وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە: رێگای کەمەربەندی سۆران بەڕووی ھاوڵاتیاندا کرایەوە
07:10 - 14/09/2021
زەمەن_سۆران
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە رایدەگەیەنێت؛ دوای (50) رۆژ کارکردنی بەردەوام و چارەسەرکردنی درزی لاتەنیشتی رێگای باپشتیان لە نێوان ھەردو قەزای سۆران و رواندز، رێگاکە بەڕوی ھاوڵاتیاندا کرایەوە.
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی هەرێم رایگەیاند: دوای ئەوەی لەمانگی تەمموزی رابردودا بەشێک لە رێگای باپشتیان لە نێوان ھەردو قەزای سۆران و رواندز درزی بردبو ئەوەش مەترسی بۆ ھاوڵاتیان و داڕوخانی رێگاکەی دروستکردبو، دواتر بە رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران و لەسەر راسپاردەی دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن، کاری بەپەلە بۆ چارەسەرکردنی ئەنجامدرا.
دەشڵێت: دوای نزیکەی (50) رۆژی کاری بەردەوام، توانرا بەشێوەی ئەندازەیی سەردەم رێگاکە چاکبکرێت و دوای نەمانی مەترسی، ئێستا بەڕوی ھاوڵاتیان و شۆفێراندا کراوەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بودجەی پڕۆژەکە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە دابینکراو لەلایەن ھەردو بەڕێوەبەرایەتی چاککردن و پاراستنی رێگاوبانی ھەولێر و سۆرانەوە جێبەجێ کرا.