هاوپەیمانیەکەی عامری چوار وڵات بەدەستوەردان لە هەڵبژاردن تۆمەتبار دەکات
07:49 - 17/10/2021
"زەمەن"
هاوپەیمانی فەتح بەسەرۆكایەتی هادی عامری، چوار وڵات بە دەستێوەردان لە هەڵبژاردنەکەی عێراق تۆمەتباردەکات، داواش دەکات سەرجەم دەنگەگان بە دەست ئەژمار بکرێنەوە.
محەمەد بەلەداوی، ئەندامی هاوپەیمانی فەتح لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هەریەکە لە ئەمەریکا و بەریتانیا و فەرەنسا و ئیمارات رۆڵیان هەبووە لە شێواندنی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی عێراق.
ئاماژەی بەو پیشێلکاریانەش کردوە کە لە رۆژی بەڕێوەچونی دەنگداندا کراون کە بە وتەی ئەو بریتین لە بەکارهێنانی هەژمونی سیاسی و پارەی دەوڵەت و پۆستی حکومی لەلایەن کاندیدەکانەوە، بێ ئەوەی حکومەت و کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان هیچ رێوشوێنێک بگرنەبەر.
وتیشی "ئەنجامی هەڵبژاردنەکان توشی شۆکی کردووین، داوا دەکەین سەرجەم دەنگەکان بەدەست ئەژمار بکرێنەوە. کۆمسیۆن دەیتوانی راستگۆیی خۆی بسلەمێنیت، بەڵام نەیتوانی مامەڵەیەکی جدی لەگەڵ تانەکان بکات".
هاوپەیمانی فەتح لە هەڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبەردا بۆ پەرلەمانی عێراق، 17 كورسی هێناوە، لەکاتێکدا لە هەڵبژاردنی ساڵی (2018) دا (47) کورسی بەدەستهێنابوو.