تابلۆ شکاوەکان
12:30 - 06/05/2021
سوارە کافرۆشی-کولتوری زەمەن
*تابلۆ
چەند تەختەیەک
سێ چوار بزمار
چەکوشێک و
پارچەیەک خامی سپی بێگەرد
چەند رەنگێکی سوور و
رەش و
رەنگی تاریک
چوار پێنج فڵچەی پیر و ماندوو
شفرەیەکی تیژی گەنج و
هەندێک رۆنی تۆوی کەتان
وێنەی کچێکی قژ رەش و
ئەبرۆ باریک
دەم و چاوی سپی و ناسک
بە چاوێکی پڕ فرمێسک تێزاوەوە
تابلۆی کردە ماڵی خۆی و
هەر لەوێدا بە گۆمێک فرمێسکی مەنگەوە
بۆ تا هەتا لە چوار دیواردا مایەوە.
*گیتار
درەختم بینی پێکەنی
ئەو کاتەی لقێکیان لێ خواست تا گیتاری لێ چێ بکەن،
هەر هەمان دار پاش چەند ساڵێک بە کوڵ گریا
ئەوکاتەی باوکێکی توڕە گیتاری کچەکەی شکاند!