دۆخی ئێستای شارەوانییەکانی باکوری کوردستان
04:06 - 31/03/2019
زەمەن: گەیلان عەباس
پارتی دیموکراتیی هەرێمەکان (بەدەپە) لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ٣٠ ئازاری ٢٠١٤، لە باکوری کوردستان بوو بە خاوەنی ١٠٢ سەرۆک شارەوانی. بەدەپە لەم هەڵبژاردنەدا شارەوانییەکانی (دێرسیم، ماردین، باتمان، جولەمێرگ، ئاگری، ئیدر، وان، شرناخ وسێرتیو ٩١ ناوچەی تری) باکوری کوردستانی بردەوە سیستمی هاوسەرۆکیان تیایدا جێگیرکرد.
دوای چوار مانگ لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان، لەلایەن دادگای دەستوری تورکیاوه بریاری داخستن بۆ بەدەپە دهرکرا. لهوکاتەدا دووباره چالاکوانانی کورد بهشێکیان روویان کرده (پارتی هەرێمه دیموكراتییەكان- دەبەپه) که له ساڵی 2008 دروستکرابوو، بەشێکی دیکەشیان روویان له پارتی دیموكراتی گەلان-هەدەپه).
دوای هەوڵی کودەتا شکستخواردووەکەی تورکیا لە شەوی ١٥ تەموزی ٢٠١٦دا، لە چوارچێوەی یاسای باری نائاسایی و پاش دەستگیرکردن و دوورخستنەوەی لایەنگرانی بزووتنەوەی خزمەت لەسەرجەم دام و دەزگاکانی دەوڵەتدا، کوردەکان کەوتنە نێو فۆکسی دەزگا ئەمنییەکانی تورکیاو دەستگیرکردن و سزادانی ئەندام و لایەنگرو پەرلەمانتارو سەرۆک شارەوانییه کوردەکان، دەستیپێکرد.
لەم نێوانەشدا ئەندام و لایەنگرانی هەردوو پارتی (دەبەپەو هەدەپە) کەوتنە بەر شاڵاوی دۆخی نائاسایی و ئۆپەراسیۆنەکانی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا، به پاساوی ئەندامێتی و لایەنگری کردنی پارتی کرێکارانی کوردستان پۆل پۆل لەسەرکارەکانیان دووردەخرانەوەو دەستگیرکران.
حکومەتی (ئاک پارتی)، سەرەتا دەستیکرد بە سیاسەتی دوورخستنەوەو پەراوێزخستنی کورد لە کایەی سیاسی و پەرلەمانی تورکیادا. لەم چوارچێوەیەشدا بە پاساوی لایەنگری و هاوکاری پەکەکه هێزه ئەمنییەکانی تورکیا هەڵمەتێکیان دەستپێکرد بۆ دەستگیرکردنی پەرلەمانتارانی (پارتی دیموکراتی گەلان- هەدەپه)، ئەوەبوو له بەرەبەیانی ڕۆژی ٤ی تشرینی دووهمی ٢٠١٦، هەریەکە لە (سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ)، هاوسەرۆکانی هەدەپەو 10 پەرلەمانتاری تری هەدەپە بە تۆمەتی ههبوونی پەیوەندی لهگهڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیاوە دەستگیرکران و بە ئێستاشەوە لەزینداندان.
دۆخەکە هەر لەم ئاستەدا نەوەستا، دوای چەند رۆژێک لە دەستگیرکردنی پەرلەمانتارەکانی هەدەپە دەستکرا بە دەستگیرکردنی سەرۆک شارەوانییەکان کورد لە باکوری کوردستان. ئەوەبوو لەماوەیەکی کەمدا نزیکەی ٥٩ هاوسەرۆک شارەوانی کورد لە باکور دەستگیرکران، که ٢٥ هاوسەرۆکیان ئافرەت بوون و بڕیاری زیندانیکردنیش بۆ 7 هاوسەرۆکیان دەرکرا.
(ئەحمەد تورک) یەکەمین سەرۆک شارەوانی بوو که له 21 تشرینی دووەمی 2016، لەلایەن هێزه ئەمنییەكانی توركیاوه دەستگیركرا. دەستگیرکردنی ئەحمەد تورک دوای ئەوە هات کە رۆژی 17ی تشرینی دووەم ناوبراو لە پۆستی هاوسەرۆک شارەوانی مێردین دوورخرابوویەوه.
یەکەم شارەوانییش کە بەر ئەم ئەم شاڵاوە کەوت شارەوانی ئامەد بوو، لە شەوی ٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦دا هەریەک لە (گوڵتان کشاناک و فورات ئانلی) هاوسەرۆکانی شارەوانی ئامەد دەستگیرکران.
بەم شێوەیە حکومەتی تورکیا لەماوەی دوو مانگی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکان و پشت ئەستور به درێژکردنەوەی یاسای باری نائاسایی، ٣٦ شارەوانیی لەژێر دەست نوێنەرانی کورد دەرهێناو لەجێگەی سەرۆک شارەوانیەکانی بەدەپە، بە نوێنەرانی حکومەت (قەیوم)ەکان پڕکرانەوە.
دوای هەڵمەتەکانی سێ ساڵی رابردوو حکومەتی تورکیا لەژێر یاسای باری نائاساییو یاسای قەیومدا، نزیکەی ٩٦ شارەوانی باکوری کوردستانی لەژێر دەستی نوێنەرانی کورد دەرهێنا، لەناویاندا سێ شارەوانی گەورەی ئامەد، ماردین و وان. لەجێگەیان نوێنەرانی حکومەتی (قەیوم)ی دانا. ئهمه لهکاتێکدا بەپێی یاساکانی تورکیا سەرۆک شارەوانییەکان بە هەڵبژاردن لەلایەن خەڵکەوە هەڵدەبژێردرێن و نابێت وەک بەڕێوەبەری ناحیە، قائیمقام و پارێزگا لەلایەن حکومەت و وەزارەتی ناوخۆوە دابنرێن.
لە ئێستاشدا هەدەپە رایگەیاندووە، کە ئەوان هەرچەندە لەژێر فشارێکی زۆردان، بەڵام لە هەڵبژاردنەکەی ٣١ ئازار، ئامانجیانە زۆرترین شارەوانیەکانی باکوری کوردستان بەدەستبهێننو تەواوی ئەو شارەوانیانەش کە قەیومەکان داگیریان کردووە بیگەرێننەوە بۆ گەل.