کەلتور

حیکایەتی مردن و ژیانی سابیر کرماشانی!

04:59 - 27/04/2021 217 جار خوێندراوەتەوە

هێمن مەحمود-تایبەت بە کولتوری زەمەن

سڵاوتان لێبێت...من ناوم سابیرە..سابیری حەمەی میرزادە..ناسراوم بە سابیر کرماشانی. دەمەوێت چیرۆکی خۆمتان بۆ بگێڕمەوە، چیرۆکێک کەتیایدا هەم خۆم، روداوەکان دەگێڕمەوە و هەم خۆیشم پاڵەوانم، بۆیە تکاتان لێدەکەم کەمێک سەبر و تەحەمولتان هەبێت و تا کۆتایی بمێننەوە.لەسەرەتاوە حەزەکەم ئەوەتان پێبڵێم خۆشم نازانم چۆن ئەم نازناوی کرماشانییە بەناوەکەمەوە لکا، لە زۆر زووەوە  بەناوەکەمەوەیە و لێمنابێتەوە. منێک تا ئێستا لەژیانما هەرگیز کرماشانیشم نەدیوە، چجای ئەوەی خەڵکی کرماشان بم. بەڵام بەهەرحاڵ ئێستا ئەوەتا پێمدەڵێن سابیر کرماشانیم، تاوەکو ئێستاش، جاری وا هەیە شەوان بەر لەخەوتن زۆر لەخۆم دەکەم، مێشکی خۆم توند دەگوشم تا شتێکم بەبیر بێتەوە کە بزانم کێ یەکەم کەس ناوی نام سابیر کرماشانی، کەچی شتێکی وام بیرناکەوێتەوە، بەڵام وەک خەونێکی دوور، وەک تراویلکەیەک لەبیابانەکانی خەیاڵمدا، دێتەوە بیرم ماڵێکی کرماشانی لەسەرەتاکانی شەڕی عێراق و ئێراندا ئاوارەی شارەکەی ئێمە بوون و هاتنە گەڕەکەکەی ئێمە، زۆر دەستکورت و هەژاربوون، شتێکی وایان نەبوو، لەسەرەتادا دایکم یەکەم کەس بەزەیی پێیاندا هاتەوەو بڕێک کەلوپەل و خۆراکی بۆ بردن و دواتریش ژنانی گەڕەک کۆمەکی زیاتریان کردن.

ماڵە کرماشانییەکە، پیاو و ژنێک و کچ و کوڕێکی منداڵ بوون. پیاوەکە پیاوێکی چوارشانەی سپی پێستبوو، پێشمەرگەی حزبێکی کوردی رۆژهەڵابوو. ژنەکەش ئەسمەرێکی چاو گەورەبوو کە هەندێک ژنی گەڕەک لەسەرەتادا بەزەیی و دواتریش بەهۆی جوانیەکەیەوە ئیرەیان پێدەبرد.

کوڕەکە هاوتەمەنی من و کچەکەش یەک دوو ساڵێک گەورەتربوو، زۆر زوو تێکەڵاویان بووم و بوونە هاوڕێم. ئەوان بە کوردییەکی کەمێک جیاوازتر لەم زمانەی خۆمان قسەیان دەکرد، بەڵام زمانەکەیان تۆنێکی خۆشی هەبوو، هەربۆیە زۆربەی مناڵانی گەڕەک هەوڵماندەدا بەو جۆرەی ئەوان قسەبکەین و لاساییمان دەکردنەوە.

لەناو هەموو مناڵانی گەڕەکدا من زیاتر  تێکەڵاویان بووم و بوومە هاوڕێی کوڕەکەیان (کە لەئێستادا ناوەکەیم بیرنەماوە)،  نازانم کێ بوو یەکەمجار پێی وتم تۆش لەو کوڕە کرماشانییە دەکەیت، بەڵام لەبیرمە ساڵانی دواتر بە سابیر کرماشانی ناوبانگم پەیداکردبوو.
با زۆر دوور نەکەوینەوە و سەرتان نەیەشێنم، چونکە چیرۆکە سەرەکییەکەمان لەیاد دەچێت و ئێوەش ئەوکات گلەیی ئەوەم لێدەکەن و دەڵێن ناوت سابیری حەمەی میرزادە بێت، یاخود سابیر کرماشانی، یاخود هەرچییەک بێت کێشەی ئێمە نییە و خۆت لەگێڕانەوەی چیرۆکەکە دەدزیتەوە.
لەراستیدا چیرۆکەکەی من دوو بەشە کە هەر یەکەیان چیرۆکێکە بۆ خۆی و  بەهیوام ئێوە لە دواجاردا خۆتان بڕیاری لەسەربدەن و کۆتاییەکانی بلکێنن بەیەکەوە تا شتێکتان بۆ ڕوون بێتەوە.

بەشی یەکەم:
رۆژێکی پایزبوو، ساڵانی سەرەتایی دوو هەزارەکان بوو. ئێمە چوار گەنج بووین لەئەستەمبوڵدا بەدوای قاچاخچیەکدا دەگەڕاین ئاودیوی خاکی یۆنان مان بکات.
دوای گەڕانێکی کەم، قاچاخچیەکمان دۆزییەوە و رێککەوتین لەرێگای ئاوی ئیجەوە بمانپەڕێنێتەوە بۆ ئەو دیوو.
من بەهاوڕێکانم وت با بە ڕێگای پێ بڕۆین سەلامەتترە، کەچی یەکێکیان کە ناوی (هیوا سور)بوو، سوربوو لەسەر ئەوەی بە ئیجەدا بڕۆین زووتر دەگەین، ئێمەش بەگوێمان کرد و شەوێک لە ئەستەمبوڵ، خستینیانە ناو ئۆتۆمبیلێکی کەپسەوەو دوای چەندین کاتژمێر لێخوڕین لە نزیک ئاوێک دایانبەزاندین. کەمێکی تر بەپێی رۆشتین و سواری بەلەمێکیان کردین. خودایە بەو نیوەشەوە ئەو دەریایە چی سامێکی هەبوو!.
من بە هیوا سورم وت براکەم با نەڕۆین، ئەم بەلەمە جێگای ئەم هەمووەی تیانابێتەوە، کەچی ئەو کە کۆڵەپشتەکەی دەکردە شان سوربوو لەسەر ئەوەی تا ئەوبەر ناوەستێ.
هەرچۆنێک بوو سەرکەوتین، بەلەمێکی بچوک نزیکەی 25کەسی تیادا بوو، کە کەوتەڕێ، ماتۆڕی بەلەمەکە هاواری دەکرد.

نیوەی شەو بوو،  بەناو ئیجەدا بەلەمێک رووەو رۆژئاوا بێدەنگی دنیای شەقدەکرد، جگە لە ورتەورتی چەند کەسێکی سەر بەلەمەکە و دەنگی شەپۆلە بێ ئامانەکانی ئیجە و هاواری شێتانەی ماتۆڕی بەلەمەکە هیچی تر نەدەبیسترا.
لەپڕ یەکێک هاواریکرد بەلەمەکە کونبوو!.
راستیتان بوێ، نازانم چەندێک بوو رۆیشتبوین، بەڵام دەیانوت زۆرمان نەمابووە بگەین، ئەوەندەم لەبیرە هیوا سور، شایەتومانێکی هێناو نوقمبووین، ئیدی کاتێک بە ئاگا هاتمەوە لەئەمبوڵانسێکدابوم و یەک دوو کەس بەبان سەرمەوەن و بە زمانێک قسەیان دەکرد نە تورکیی بوو نە ئینگلیزی.
وەک دواتر لەو کوردانەم بیست کە لە نەخۆشخانە بەهۆی هەستی کوردبوونەوە، سەردانیانکردم  کاتێک بەلەمەکە نقومدەبێت، لەوکاتەدا بەلەمێکی پۆلیسی ئێشکگری یۆنانی، فریادەکەوێت و لە 25 کەس تەنها دوو کەس رزگاریان دەبێت کە یەکێکیان من بووم (سابیر کرماشانی).
چۆن نەخنکام و نەمردم خۆشم نەمزانی!.
ساڵانێکی درێژە ئەو رووداوە روویداوە. ئێستاش من لەبەریتانیام و پاسپۆرتی ئەوێم هەیەو دۆخی مادیم زۆرباشە..بەڕای ئێوە ئەوە ئازایەتی خۆم بووە گەیشتوم بە بەریتانیا و وەزعی مادیم باشە..یاخود هی ئەوەیە من نەخنکام و رزگارم بوو؟.
ئەی ئەوانەی کە مردن ئەگەر نەمردایەن ئێستا ئەوانیش لێرە، لەبەریتانیا نەدەبوون وەک من و سەروەتێکی زۆریشیان نەبوو؟ من ئازابووم نەمردم یان ئەوان هیچ بوون مردن؟ چما مردن و ژیان بەدەستی خۆتە؟ چما چارەنوس خۆت دیاری دەکەیت؟ بۆ هیوا سور سورنەبوو لەسەر ئەوەی بگاتە ئەوبەر..ئەی بۆ نەگەیی؟.

بەشی دووەم؛
ساڵانی گرانییەکە، تازە پێدەگەیشتین، لەگەڵ ( بارامی تەلپێچ)ی هاوڕێمدا بڕیارماندا بۆ ئیشکردن بڕۆین بۆ تاران. ئەوکاتە وەک ئێستا نەبوو، زۆربەی گەنجانی کوردی باشور بەقاچاخ دەڕۆیشتن بۆ تاران و بەندەر عەباس بۆ کرێکاریی، بێ ئیشی و قات و قڕی و گرانییەک بوو گەنجان وردە وردە وڵاتیان چۆڵدەکرد. بارامی تەلپێچ بۆیە وا ناوی دەرکردبوو، تەلی هەڵدەپێچا. ئەو ساڵانە دیاردەی تەل هەڵپێچین لە زۆربەی شارەکاندا بڵاوبوو،  ئامێرێکی هەڵپێچێن لەناوەڕاستی شەقامە گشتیەکەدا دادەنراو ئەو کەسەی تەلە دڕکاوییەکانی لە خەڵکی دەکڕی، بەشەقامەکەدا درێژی دەکردنەوەو دواتر بەئامێرەکە هەڵی دەپێچاو دەیکردنە تۆپەڵی گەورە گەورەو دواتر ئەویش دەیفرۆشتە کەسێکی تر و ئەویش دەیبرد بۆ ئێران دەیفرۆشت..ئەو ساڵانە ئێران هەموو شتێکی دەکڕی.تەنانەت شۆفڵ و گەڵابە و کارگەی قیریشی دەکڕی و خەڵک و حزبەکان هەموو شتێکیان ئاودیوی ئێران دەکرد، وەک ئەوەی بۆ میوانی هاتبن و لەوڵاتی خۆیاندا نەمێننەوە.

من و بارام لەپێنجوێنەوە چوینە سنەو لەسنەوە بە تەکسییەک بەرەو تاران بەڕێکەوتین. بارام ناونیشانی یەک دوو برادەری خۆی پێبوو کە لە تاران لە باڵەخانەیەکی گەورەدا کرێکارییان دەکرد و لە نامەیەکدا بۆ بارام نوسیبویان شوێنی باش و ئیشی باش و خواردنی باشیان هەیە.
لە تێرمیناڵەکەی سنە من بە بارام وت با بە ئوتوبوس بڕۆین سەلامەتترە، کەچی بارام بە دڵخۆشییەکی زۆرەوە وەک ئەوەی پەلەی بێت زووتر بگات وتی نا تەکسی خێراترە، کێ تاقەتی ناو پاسی هەیە!.بەڕێکەوتین..ڕێگایەکی دوورو درێژ، چەند جارێک شۆفێرەکە لەچێشتخانەو چاخانەکانی سەر رێگا لایدا. ئەوەی باشبوو لە هیچ خاڵێکی پشکنین نەیانوەستاندین.
دەمەو بەیانبوو لە قسەی شۆفێرەکە بە ئاگا هاتینەوە و پێیوتین ئاغایان ئەوە گەیشتین، ئێرە تێرمیناڵی گەورەی تارانە. زۆری پێنەچوو بارام کە خۆی بە بەرپرسی گەشتەکە دادەنا، تەکسیەکەی تری گرت و بە فارسیەکەی تێکشکاوەوە شۆفێرەکەی تێگەیاند بمانبات بۆ ئەو ناونیشانەی کە دەمانەوێت. من یەکەمجارمبوو شارێک بەو گەورەییە ببینم، توشی حەپەسان هاتبووم. باڵەخانەی بەرز، شەقامی قەرەباڵغ، روخساری خەڵکی جیاواز جیاواز، دەنگە دەنگ و غەڵبە غەڵبی خەڵک، زمانێکی جیاوازتر.
 تەکسیەکە دایبەزاندین، بارام لەمبەری شەقامەکەوە بە دەست ئاماژەی بۆ باڵەخانەیەکی بەرزی ئەوبەرکردو، وتی ئەوەتا..ئەوە شوێنەکەیە بەسەلامەتی گەیشتین. کرێکارەکانمان دەبینی کە تازە دەڕۆشتنە سەر کارەکەیان بێزار دیاربوون.

بارام کۆڵەپشتەکەی رێککردو وتی با بڕۆین..ویستمان لەشەقامەکە بپەڕینەوە، ئەوەندەم لە یادە هێشتا نەچوبوینە ناوەڕاستی شەقامەکە، لە پڕ دەنگێک هات و زرم کەوتین.
چەند هەفتە دواتر کە چاومکردەوە لە بیمارستانێک خەریکی چارەسەرمبوون. وەک ئەوەی دواتر هاوڕێیەکی کرێکاری بارام بۆی گێڕامەوە دوای ئەوەی ئێمە (من و بارام) دەمانەوێت لە شەقامەکە بپەڕینەوە ئۆتۆمبیلی ئەفسەرێکی پاسداران (بەپێی لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس ئەفسەرەکە بەو بەیانی زووە حەشیشی کێشاوەو ویستویەتی بڕوات بۆ سەربازگەکەی) بە ئۆتۆمبیلەکەی لێمان دەدات و ئەو هاوڕێ کرێکارەی بارام کە تازە دەچێتە سەرئیش رووداوەکە دەبینێت، کاتێک وەک دەیان کەسی تر کە لەسەرمان کۆدەبنەوە دەمانناسێتەوە و هەر لەوێدا من بۆ تیمارستان و بارامیش بۆ توب عەدلی دەگوازنەوە. ساڵانێک دواتر کاتێک بۆ یەکەمجار چومە شاری لەندەن ئەو دەمەو بەیانییەی تارانم بیرکەوتەوە، دواین نیگای بارامم بیرکەوتەوە کە کۆڵە پشتەکەی رێککردەوەو وتی بابڕۆین.
هیوا سورم بیرکەوتەوە کە وتی ئیشاڵا دەگەینە ئەوبەر..ئەو کوڕە کرماشانییەم بیرکەوتەوە کە ئێستاش نەمزانی چی لێهات و لەچی قوژبنێکی دونیادا خۆی شاردەوە؟.
منیش کە ئەم چیرۆکە بۆ ئێوە دەگێڕمەوە نازانم ئەگەر بارامی تەلپێچ یاخود هیوا سور لە جێگای من لێرە بوایەن هەمان چیرۆکیان بۆ دەگێڕانەوە یاخود نا.. ئەگەر ئەوان پاڵەوان بونایە و  منیش قوربانی چی..؟ ئایا چیرۆکەکە ئەم چیرۆکە دەبوو یاخود چیرۆکێکی دی...!!

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement