1486 کوردستان

رونکردنەوەیەک لە وەزارەتى داراییەوە

10:01 - 02/03/2021

زەمەن_هەرێمى کوردستان

 

وەزارەتى دارایی و ئابورى هەرێم رایگەیاند، دادگای تاوانی کەرکوک /گەرمیان، (بەسیفەتی تەمییزی) بڕیارى لە بەرژوەندى وەزارەت داوە و گرتنی ژمارەیەك لەبەرپرسی دەروازەی پەروێزخان و بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم هەڵوەشێنرایەوە.

لە رونکرنەوەیەکدا وەزارەتى دارایی دەڵێت، دوابەدوای ڕوونکردنەوەمان لە بەرواری (2021/2/11) تایبەت بە پرسی ئەو دۆسیەیەی کە دادگای لێکۆڵینەوەی قۆرەتوو لەسەر ژمارەیەک بەرپرسی دەروازەی پەروێزخان و بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێمی کوردستان جووڵاندبووی، بە پێویستی دەزانین کە ڕوونکردنەوە و زانیاری زیاتر بخەینەڕوو.

دەشڵێت، ئاماژە بە بڕیاری دادگای تاوانی کەرکوک /گەرمیان (بەسیفەتی تەمییزی) بەژمارە (14/ت/2021) لە بەرواری (2021/2/9) تایبەت بە وردبینی کردن و پێداچوونەوە بە دۆسیەی ئاماژەپێکراوی سەرەوە بڕیاری لە بەرژەوەندی وەزارەت دەرکرد بە هەڵوەشاندنەوەی (نقص) ی گشت بڕیارەکانی گرتن دەرهەق بە فەرمانبەرانی وەزارەتمان، لە کاتێکدا بابەتی ئەو دۆسیەیە تەنها جێبەجێکردنی بڕیارێکی وەزارەتمان بوو، بەپێی ڕێنماییەکان لە دەروازەی پەروێزخان بە ئەنجام گەیەندراوە.

لە رونکردنەوەکەى وەزارەتى داراییدا هاتووە، "ئێمە لە سۆنگەی بەرپرسیارێتیەوە پابەندبوونی تەواو بۆ ئیجرائات و فەرمان و بڕیارەکانی دادگاکان دەردەبڕین و هاوکار و هەماهەنگ دەبین بۆ سەروەری یاسا و جێبەجێکردنی دادپەروەری، لە هەمان کاتدا داوا لە دادگاکان و دادوەرە بەڕێزەکان دەکەین کە ئەرک و بەرپرسیاریەتی بەرپرس و کارمەندانمان و ماندووبوون و دڵسۆزیان لە چوارچێوەی یاسا لەبەرچاو بگیرێت".

 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن