505 کوردستان

فراكسیۆنی یه‌كێتی: بڕیاره‌كه‌ی دادگا عەیبەیەکی گەورەیە بۆ سیستەمی دادوەری

01:53 - 07/05/2021

زه‌مه‌ن_هه‌ولێر

 

فراکسیۆنی یەکێتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند، بریارەکەی دادگا بۆ په‌سه‌ندكردنی سزای زیندانیکردنی رۆژنامەنووسان و چالاکوانانی دەڤەری بادینان، عەیبەیەکی گەورەیە بۆ سیستەمی دادوەری.

له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ڵێت، پێمان وایە شێوازی پەسەند کردنی بریارەکەی دادگای پێداچوونەوەی ھەرێمی کوردستان بۆ سزای زیندانیکردنی رۆژنامەنووسان و چالاکوانانی دەڤەری بادینان فشارو سێبەری سیاسی و حوکمی پێشوەختەی بەسەرەوە دیارە ، ئەمەش نەنگی و عەیبەیەکی گەورەیە بۆ سیستەمی دادوەری ، بێگومان کاریگەری نەرێنی دەبێت لە نێوەندە نێودەوڵەتیەکان بۆ لەکەدار بوونی ناو ناوبانگی ھەرێمی کوردستان و ئەزمونە حوکمرانیەکەی .

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، نابێیت رێگە بدرێت لە ژێر ھەر بیانوو پاساوێک دادگا بکرێتە سەنگەری کپکردنی دەنگی ئازاد و بەرتەسک کردنەوەی فەزای کاری مەدەنی ، بۆ ئەم مەبەستە داوا لەسەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەکەن لەپێناو پاراستنی سومعەی ھەرێـم دەستەڵاتەکانی خۆی بەکاربھێنیت ئەو لادانە راستبکاتەوە .


ده‌قی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌:
سەبارەت بەبریاری دادگای پێداچوونەوەی ھەرێمی کوردستان بۆ سزای زیندانیکردنی رۆژنامەنووسان و چالاکوانانی دەڤەری بادینان ، کەبەدەنگی (٣ ) ئەندام لە کۆی (٥ )ئەندامی دادگاکە پلەی کۆتایی پێدراوە.
پێمان وایە شێوازی پەسەند کردنی بریارەکە فشارو سێبەری سیاسی و حوکمی پێشوەختەی بەسەرەوە دیارە ، ئەمەش نەنگی و عەیبەیەکی گەورەیە بۆ سیستەمی دادوەری ، بێگومان کاریگەری نەرێنی دەبێت لە نێوەندە نێودەوڵەتیەکان بۆ لەکەدار بوونی ناو ناوبانگی ھەرێمی کوردستان و ئەزمونە حوکمرانیەکەی .
ئێمە لە فراکسیۆنی سەوز لە پەرلەمانی کوردستان وێرای سوور بوونمان لەسەر بەرگری کردن لە ماف و ئازادیەکان و پێداگری بەردەواممان لەسەر باشترکردنی ژیان و گوزەرانی ھاوڵاتیان ، پێمان وایە ئاسایشی کۆمەڵایەتی بە پاراستنی ئازادی رادەربرین و سەروەری یاسا دەستەبەر دەبێت ، ئەم بریارەش پێشھاتێکی مەترسیدارە ،سەروەری یاسای لەھەرێم خستۆتە ژێر پرسیارەوە ؟
ھەربۆیە نابێیت رێگە بدرێت لە ژێر ھەر بیانوو پاساوێک دادگا بکرێتە سەنگەری کپکردنی دەنگی ئازاد و بەرتەسک کردنەوەی فەزای کاری مەدەنی ، بۆ ئەم مەبەستە داوا لەسەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەکەین لەپێناو پاراستنی سومعەی ھەرێـم دەستەڵاتەکانی خۆی بەکاربھێنیت ئەو لادانە راستبکاتەوە .
لەھەمان کاتدا داوا لە سەرجەم ھاوپیشەکانمان لە فراکسیۆنە جیاوازەکانی پەرلەمانی کوردستان دەکەین باھەموومان بەیەکەوە یەک دەنگ و یەک ھەڵوێست بەرگری لە سەروەری یاساو سەربەخۆیی دادگا و دەنگی ئازاد و پارێزگاری لە شکۆ و ناو ناوبانگی ھەرێمی کوردستان بکەین، رێگری ھەرھەوڵێک بین زیان بگەیەنێت بەپەیوەندیەکانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ دۆستەکانمان لە ووڵاتانی ئەمریکا و ئەوروپا کە ھەمیشە لەکاتی تەنگانەدا دۆست و پشتیوانی بەھێزمانن .
فراکسیۆنی سەوز لەپەرلەمانی کوردستان
٧-٥-٢٠٢١

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن