پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە- HDP)
10:19 - 31/03/2019
زەمەن: گەیلان عەباس
مێژووی دروستبوون و راگەیاندنی ئەم پارتە دەگەڕێتەوە بۆ رێكەوتی 15 ئۆكتۆبەری ساڵی 2012، وەك باڵێكی هاوبەشی پارتی ئاشتی و دیموكراتی كورد (بەدەپە)، كە ئەوكات نوێنەرایەتیان لەناو پەرلەمانی توركیادا هەبوو. یەكەمین كۆنگرەی ئەم پارتە لەرێكەوتی 27 ئۆكتۆبەری ساڵی 2013دابەسترا.
لەڕووی ئایدۆلۆژییەوە ئەم پارتە بە پارتێكی (سۆسیال دیموكرات) لەقەڵەم دەدرێت، پابەندە بەدژایەتیكردنی سیستمی سەرمایەداری و جیاكاری و رەگەزپەرستی ئاینی و نەتەوەیی، رێزگرتن و قبوڵكردنی جیاوازیەكان و پابەندبوون بەبنەماكانی دیموكراتی، هاوڵاتیبوون، یەكسانی، ئازادی و دادپەروەری.
یەكەم بەشداری فەرمی ئەم پارتە لەبواری سیاسیدا، دەگەرێتەوە بۆ هەڵبژاردنی شارەوانیەكانی 2014، كاتێك كە بە هاوبەشی لەگەڵ پارتی ئاشتی و دیموكرات (بەدەپە) بەشداریانكرد،بەدەپەلەپارێزگاکوردییەکانی باکوری کوردستان کاندیدی دەستنیشان کرد،هەدەپەش لەناوچەکانی دیکەی تورکیاکاندیدی دەستنیشان کردبۆشارەوانییەکان. دوابەدوای هەڵبژاردنەكانیش هەردووپارت ریزەكانی خۆیانیان لەژێرپەیكەرێكی هاوبەشدارێكخستەوە.
ئەم هەنگاوە سەرەتالەپەرلەمانەوەدەستیپێكرد،پاش ئەوەی فراكسیۆنێكی هاوبەشیان لەناوپەرلەمانداپێكەوەنا،پەرلەمانتارەكانی (بەدەپە) چوونەپاڵ پەرلەمانتارەكانی (هەدەپە). بەم چەشنەش فراكسیۆنێكی 35 ئەندامیان لەپەرلەمانی تورکیادادروستکرد.
ئامانجە سیاسی و مەدەنیەكانی ئەم پارتە لەناو پەیرەوو پرۆگرامی ناوخۆی پارتەكەدا روونكراوەتەوە، ئەم پارتە تێدەكۆشێت لەپێناو بەگژداچونەوەی گشت تایبەتمەندێتیەكی نەتەوەیی و رەگەزی، كاردەكات بۆ دابینكردنی ژیانێكی شایستەو خۆشگوزەران لەسەر بنەمای یەكسانی بۆ سەرجەمی هاوڵاتیانی توركیا، ئەوەش بە بەدێهێنان و هێنانە ئارای بنەماكانی دیموكراتی لەرێگەی سیستمێكی لیبراڵ و دیموكراتەوە.
ئەم پارتە وەك لەپەیڕەوەكەیدا هاتووە بە پلەی یەكەم نوێنەرایەتی گشت ئەو چین و توێژانە دەكات كە لەتوركیادا مافخوراوو پەراوێزخراون و وەك هاوڵاتی پلە دوو مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت، دواتر كار بۆ بەرژەوەندی گشتی سەرجەم پێكهاتە جیاوازەكانی توركیا دەكات. هەرچەندە لەبنەرەتدا پێكهێنەرانی ئەم پارتە پێكهاتوون لە كەسانی دیاری ناوچە جیاوازەكانی باكوری كوردستان، بەدیاریكراوی ئەوانەی كە پێشتر لەناو ریزەكانی پارتە کوردییەکانی وەک (دەتەپە و بەدەپە...) كاریان كردووە، بەڵام هەر لەناونانیدا دەردەكەوێت پێكهێنەرانی ئەم پارتە خواستیان بۆ ئەوەبووە، هەدەپە جیاوازبێت لە ئەزموونی پارتە كوردییەكانی رابردوو. واتە پارتێک بێت بۆ سەرجەم پێکهاتەکان، نەک تەنها پارتێکی کوردی بێت. ئەوە جگە لەوەی پێکهێنەرانی هەدەپە بەردەوام هەوڵدەدەن لەگەڵ بارودۆخی هەمەچەشنەی كۆمەڵگای توركیدا خۆیان بگونجێنن، بە جەختكردنەوە لەسەر دیموكراتكردنی كۆمەڵگاو بەرجەستەكردنی ماف و بەرژەوەندی كۆی گەلانی توركیا.
لەلایەكی دیكەوە ئەم پارتە بە پارتێكی كوردی دەناسرێت و لای زۆرێكیش وەك كۆپی دووەمی پارتی ئاشتی و دیموكراتی كورد (بەدەپە) ناودەبرێت. بەڵام ئەمان رێڕەوی چالاكیەكانیان تەنها لە باكوری كوردستاندا قەتیس نەكردووەو روویان لە ناوچە جیاوازەكانی خۆرئاوای توركیاش كردووە. لای هەندێكی دیكە بە پارتێكی دیموكرات و هەندێكیش وەك پارتێكی چەپ و بەشێكیش لە باڵی سیاسی پارتی كرێكارانی كوردستان ئاماژەو پێناسی دەكەن.
دواجار وەک خۆیان دەڵێن هەدەپە نوێنەری هەموو گەل و تاكە پەراوێزخراو، چەوساوە، زوڵملێكراوەكانی كۆمەڵگای توركیایە، بەو پێودانگەی ئەم پارتە چەندی نەتەوەو رەگەزی جیاوازی وەک (کورد، تورک، عەرەب، لاز، چەرکەس، ئێزدی، ئەرمەنی ... و دەیان ڕێكخراوی سیاسی و مەدەنیی و سەندیكای پیشەوەری، كەسایەتی ئاینی و ئیسلامی و چەپ و ئازادیخواز، فێمینیست، ژینگەپارێز)ی لەخۆیدا كۆكردۆتەوە.
لەم پارتەدا كار بە سیستمی هاوسەرۆك دەكرێت، واتە پارتەكە سەرۆكێكی پیاوو سەرۆكێكی ژنی دەبێت و لەكاتی بەستنی كۆنگرەدا هەردووكیان هەڵدەبژێرێن. لەساتەوەختی دامەزراندنیەوە تائێستا هەدەپە هەشت رێبەری هەبووە چوار پیاوو چوار ژن.
پاش دەستگیرکردنی هەریەک لە هاوسەرۆکانی پێشووی هەدەپە (سەڵاحەدین دەمیرتاش) و (فیگەن یوکسەکداغ) لەساڵی ٢٠١٦، لە بەرواری ١١/٢/٢٠١٨ لە سێهەمین کۆنگرەی پارتی دیموکراتی گەلان، هەریەك لە (سەزاییتەمەللی) و (پەروینبوڵدان) بەهاوسەرۆکینوێیهەدەپەهەڵبژێردران.
هەدەپە لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا لە سێ هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا بەشداریکردووەو توانیویەتی وەک یەکەم پارت لەمێژووی کوردانی تورکیادا بەربەستی ١٠٪ پەرلەمانی ببڕێت و بگاتە پەرلەمانی تورکیا. هەدەپەلەدوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیاشدالە٢٤حوزەیرانی٢٠١٨توانی١١.٦٪ی دەنگەکان بەدەستبهێنێت، ئەمەش بەرامبەر بوو بە بەدەستهێنانی ٦٧ کورسی لە پەرلەمانی تورکیا. بەم ئەنجامەش هەدەپەبووەسێهەم گەورەترین پارتی سیاسی لەسەرئاستی تورکیا.