356 کوردستان

ئەمەریكا سێیەم دەرزی ڤاكسینی كۆرۆنا بۆ چینێكی دیاریكراو پەسەند دەكات

07:06 - 24/09/2021

زەمەن-
بەڕێوبەرایەتی خۆراك و دەرمانی ئەمەریكا سێهەم دەرزی ڤاكسینی كۆرۆنای پەسەندكرد بۆ ئەو ئەمەریكییانەی تەمەنیان لە ٦٥ ساڵ سەروترە و بۆ ئەو كەسانەشی كە نەخۆشی درێژخایانیان هەیەو سیستمی بەرگری لەشیان لاوازە.


دەنگی ئەمەریكا بڵاویكردەوە، دەرزی سێهەم لە كاتێكدایە كە ڤاكسینی فایزەر-بایۆنتیك لە دوو دەرزی پێكهاتبوو، بەپێی ئەو بڕیارە كە دوێنێ دەرچووە، ئەو كەسانە دەگرێتەوە كە كارمەندی چاودێری تەندروستی، مامۆستا یان كارمەندی فرۆشگاكان و ئەوانەشی لە پەناگەكان دەژین و بێ ماڵان یان لە زینداندان. 

هەر بەپێی هەواڵەكە، رەنگە ئەم بڕیارە ڕێگەخۆشكەر بێت بۆ دەنگدانی كۆمیتەیەكی نێوەندی كۆنترۆڵكردن و ڕێگەگرتن لە نەخۆشییەكان لە ئەمەریكا بۆ ئەوەی دیاری بكرێت چ توێژێكی ئەمەریكاییەكان شیاو دەبن بۆ وەرگرتنی دەرزی سێهەمی ڤاكسینەكە.

لیژنەیەكی بەڕێوبەرایەتی خۆراك و دەرمانی ئەمەریكا هەفتەی ڕابردوو بە زۆرینەی دەنگ پلانی كۆشكی سپی بۆ پێدانی دەرمانی بەهێز بۆ زۆربەی ئەمریكییەكان ڕەتكردەوە و ئاماژەیان داوە بە كەمی زانیارییەكان لەسەر سەلامەتی دەرزی سێهەم و هەروەها نەبوونی بەڵگەی تەواوەتی لەسەر بەهاكەی.

لیژنەكە دەرزی بەهێزكردنەكە بۆ ئەو كەسانەی كە تەمەنیان ٦٥ ساڵ یان گەورەترە پەسەند كرد و بۆ ئەوانەشی مەترسیان هەیە نەخۆشییەكی سەختیان تووش ببێت، زانایان جەختیان لەوە كردەوە كە پێویستە خەمی سەرەكی وڵاتەكە ئەوە بێت ئەو كەسانە بكوترێن كە هیچ دەرزییەكی ڤاكسینەكەیان وەرنەگرتووە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن