مەسرور بارزانی: پێدەچێت ژمارەیەك لە قوربانیانی كەناڵی ئینگلیز كوردبن
03:00 - 25/11/2021
"زەمەن"
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دڵتەنگی خۆی دەردەبڕێت بۆ ژێرئاوكەوتنی بەلەمێك كۆچبەران و دەڵێت "پێدەچێت ژمارەیەكیان كوردبن".
مەرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسیویەتی: "زۆر خهمبارم به گیان لهدهستدانی 27 پهنابهر له كهناڵی ئینگلیزی (نێوان فهرهنسا و بهریتانیا) له شهوی رابردوو، کە پێدەچێت ژمارهیهكیان كوردبن، كار بۆ ئهوه دهكهین ناسنامهكانیان دەستنیشان بکەین، هاوخهمی خۆشمان بۆ كهسوكارهكانیان دهردهبڕین".
مەسرور بارزانی دەڵێت "ئەو رووداوە مەترسی كۆچكردنی نایاسایی و ئەو قاچاخچیانەمان بیردەخاتەوە کە خەڵک بەرەو مەرگ دەبەن. پێویست هەموومان پێکەوە رێگریان لێ بکەین".
دەسەڵاتدارانی فەرەنسا رایانگەیاند: دوێنێ كاتژمێڕ ٢ی دوانیوڕۆ لەلایەن ماسیگرێكەوە زەنگی ئاگاداركردنەوە بەپۆلیس و تیمی فریاگوزاری گەیەندراوە، لەژێرئاوكەوتنی بەلەمێكی كۆچبەران لەبەندەری ئینگلیزیدا. بەگوتەی دەسەڵاتدارانی ناوچەكە تائێستا ٢٧ كۆچبەر خنكاون لەو ڕووداوەدا. ئەو كۆچبەرانە بەبەلەمی بچوكی چوب ویستویانە بپەڕنەوە بۆ بەریتانیا.
پەیوەست بەژێرئاوكەوتنی بەلەمێكی كۆچبەران وەزیری ناوخۆی فەڕەنسا ڕایگەیاندوە، چوار قاچاخچیان دەستگیركردوە كەبەرپرسن و پەیوەندیان هەبووە بەو بەلەمەی ڕۆژی چوارشەممە لەبەندەری ئینگلیزیدا ژێرئاوكەوت.
حكومەتی فەڕەنسا دەڵێ، لەسەرەتای جەنیوەری ئەمساڵەوە ١٥٠٠ قاچاخچیان دەستگیركردوە كەدەستیان هەبووە لە بازرگانی بە كۆچبەرانەوە، لەگەڵ ئەوەش دەڵێ، گیانی زیاتر لە ٧ هەزارو ٨٠٠كۆچبەریشیان لەمردن ڕزگاركردوە.
هەروەها وەزیری ناوخۆی فەڕەنسا ڕایگەیاندوە، ئێستا ٧٨٠ پۆلیس و سنورپارێز، لەكەنارەئاوییەكانی فەڕەنسادا ئێشك دەگرن بۆ ڕێگری لەپەڕینەوەی كۆچبەران، داوامان لەبەریتانیا كردوە كە بەهاوبەشی كەنارە ئاوییەكانی باكوری فەڕەنسا بپارێزین و ژمارەی پاسەوانیش بۆ دوو هێندە زیاد بكەین، بۆ ئەوەی بەتەواوی ئەو ڕێگا مەترسیدارە، قەدەغە بكەین.
تۆم پورسگلۆڤ، وەزیری كۆچ و کۆچبەرانی بەریتانیا، بەتۆڕی بە هەواڵی بی بی سی دوویی ڕاگەیاندوە کە ڕۆژێکی زۆر خەمبارە بۆ ئەو، لەگەڵ ئەوەش ئەو دەڵێ، هەمیشە ترسی لەڕۆژێكی مەرگەساتی واهەبووە بۆ كۆچبەران لەو ڕێگا ترسناكە.
ئەو دەڵێ" ڕاستییەکی سادە هەیە کەئەوەیە، نابێت كۆچبەران ژیانیان بخەنە دەستی قاچاخچیە خراپەکان، بۆ ئەوەی بێنە شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا، لەكاتێكدا ئەوان بەچەندین وڵاتی دیكەی سەلامەتی ئەوروپا، بەجێ دەهێڵن، بۆ ئەوەی بگەنە بەریتانیا!
دەربارەی پاراستنی كەنارەئاوییەكانی باكوری فەڕەنسا لەلایەن بەریتانیاوە، وەزیری كۆچ دەڵێ، بەدڵنیاییەوە دەبێ هەنگاوی زیاتر بنێن لەداهاتوو، لەكاركردنی هاوبەش لەگەڵ فەڕەنسا، بەریتانیا ٥٠ملیۆن پاوەندی دیكەی بۆ فەڕەنسا تەرخانكردوە بۆپارستنی كەنارە ئاوییەكانی باكوری فەڕەنسا.