سەرۆكایەتی كۆمار: ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل رەتدەكەینەوە
06:54 - 25/09/2021
زەمەن_عێراق
سەرۆکایەتی کۆماری عێراق رایگەیاند کە ھەر ھەوڵێک بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل رەت دەکاتەوە و جەختیش دەکاتەوە لەسەر ئەوەی کە ھەڵوێستی عێراق نەگۆرە بۆ پاڵپشتیکردن لە پرسی فەڵەستین.
سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لەبارەی بەستنی کۆبوونەوەیەکی سەرۆک ھۆز و کەسایەتییە عەرەبەکان لە ھەولێر کە لە میانیدا داوای ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل کرابوو راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ھاتووە: "لە کاتێکدا سەرۆکایەتی کۆمار جەخت لە ھەڵوێستی نەگۆڕی عێراق بۆ پاڵپشتیکردن لە پرسی فەڵەستین جێبەجێکردنی داوا رەواکانی گەلی فەڵەستین دەکاتەوە، لە ھەمان کاتدا ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل رەت دەکاتەوە و ھەروەھا داوا دەکات رێز لە ئیرادەی عێراقییەکان و بڕیاری نیشمانیی سەربەخۆییان بگیرێت".
سەرۆکایەتی کۆمار دووپاتی دەکاتەوە، کۆبوونەوەیەکی ئەم دواییە کە بە ئامانجی بانگەشەکردن بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل سازکراوە، نوێنەرایەتی دانیشتوانی عێراق ناکات، بەڵکو تەنھا نوێنەرایەتی ھەڵوێستی ئەو کەسانە دەکات کە تیایدا بەشداربوون، ئەمە وێرای ئەوەی کۆبوونەوەکە ھەوڵێکە بۆ شێواندنی رەوشی گشتیی و بەئامانجکردنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی.
سەرۆکایەتی کۆماری عێراق داوای دوورکەوتنەوە لەو بانگەشە و بیرۆچوونانە دەکات کە لە سەر ئاستی نیشتمانیی و لە رووی یاساییەوە رەتکراونەتەوە و زیان بە ھەستی عێراقییەکان دەگەیەنێت لە کاتێکدا پێویستە ھەمووان بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد ئامادە بکەین تا پاڵپشتیی لە رێڕەوی نیشتمانیی لە عێراق بکات و ژیانێکی باشیش بۆ عێراق دەستەبەر بکات.