660 جیهان

ئایا بزوتنه‌وه‌ی تاڵیبان گۆڕاوە؟

11:25 - 15/08/2021

زه‌مه‌ن_خالیدی حوسەینی

من کچە ئامۆزایەکم هەیە لە شاری حیرات لە ڕۆژئاوای ئەفغانستان. ئێمە لە ساڵانی حەفتاکان بەیەکەوە گەورە بووین. من بیرمە کە بە دیار گۆرانی و دراماکانەوە هەڵدەپەڕین. ئیتر من بۆ ماوەی نزیکەی پەنجا ساڵ ئەو ئامۆزایەم نەبینیەوە. بیرمە ئەو خانمێکی چاو سەوزی گەنجی ڕووخۆش بوو، هەمیشە پێکەنینی لەسەر لێوان بوو.

 

  من دوێنێ لە ئەمریکاوە تەلەفۆنم بۆ کرد. ئەو بەدەنگێکی ترساو وەڵامی دامەوە. ئەو پێی وتم کە هەموو نەوە و منداڵەکانی بەرەو کابول هەڵاتوون، کە لانی کەم لە ئێستادا پارێزراوترە. ئێستا ئامۆزاکەم لە حیرات لەگەڵ کوڕەکەی لەژێر ئاڵای تاڵیباندایە.

من هەستم بە دڵشکان کرد، کە ناتوانم یارمەتی بدەم. بۆیە ئێستا زۆر دڵم لای ئامۆزاکەمە. هەروەها من نیگەرانم بۆ ملیۆنان ئەفغانی ئاوارە کە لە وڵات هەڵهاتوون و پرسیار لەسەر ژیان و چارەنوسیان هەیە. ئەوان بۆ کوێ هەڵدێن؟ چیان بەسەر دێ؟ کەس لە خۆی دڵنیا نیە. بەڵام من تەواو نیگەرانی خوشکانی ئەفغانستانم. ژنان و کچان زیاتر لە هەر گروپێکی تر باجی ئەو دۆخە نالەبارە دەدەن. چەندین وێنەی دوا دەسەڵاتی تاڵیبانمان لەبەردەستە کە لە ئەفغانستان چیان کردووە: لێدان لە شوێنی گشتی، دەستبڕین، کوشتن لە گۆڕەپانی یاری، لەناوبردنی مرۆڤ بەشێوەیەکی بەربەری و بێهەست، کە لە مێژوودا بێ وێنە بووە.  بەڵام بۆ من ئەو وێنەیە زۆر کاریگەرە کە لە ساڵی نەوەتەکان تاڵیبانەکان بەردیان بەدەستەوەیە و ژنێکی نیقابپۆش بەردباران دەکەن. تاڵیبان بە شێوەیەکی سیستەماتیککراو ژنان تیرۆر دەکەن. دژ بە هەر بزوتنەوەیەکی ئازادیخواز، ئازادی کار، مافی خوێندن، مافی لەبەرکردنی ئاڵتون و جل و بەرگ، پێکەنین لە شوێنی گشتی، تەنانەت دژ بە دەرکەوتنی دەم و چاوی ژن دەوەستنەوە. ئایا بۆ ئامۆزاکەم و کچەکەی هەمان شت ڕوودەداتەوە؟ ئەو هەموو هەوڵە ئازایانەی کە ژنانی ئەفغانستان لەماوەی بیست ساڵدا بەدەستیان هێنا لە ئازادی تاکەکەس و کەرامەت و مافی خود بێ ئەنجام بوو؟ ئایا دووبارە ژنانی ئەفغانستان دەخرێنەوە گونجی ماڵەکانیان؟ ئایا ژنانی وڵاتەکەم لەسەر شەقامەکان لێیان دەدرێت؟ جارێکی تر ژنانی وڵاتی من ڕێگە نادرێ خۆیان کار بکەن؟ ئایا جارێکی تر قوتابخانەکان خاڵی دەبن لە کچان؟ ئایا ئیدی ڕوخساری مێینە لە تەلەفزیۆنەکانی ئەفغانستانەوە دەرناکەوێ و لە ڕادیۆکانەوە گوێبیستی دەنگی مێینە نابین؟  ئایا جارێکی تر نیوەی دانیشتوانی ئەفغانستان بێبەش دەبن لە ماف و بەشداریکردن؟

هەندێک دەڵێن لەوانەیە تاڵیبان گۆڕابن.بەڕاستی ئەمە وایە؟ لە چەند ڕۆژ و هەفتە و مانگی ئایندەدا وڵامی ئەم پرسیارەمان دەست دەکەوێت. ئەمەش ئومێدێکی بچوکە من هەمبێت،  گومانی تیا نیە کە هەمیشە بیرکردنەوەیەکی پۆزەتیڤ لەئارادایە.  لە ڕاستیدا، ئەو وێنانەی کە لە شاری حیراتەوە بڵاوکرایەوە ئەوە پیشاندەدا کە سەربازانی تاڵیبان بەدەم و چاوی ڕەش و داپۆشراوەوە ئەو هیوا بێنرخە بڵاو دەکەنەوە کە ڕەنگە ئەو وێنانە هی ساڵی 1997 بن.

بۆیە ئەگەر بزوتنەوەی تاڵیبان نەگۆڕابن، هیچ شتێک لە کردەوەی نائینسانی و بەربەریانە و ئازاردنانی خەڵک نایانوەستێنێ ، ئەی باشە دەبێ چی بکرێ؟ ئەگەر تاڵیبان نەگۆڕابوو دەبێ کچان و ژنانی ئەوێ چیان بەسەر بێ؟ لەکوێوە یارمەتیان دەدرێت و کێ فریایان دەکەوێ؟ بەڕاستی من وڵامەکەی نازانم. من لەمڕۆدا هیچ نازانم. ئەمڕۆ من نیگەرانم و تەواو. من بەتەواوی دڵم شکاوە. من ئەمڕۆ پرسە دەگێڕم بۆ لەدەستدانی هیوا و ئاواتی خەڵکی ئەفغانستان.

ئیدی ئەمریکایە و بڕیارەکەی دەرکردووە، ئەوەش کابوسێکە بۆ زۆرێک لە ئەفغانیەکان، لەوانە خۆم. بەچاوی خۆمان ترس دەبینین.تا ئێستاش وەک بێومێدێک شتەکان دەبینین، نابێ و ناکرێ جیهان ئەفغانستان لەبیر بکات. نابێت جیهان دەستبەرداری خەڵکی ئەفغانستان بێت کە زیاتر لە چل ساڵە عەوداڵی ئاشتین. پێویستە جیهان بەهاوکاری خەڵکی ئەفغانستان بە ئەرکی خۆیان هەستن لانی کەم بۆ  ژنان و کچانی ئەو وڵاتە هەوڵ و تەقەلای خۆیان بدەن و فشار بخەنە سەر تالیبان بۆ پاراستنی مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ ئەمەش لە کاتێدا وا پێدەچێ ئەو بزوتنەوەیە سەرتاسەری وڵات کۆنترۆڵ بکات. پێویستە جیهان ئەوەی لەتوانایاندایە بیکەن بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ملیۆنەها ژنی ئەفغانی بۆئەوە لەدایک نەبوون کە لەپشت دەرگا داخراوەکان و پەردەدادراوەکانەوە ژیان بەسەر بەرن. ئافرەتانی ئەفغانستان نمونەی ئازایەتی و خۆڕاگرین و ئامۆزاکەم نمونەی درەوشاوەی ژنی ئەفغانیە. ژنانی وەک ئامۆزاکەم ئیلهامیان بەمن بەخشی. ئەوە ئەوپەڕی شورەیی و سەرشۆڕیە کە جارێکی تر ئازار بدرێن، ئەمەش دوای ئەوەی کە چەندین ساڵە لە دەرەوەی دەسەڵاتی تاڵیبان بۆ دنیایەکی باشتر هەوڵیان داوە و کۆششیان کردووە.

ژنان و گەلی  ئەفغانستان بەگشتی شایستەى باشتر لەم ژیانەن.
تێبینی کۆتایی: لەگەڵ بەردەوام بوونی ئەم دۆخە نالەبارە بەردەوام خەڵکی ئەفغانستان ئاوارە دەبن و خەڵکی بێماڵ و حاڵ زیاتر دەبن. تەنها لەمساڵدا زیاتر لە سێسەد هەزار کەس لە ئەفغانستان ماڵ و حاڵیان جێهێشتووەو ئاوارەی وڵاتان بوون. ئەوان ئێستا پێویستیان بە خواردن و پەناگە و فریاگوزاری خێرا هەیە. تکایە ڕەچاوی پشتیوانی ڕێکخراوەکان بکەن لەوانە UNHCR و ئەوانی تریش کە کاریان پاراستن و بەتەنگەوەهاتنی ئاوارەکانە.
..............
خالیدی حوسەینی ڕۆماننوسی گەورەی ئەفغانیە و بە ڕۆمانە بەناوبانگەکەی "کۆلارەفڕێن" ناسراوە.
...............
و. لە ئینگلیزیەوە: عەزیز ڕەئووف

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن