274 جیهان

قوربانيانى وەرگەڕانی شەمەندەفەرەکەى میسڕ گەیشتە نزیكه‌ی ١٠٠ کەس

08:48 - 19/04/2021

زەمەن_میسڕ


لە ئاکامی وەرگەڕانی شەمەندەفەرێک لە میسر کە بە دووەم رووداوی هاوشێوە دادەنرێت لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا، دەیان کەس بوونە قوربانی.


وەزارەتی تەندروستیی میسر لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە ئاکامی وەرگەڕانی شەمەندەفەرێک لەسەر رێگای (قاهیرە - مەنسوڕە) لە شاری توخ لە پارێزگای قەیلوبییە، ٩٧ کەس برینداربوون.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، دوای رووداوەکە ٥٨ ئامبوڵانس بە مەبەستی گواستنەوەی برینداران، رەوانەی شوێنی رووداوەکە کراون.

لە راگەیەندراوەکە ئاماژە بەوە نەدراوە کە لە رووداوەکەدا گیان لەدەستدان تۆمارکراوە یان نا، بەڵام ده‌زگاكانی راگەیاندنی میسر بڵاویانکردەوە، لەو رووداوەدا هەشت کەس گیانیان لەدەستداوە.

رۆژنامەی "میسر ئەلیەوم" لە سەرچاوە ئەمنیی و پزیشکییه‌كانه‌وه‌ گواستوویه‌تییه‌وە کە بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، لە ئاکامی ئەو رووداوەدا هەشت کەس گیانیان لەدەستداوە.

هاوکات رۆژنامەی "ئەخبار ئەلیەوم" لە زاری پارێزگاری قەلیوبییە‌، عەبدولحەمید هەجان-ه‌وه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، رووداوەکە ١٠٩ برینداری لێکەوتووەتەوە.

ئەم رووداوە بە دووەم رووداوی هاوشێوە داده‌نرێت كه‌ لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا لە میسر رووبدات، دوای ئەوەی ٢٦ی ئاداری رابردوو لە ئاکامی پێکدادانی دوو شەمەندەفەر لە پارێزگای سوهاج باشووی ئەو وڵاتە، ٣٢ کەس گیانیان لەدەستدا و ١٦٥ كه‌سی دیکە برینداربوون.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن