747 کوردستان

ئێران لە هەڕەشەكانی بۆ سەر هەرێم و حزبەكانی رۆژهەڵات توندتر دەبێت

08:45 - 20/09/2021

زەمەن_شیكاری

دوو هەفتە زیاترە هەڕەشەی بەرپرسە ئەمنیی و سەربازییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران  پێیناوەتە قۆناغێكی نوێوە، راستەوخۆ رووی هەڕەشەیان لە حزبە كوردییەكانی نیشتەجێی هەرێمی كوردستانە، لە پاڵئەوەشدا تاران داواكاری تایبەتی لە هەولێر هەیە.

 

یەكەمجار هەڕەشەكان لە دەمی محەمەد پاکپوور، فەرماندەی هێزی وشکانی سوپای پاسدارانەوە دەستیانپێكرد، لە رۆژی دووشەممە 6ی9ی2021  رایگەیاند، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی چه‌ندینجار به‌رپرسانی هه‌رێمیان له‌ باره‌ی چالاکی هێزەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، ئاگادار كردووه‌ته‌وه‌ به‌ڵام هێشتا ئەو هێزانە چالاکییان هەیە و هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌نجامدانی هێرشیكرد بۆ سه‌ر گروپه‌كان.

بە دوای ئەم هۆشدارییەدا ناوچە سنوورییەكانی نێوان باشور و رۆژهەڵاتی كوردستان كەوتنە بەر بۆردومانی تۆپخانەكانی ئێران.

هەڕەشەكان بە تەنیا لەلای محەمەد پاكپوورەوە نەمانەوە، محەممەد باقری، سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران، لە رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی جێگری سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکان هەڕەشەی لەناوبردنی هێزە "دژەبەرەكانی شۆڕشی ئیسلامی" كردو لەبارەی بنكەی سەربازی ئەمریكیەكان لە هەریر وتویەتی "تاران قبووڵ ناکات بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە نزیک سنوورەکانی هەبێت".

 
محەمەد باقری، پێیوایە بنکەی سەربازی هەریر یەکێک لەو شوێنانەیە کە لەوێدا پیلان دژی ئێران دادەڕێژرێت و دەبێ کۆبکرێتەوە. 


هاوكات سەردار مەجید ئەرجمەند فەر، جێگری بریارگەی حەمزە سەیدولشوهەدا ، دەڵێت "گروپە دژە شۆڕشەکان لە لایەن دەزگای هەواڵگری هەندێ وڵاتی بیانی و ژمارەیەک وڵاتی عەرەبی ناوچەکە لە باکووری عێراق مۆڵ دراون تاکوو کەڵکیان لێوەرگرن بۆ هێنانە دی ئامانجەکانیان دژی ئێران".

بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی میهر، سەردار مەجید ئەرجمەند فەر، وتویەتی "ئەم گروپانە لە مەودایەکی کەم لە سنووری ئێران و عێراق جێگیرن و ئێمە پێشتر هۆشداریمان بە دەوڵەتی عێراق و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دابوو کە ڕێگری بکەن لەم گرووپانە کە ئاسایشی ئێران تێکدەدەن".

 

 ئەرجەمەند فەر ڕایگەیاندووە "کە وتبوومان ئەگەر ئەم گرووپانە هەڵەیەک بکەن وڵامێکی توندیان دەدەینەوە و هەر ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە چوار بنکەی ئەم گرووپە دژە شۆڕشانە بکەینە ئامانج".

 

 حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان نزیكەی 35 ساڵە بنكە و بارەگاكانیان لە هەرێمی كوردستان بەتایبەت لە سلێمانی و كۆیە نیشتەجێن، بەردەوام لە دیدار و گفتوگۆكانیدا لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و هەرێم، یەكێك لە داواكارییەكانی ئێران دەركردنی ئەم هێزانە بووە.

 

لە 10ی8ی2021، لە سەردانی فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بۆ تاران و كۆبوونەوەی لەگەڵ عەلی شەمخانی سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی كۆماری ئیسلامی ئێران، لەلایەن بەرپرسە ئێرانییەكەوە جارێكی دیكە ئەم داواكارییە خراوەتەڕوو.

 

شەمخانی كە نوێنەری عەلی خامنەییە لەئەنجومەنی ئاسایشی وڵاتەكەی، لەو كۆبوونەوەیەدا لەگەڵ فواد حسێن بە راشكاوی رایگەیاند تاران بەرپرسانی بەغداو هەولێری لەجموجۆڵی نەیارانی كۆماری ئیسلامی ئێران لەهەرێمی كوردستان و ناوچە سنورییەكان ئاگادار كردووەتەوە و ئەگەر بەرپرسانی عێراق و هەرێمی كوردستان حزبەكانی رۆژهەڵات لەهەرێم دەرنەكەن ئەوا سوپای پاسداران كاردانەوەی توندی بەرامبەر ئەو حزبانە دەبێت.

 

1ی9ی2021، سوپای پاسداران لە راگەیەنراوێكدا بڵاوی كردەوە كە پێنجشەمەی رابردوو 26ی8ی2021 لە گوندێكی ناوچەی مەریوان لە رۆژهەڵاتی كوردستان لەلایەن ژمارەیەك چەكدارەوە هێرش كراوەتەسەر ئەندامانی سوپاكەیان و دوو كەسیان كوژراوە و ئەو چەكدارانە لەهەرێمی كوردستانەوە هاتوونەتە خاكی ئێران و هێرشەكەیان ئەنجامداوە، بەڵام تۆڵەی توند چاوەڕوانی ئەو چەكدارانە دەكات.

 

یەكشەممە 12ی9ی2021 لەكۆبونەوەی مستەفا كازمی لەگەڵ عەلی شەمخانی، بەرپرسە ئێرانییەكە داوای لە شەمخانی كرد كە بەپەلە نەیارەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران لەهەرێمی كوردستان دەربكرێن.

 

هەروەها لە 5ی8ی2021، نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان بۆ به‌شداریی له‌ رێوڕه‌سمی سوێندخواردنی ئیبراهیم رەئیسی، سه‌رۆککۆماری تازه‌ی ئێران چووە تاران. هێرش و بۆردومانەكانی سوپای پاسداران دوای ئەم هەموو مانۆڕە دیبلۆماسییانە بوون، تائێستا لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، هیچ لێدوانێك لەسەر هێرش و هەڕەشەكانی ئێران نەدراوە.

 

بەشێوەیەكی فەرمی، حزبی دیموكراتی كوردستان "حدك"حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران "حدكا" "حزبی كۆمۆنیستی ئێران رێكخراوی كوردستانی كۆمەڵە" و "كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان" و "كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی كوردستانی ئێران" پارتی ژیانەوە كوردستان پژاك" بنكەو بارەگایان لە ناو هەرێم و ناوچە سنورییەكان هەیە.

 

ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران، رۆژی هەینی رابردوو كۆبونەوە، تیشک خرایە سەر هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر هەرێمی کوردستان و بنکە و بارگاکانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە سنوورەکانی نێوان باشوور و رۆژهەڵات.

 

لە كۆبونەوەكەدا سەركۆنەی "سیاسەتی چەوت و نابەرپرسانەی بەرپرسان و فەرماندەرانی سوپای پاسداران و پێکهێنانی فەزایەکی پڕ لە مەترسی بۆ سەر خەڵکی ئەو ناوچانە" كرابوو.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن