511 کەلتور

شەش دانە، چپە...

07:57 - 19/09/2021

جەمال حەمید-کولتوری زەمەن

 

نەقەت لەمردن ترساوم،
نە لەشەڕدا، پەشۆکاوم،
کەچی کاتێک "ئەو" دەبینم،
قەڵای ورەم،
خاپوور دەبێ، لەبەرچاوم...!
٭٭

کە تەمەن کورتبێ، وەک هەناسەیەک
ئەی، ئیتر بۆچی
چەمی ئەڤینمان، نەڕژێتە ناو یەک....!؟
٭٭

کاتێک، ئەفسوونی پەیڤەکانی تۆ،
زمانی شیعرم، دەهێنێتە گۆ،
ئیتر چۆن ، کوانووی کوژاوەی دڵم
ناگەشێتەوە، بە کەڵە پشکۆ...!؟
٭٭

هەتا دڵم، لە ترپەو لێدان دەکەوێ،
هەر بەهیوام،
لەم جیهانە جەنجاڵەدا،
جارێکیتر،
چاوم بە چاوی بکەوێ...!
٭٭

کە عاشقی کەسێک دەبی،
ئیتر، لەمردن دەترسی!
چونکە، ژیان بەچێژ دەبێ،
دونیات، لەبەر چاو، جوان دەبێ !
هەم پەیڤەکانت ڕەوان و
هەم بەر چاوت، ڕۆشن دەبێ...!
٭٭

کە ئەو دێت...
لەپەیڤ و گۆرانی،
چواردەورم پڕ دەبێت...
کە  دەڕوات،
تەنیایی و بێدەنگی
ژوورەکەم دەتەنێت !
بەجۆرێک،
پاساری سەر داری حەوشەکەش،
ناخوێنێت..!
٭٭


١٩ ی ئەیلول، ٢٠٢١

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن