625 کوردستان

محەمەد سوور دوشیوانی: خۆزگە كوڕەكەی خۆم بكوژرایە

10:27 - 14/10/2021

زەمەن-

محەمەد سوور دوشیوانی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە باوكی بكوژی كارمەندەكەی دەروازە ستییە رایدەگەیەنێت، خۆزگە كوڕەكەی خۆی بكوژرایە، نەك ئەم رووداوە رووبدات.


محەمەد سوور دوشیوانی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی و بەرپرسی مەڵبەندی كەركوك بە میدیاكانی راگەیاندووە، شەوی رابردوو كوڕەكەیان دوای 12ی شەو لە ماڵەوە دەرچووە و پاشان ئەم رووداوە روویداوە، لەدوێنێوە بەدوایدا دەگەڕێن و لەترسان خۆی شاردبۆوە و ئەمشەو پێش ئەوەی رادەستی یاسای بكەن، تێلیان بۆ كەسوكاری كۆچكردووەكە كردووە وتویانە بە دەست و قاچ بەستراویی رادەستیان دەكەن، بەڵام ئەوان رەتیان كردۆتەوە و وتویانە رادەستی یاسای بكەن.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردوە "ئەمڕۆ كوڕەكەمان رادەستی یاسا كرد و یاسا سەروەرە، ئەگەر خۆم بخەمە شوێنی ئەو خێزانە لە ئەوان زیاتر پێم ناخۆشە و برینێكی قوڵە، ئێمە یاسا چی بكات قبوڵمانە".

محەمەد سور دوشیوانی روونیكردەوە "ئەوەی جێی داخە دەڵێن بكوژەكە كوڕە بەرپرسە، ئەوە كوڕی پێشمەرگەیە، كاتێك كوڕێكی هەرزەكار كارێكی وا دەكات نە یەكەم رووداوە و نە دوایەمین رووداویشە، خۆزگە كوڕەكەی خۆم بكوژرایە و ئەو ماڵە هیچیان لێنەهاتایە، چونكە لە بنەماڵەكەمان یەكەمجارە حاڵەتی وامان بەسەر بێت، خێزانەكەیان چی بڵێن ملمان لە موو باریكترە".

شەوی رابردوو لە یەكەی نیشتەجێی دەروازە ستی لەشاری سلێمانی كارمەندێكی سكیوریتی دوای دروستبوونی دەمەقاڵێ لەگەڵ كوڕی بەرپرسێكدا، دواتر بكوژ تەقەی لێكردووە و كوشتویەتی.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن