231 کوردستان

ماكرۆن کۆتایپێهێنانى ئۆپەراسیۆنی بەرخانى ناوچەی ساحل راگەياند

01:22 - 11/06/2021

زه‌مه‌ن - جیهانی
سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن ئاشکرایکرد کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنی بەرخان دەھێنن کە لە ٢٠١٤وە تا ئێستا لە ناوچەی ساحل درێژەی ھەیە.


ماکرۆن لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا کە بەر لە لووتکەی G7 ئەنجامیدا، رایگەیاند لە چوارچێوەی گۆڕانکارییەکی گەورە لە ھەبوونی سەربازیی وڵاتەکەی لە ناوچەى ساحلدا، کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنی بەرخان دەھێنن.

سەرکۆماری فەڕەنسا ئاماژەی بەوەکرد کە بڕیاری ئەو ئۆپەراسیۆنە بە مەبەستی ھەماھەنگی و پاڵپشتيی سوپای وڵاتانی ناوچەکە دەرکراوە و کۆتایی مانگی حوزەیرانی وەکو رێکەوتی ئەو گۆڕانکارییە نیشاندا.

ئیمانوێل ماکرۆن ئەوەشی وەبیرھێنایەوە کە هێزى سەربازى فەڕەنسا، زیاتر لە ھەشت ساڵە لە ناوچەی ساحلدا بوونی ھەیە و ژمارەیەکی زۆری سەربازی فەڕەنسی لە ئۆپەراسیۆنەکانی ناوچەکەدا گیانیان لەدەستداوە.

ئیمانوێل ماکرۆن، زانیاری ئەوەیشی ئاشکراکرد کە لە دوای راوێژ لەگەڵ ئەمريکا و ھاوپەیمانە ئەرووپییەکانیان، ھێزێکی نێودەوڵەتیی کە لە سەربازانی وڵاتانی ناوچەکە و ئەورووپا پێکھاتوون، لە ناوچەی ساحل شوێنی ئۆپەراسیۆنی بەرخان دەگرێتەوە و گوتی، "سوپای فەڕەنسا، دەبێتە بڕبڕەی پشتی ئەو ھێزە".

سەرکۆماری فەڕەنسا راشیگەیاند کە ژمارەی سەربازە فەڕەنسییەکان لە ناوچەکە کەم دەکاتەوە و چەند بنکەیەکی سەربازیی دادەخات و جەختی لەوە کردەوە کە ئەم بڕیارە پەیوەندی بە دوایین رووادوەکانی چاد و مالییەوە نییە.

جێگەی باسە، فەڕەنسا لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٣دا، لە دوای ئۆپەراسیۆنی سەربازیی "سەرڤال" لە مالی، لە ١ی ئابی ساڵی ٢٠١٤، "ئۆپەراسیۆنی بەرخان-ی دەستپێکرد. لە ئۆپەراسیۆنی بەرخان، کە تێچووی رۆژانەی یەک ملیۆن یۆرۆیە، پێنج ھەزار سەربازی فەڕەنسی ئەرکی تێدا بەجێدەگەێنن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن