454 کوردستان

مه‌سرور بارزانی: پشتگیری لە ئازادی کاری رۆژنامەوانی دەکەین

06:29 - 01/03/2021

زه‌مه‌ن_هه‌رێمی كوردستان


مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت: حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەموو شێوەیەک داکۆکی و پشتگیریی لە ئازادی کاری رۆژنامەگەریی لە کوردستان دەکات.

 

ئه‌م وتانه‌ی مه‌سرور بارزانی له‌ میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا بووه‌ له‌گه‌ڵ شاندێكی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان، به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی حكومه‌ت: لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، ئازاد حەمەدەمین نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان و ئەندامانی ئەنجوومەنەکە، کورتەیەکیان دەربارەی کار و چالاکییەکانی سەندیکاکەیان خستەڕوو و ئاماژەیانبەوەداوه‌ کە لە هەرێمی کوردستان، ئازادی راگەیاندن هەیە، بەڵام کاری میدیایی لە هەرێمی کوردستان، لە رووی یاسایی و پیشەییەوە، پێویستی بە رێکخستنەوە هەیە بۆ ئەوەی رێگری لەو پشێوییە بکرێت کە لە بواری راگەیاندن هەیە".

 

سەرۆکی حکومەت جەختی لە پشتیوانی و پشتگیریی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە بۆ رۆژنامەنووسان و میدیاکارانی کوردستان و کاری رۆژنامەگەریی لە هەرێمدا و ئاماژەی بە رۆڵ و پێگەی رۆژنامەنووسان کرد، لە هوشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و هاوکاریکردنی حکومەت لە دەستنیشانکردنی گرفت و کێشە و سەرپێچییەکان، بەمەبەستی نەهێشتنیان و چاککردن و باشترکردنی ئەزموونی حوکمڕانیی لە کوردستاندا. گوتیشی ئازادی رادەربڕین بنەمایەکی سەرەکی کۆمەڵگە پێشکەوتووەکانە. ئه‌وه‌ش به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌.

 

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا مه‌سرور بارزانی دووپاتیکردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان،  زەمینەی ئازادی رادەربڕینی بۆ راگەیاندنکاران دەستەبەر کردووە بۆ ئەوەی رۆڵی کاریگەری خۆیان لە کۆمەڵگەدا بگێڕن. وتوشیه‌تی "راگەیاندنکارانی کوردستان، نابێ رێگە بدەن پیشەی پیرۆزی رۆژنامەگەریی، بە مەبەستی ناوزڕاندن و تۆمەت بەخشینەوە و تێکدانی ئاشتی کۆمەڵایەتی بەکاربهێنرێت".

 

به‌ وێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، سەرۆکی حكومەت دڵنیاییداوه‌، "حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە هەموو شێوەیەک داکۆکی و پشتگیریی لە ئازاديی کاری رۆژنامەگەریی لە کوردستان دەکات، بۆ ئەوەی راگەیاندنکارانی کوردستان، بتوانن بە شێوەیەکی پرۆفیشناڵانە و دوور لە هەر ئەجێندایەکی ناپیشەییانە ، کاری خۆیان ئەنجام بدەن، بە جۆرێک لە بەرژەوەندی گشتی و پاراستنی دەسکەوتە نیشتمانییەکان بێت".

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن