کەلتور

لەدەمی خۆی و هەروەکو خۆی

08:27 - 02/06/2021 101 جار خوێندراوەتەوە

ئاری عەبدولقادر نوری/ تایبەت بە کلتوری زەمەن


زنجیرەیەک لە یادگاری، لەگەڵ ئەحمەد هەردی (7)


"یادگاری لاوان"
۲/۱۱/۱۹۸۹ لەسەر نانی نیوەڕۆ لە سەقز

 
کاک هەردی زۆرجار لەکاتی نانخواردن و لەسەر سفرەی نانخواردن، سەرگورشتەو چیرۆکە خۆەشەکانی بۆ ئەگێڕاینەوە. ئەو کارەی زۆر بە شارەزایان و بە مەبەستەوە ئەکرد. هۆی هەڵبژاردنی کاتی نانخواردن و ڕێک لەسەر سفرەی نانخواردن ، پێدەچێت بە پلەی یەک ئەوەبووبێت کە لەو کاتانەدا زۆربەمان گردئەبووینەوەو لەوێ ئامادەئەبووین، ئەویش زۆر بەتەنگ و گەلێک بەپەرۆشەوەبوو کە قسەوباسە خۆشەکانی و ئامۆژگاریە بەسودەکانی بگاتە زۆربەمان. شایانی باسە لێرەدا ئەوە بڵێم کە کاک هەردی بەهرەیەکی زۆر گەورەو توانایەکی بێئەندازەی هەبوو لە گێڕانەوەی سەرگورشتەکان و چیرۆکەکاندا۰ هێند بەزەوق و شەوقەوە باسەکانی دەکردەوە، هەر زۆر زوو سەرنجی گەورەو بچوکی ڕائەکێشا۰ کەسیشمان سەر خوانمان بۆتەنها ساتێکیش بەجێنەدەهێشت، هەتاوەکو ئەو  سەرلەبەری قسەکانی بەتەواوەتی کۆتایی پێنەهێنایە! هەندێ جار ئەم حاڵەتە پورمی تووڕەو نیگەران ئەکردو ئەیووت: ئێ باشە من کەی سفرەکە کۆبکەمەوەو لایبەرم؟! من چیبکەم ئەگەر ئێستا میوانێک لە دەرگاکەمان بات؟!
کاک هەردی لەسەر ئەم نانخواردنە گێڕایەوەو ووتی جارێکیان لە مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەدم پرسی: باشە مامۆستا مەسەلەی چۆنێتی دروستبوونی (یادگاری لاوان) چۆن بوو؟ ئەم بیرۆکەیەتان چۆن بۆ هات؟ کاک هەردی هەمیشە دانی بەوەدا ئەنا کە لەوسەردەمەدا مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد لەوان شارەزاتر بووە لە زۆر بواردا، بەحوکمی ئەوەی لەوان بەتەمەنترو خوێندەوارتر بووە۰ مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد لە دانیشگا حقوقی خوێندوەو پارێزەر بووە!
مامۆستا ئیبراهیم لەوەڵامی پرسیارەکەما ووتی:

ئەوی ڕاستی بێ ئێمە کۆمەڵێ گەنج بووین، لە بەغداو لەوکاتانەیا نەمان ئەتوانی و بۆمان نەبوو ڕۆژنامەیە دەربکەین و باسی میللەتی کوردو کێشەکانی کوردی تیا بکەین! بگرە تەنانەت بەکوردی نووسینیش قەدەغەو ڕێگەپێنەدراو بوو! بەڵام ئێمە بەردەوام لەبیرکردنەوەیابووین کە هەردەبێ کارێ بکەین و شتێ دەربکەین و دەنگی خۆمان بگەیەنین! دواجار بڕیارماندا ئەو کۆمەڵە لاوەی لەدەوریەک کۆببووینەوە لەبەغدا، ئەو شتانەی کە نووسیومانەو لەلای خۆمان کۆمانکردۆتەوەو گەڵاڵەمانکردووە، لە دووتوێی نامیلکەیەک یاخود کتێبێکدا بڵاوی بکەینەوە. چونکە حوکمەت نەیدەتوانی پێش بە بڵاوکردنەوەی نامیلکەیەکی لەو چەشنە بگرێ! "یادگاری لاوان" ئاوها دروستبوو وە ئاوها بەزۆر خۆمان سەپاند، کاکی خۆم!
پاش کەمێک مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد ووتی: بەڵام زۆر بەداخەوە لەوێشدا هەر دووبەرە بووین! بەرەیەکیان مامۆستا (ساڵح قەفتان) نوێنەرایەتی ئەکردو کەمینەبوون. مامۆستا ساڵح قەفتان هەمیشە ئەیووت: کوڕم ئێمە ئەبێ هەوڵبەین "ئاو لەژێر کاوە بەرین!" ئەبێ هەوڵبەین بەنهێنی شت بڵێین و بەنهێنی بنووسین و بەنهێنی کار بکەین! بەڵام بەرەکەیدی کە زۆربەمان بووین، وامان بەچاک ئەزانی کە بە ئاشکرا شت بڵێین و شت بنووسین! باوەڕمان وابوو "بانگی محەمەد بەئاشکرا خۆشە"!
کاک هەردی ووتی ئەوە بۆ یەکەمجاربوو لە ژیانما ببیستم کە لەناو کوردا یەکێک هەبێ باوەڕی بەنهێنی کارکردن بێ! هەرچەندە من نازانم بەنهێنی ئیشکردن چ مانایەکی هەبووە لەلای مامۆستا ساڵح قەفتان؟!

دوا کۆمێنتی کاک هەردی لەسەر ئەو نانخواردنی نیوەڕۆیە ئەمەبوو: ڕۆڵە، خەڵکێک هەن ئەڵێن "بانگی محەمەد بە ئاشکرا خۆشە!" بەڵام خۆش لەوەیایە کە محەمەد خۆی هەرگیز بانگی بە ئاشکرا نەداوەو بەردەوام زۆر بە ووریایی و بەنهێنی کاری کردووە هەتاوەکو ئەو جێیەی هێزی پەیداکردووە. کاتێک قوڕەیشێکان ئاوڕیاندایەوە، محەمەد لایەکی لێکردبوون بە موسوڵمان و هەموویانی خستبووە سەر ئاینی خۆی! ئیتر من تێناگەم بە ئاشکرای چی؟!


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement