کوردستان

ئه‌مڕۆ (38) ساڵ به‌سه‌ر تاوانی جینۆسایدی بارزانیه‌كان تێده‌په‌ڕێت

09:04 - 31/07/2021 79 جار خوێندراوەتەوە

زه‌مه‌ن – هه‌رێمی كوردستان

ئەنفالی بارزانیه‌كان لەلایەن رژێمەكەی سەدام حوسێنەوە لە ساڵی ١٩٨٣ ئه‌نجامدرا، ئەوكاتەی سەدام ٨ هەزار پیاوی بارزانی بێسەروشوێن كرد.

ئەنفالی بارزانییەكان بە راگواستنیان دەستیپێكرد، بارزانییەكان لە شوێنی رەسەنی خۆیان راگوێزران بۆ بیابانەكانی باشووری عێراق و دەستكرا بە وێرانكردنی دێهاتەكانیان و سووتاندنی دارو زەوی بەپیت و چێنراوەكان و تێكدانی ژینگەی دەڤەرەكە و تاڵانكردنی مەڕوماڵات و بەرهەمە كشتوكاڵییەكانی خەڵكەكە.

ئەو بارزانییانەی بۆ باشووری عێراق راگوێزرابوون لە ساڵی 1980 لە ئۆردوگای  قوشتەپە لە هەردوو كۆمەڵگەی قودس و قادسیە نیشتەجێكران، پێش ئەمەش لە ساڵی 1978 هەندێكی دیكەیان ئەوانەی لە شوێنی رەسەنی خۆیان مابوون، راگوێزران بۆ ئۆردوگا زۆرەملێیەكانی (دیانا و هەریر و بەحركە و گۆڕەتوو).

 بارزانییەكان لەو ئۆردوگایانە لە ژێر كۆنترۆڵی تو‌وندی سەربازیدا كۆكرانەوە. بەم شێوەیە ئەم كۆمەڵە مرۆڤەی كە بەبۆچوونی بەعس پێویست بوو لەناوببرێن، كە بارزانییەكان بوون دەستنیشانكران.

پاش تەواوبوونی قۆناخی یەكەم لە قۆناخی دووەمدا گرتن و كۆكردنەوە و راپێچكردنیان دەستیپێكرد.

لە كۆتایی تەمموز و سەرەتای مانگی ئابی 1983، دەستكرا بە گرتنی كوڕان و پیاوانی  بارزانییەكان لە كۆمەڵگە زۆڕەملێیەكاندا،  بارزانییەكان پاش گرتنیان گواسترانەوە بۆ خوارووی عێراق و رەوانەی پارێزگای موسەننا كران.


دوای پرۆسەی ئازادی عێراق لە ٢٠٠٣ لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە هەوڵی داوه‌ بۆ دۆزینەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان لە بیابانەكانی خوارووی عێراق، بە مەبەستی گەڕاندنەوەی رووفاتی قوربانیانی ئەنفال.

لەرۆژی ١٧-١٠- ٢٠٠٥ یەكەم كاروانی رووفاتی بارزانییەكان كە لە ئێسك و پروسكی  ٥٠٣ كەس لە قوربانیانی ئەنفالی بارزانییەكان پێكهاتبوو،  گەڕێنرانەوە هەرێمی كوردستان و  رۆژی دواتر لە دەڤەری بارزان بەخاك سپێردران.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement