642 کوردستان

یەکێتی پارتە کوردییەکان بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان

02:10 - 31/03/2019

زەمەن: گەیلان عەباس
بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارەی شارەوانییەکانی تورکیا، زۆربەی پارتە کوردییەکانی باکوری کوردستان، جگە لە (هودا پار- کە پارتێکی کوردیی باکوری کوردستانە بڕیاری داوە بەشداری هەڵبژاردنی شارەوانییەکان نەکات)، زۆرینەی پارتەکانی باکوری کوردستان بریاریاندا لەم هەڵبژاردنەدا بەیەکەوە بن و لەژێر یەک چەترو یەک نوێنەرایەتیدا دەربکەون. لەم پێناوەشدا یەکێتییەکیان پێکهێناو بڕیاریاندا لە هەڵبژاردنەکانی ٣١ی ئازاری ٢٠١٩ پشتیوانی لە لیستی کاندیدانی (پارتی دیموکراتی گەلان – هەدەپە) بکەن. 

 

ئەوەبوو رۆژی دووشەممە ٧/١/٢٠١٩ حەوت پارتی سیاسی باکوری کوردستان بڕیاریاندا بە رابەرایەتی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) هاوپەیمانی هەڵبژاردن دروست بکەن و بە لیستێک بەشداری لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی باکوری کوردستان و تورکیادا بکەن. 

 

پارتە کوردییەکانیش بریتین لە ( بزوتنەوەی ئازادی/ پارتی کۆمیونیستی کوردستان/ پارتی دیموکراتی کوردستان - تورکی/ پلاتفۆرمی دیموکراتی کوردستان/ پارتی هەرێمە دیموکراتەکان/ پارتی مرۆڤ و ئازادی/  کۆمەڵەی شۆڕشگێری دیموکراتی کورد).

لەم چوارچێوەیەشدا بەرپرسانی هەدەپە رایانگەیاندووە، دەیانەوێ لەم هەڵبژاردنەدا سەرۆکایەتی شارەوانی زیاتر لە (١٢٠) شاری باکوری کوردستان بەدەستبهێننو تەواوی شارەوانیەکانیش لەدەستی قەیومەکان دەربهێنن.
لە راگەیەندراوێكی هاوبەشدا پارتە کوردییەکان، دیدگای خۆیان دەربارەی یەکێتیەکەی نێوانیان بەم جۆرە خستەروو:

1. کارکردن بۆ رێگری لە دوبارە پیادەکردنەوەی سیاسەتی قەیوم لەلایەن حکومەتی تورکیا و هاوپەیمانی (ئەکەپەو مەهەپە)وە.

2. پاش گۆڕینی سیستەمی سیاسی لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆكایەتی،  دەسەڵاتە خۆجییەكانی تورکیا، دەتوانن بەرامبەر سیستەمی سەرۆکایەتی رۆڵێكی گرنگ بینن.

3. رووبەڕووبوونەوەی هەموو بیرو هزرێکی توندڕەو بەرامبەر دۆزی نەتەوەی کورد. ئەوەش لەرێگەی بەهێزكردنی ئیرادەی و یەکدەنگی کوردەوە.

4. کارکردن بۆ بەهێزكردنی خەباتی مەدەنی و لاوازكردنی سیاسەتی پارتی دەسەڵاتدار، بەتایبەت ئەو سیاسەتە سەربازیانەی بەرامبەر گەلی کورد پیادەیان دەکات.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن