک پۆڕشەیەکی پێیە، لە پشتییەوە بە فوللایت بێزاری دەکات. تەماشای پێوەرەکەی دەکات، سەت و دە دەڕوات، جێی ناکات و دەڵێت، "ئێ بابە خۆ نافڕم، حکوومەت دەڵێ سەت و دە بڕۆ، سەت و دەمە. ئای لە منداری ئەو عەیامەی."  مێردمنداڵەکە بە هۆڕن مێشکی سەری دەبات. دەیەوێت ڕێی بکات، سایدی تەنیشتی ئۆتۆمبیل هەیە. ئێ باشە چۆن ڕێی بکات؟ دەبێتە شەڕ. هۆردووک لەناو سەیارەی بە ئاماژەی دەست هەڕەشە لەیەکتری دەکەن. "لووسکەی وکینگۆ دنیای تێکدایە، ئەگەر دزی و فزی بابە گەوادەکەت نەبی، کوڕم ئەتو لە کێت بوو پۆرشەی باژۆی. بە دکتۆرا و هەموو قوەتی ژیانم ئەوجە تیدەیەکی حیز داژۆم." 
ئەویشی دیلیت کرد.  
هاتە سەر دیمەنی شەشەم. دوای لێدانەوەی، لەشی گەرم داهات، هەناسەی تەنگ بوو. خۆی وەرگێڕا سەر لای ڕاستە، دواتر لای چەپ، دواتر سەر پشت. چاوی کردەوە. لەبەرخۆی گوتی، "دەبایە هەموویم لێ کڕیبان."
دیمەنی شەشەم: لە دەوام دەردەچێت. لەسەر شەقامی گشتی، دەبینێت پیاوێکی پیر لەگەڵ کچێکی تەمەن شەش ساڵان کلێنکس دەفرۆشن. ئۆتۆمبیلەکە ڕادەگرێت، پێنج هەزارییەکیان دەداتێ، پێنج دەستە کلێنکسیان لێ وەردەگرێت. منداڵەکە خەنییەوە و گەشایەوە.
دیسان پاڵی داوە، هەرچەندی هێنای و بردی، زەردەخەنەی منداڵەکەی پێ دیلیت نەکرا. دووبارەی کردەوە، "دەبایە هەموویم لێ کڕیبان."

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن