216 کوردستان

هەرێم و ئێران لێکتێگەیشتنیان بۆ کردنەوەی مەرزی نێودەوڵەتی سەیرانبەن واژوو کرد

06:13 - 01/03/2021

زه‌مه‌ن_هه‌رێمی كوردستان


ئامادەکارییەکان بۆ کردنەوەی مەرزی نێودەوڵەتی سەیرانبەن لە قۆناغی کۆتاییدان و بریارە لەماوەی داهاتوودا کارەکانی تەواو ببێت و لەو مەرزەوە دەست بە گەشتی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران بکرێت.

 

ئەمڕۆ ٢٨ی شوباتی ٢٠٢١ شاندێكی هەرێمی کوردستان کە پێکهاتبوون لە بریکاری وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی كوردستان، لیوا چەتۆ ساڵح و هەریەک لە جێگری پارێزگاری سلێمانی، لەیلا عومەر و سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، ئازاد محەمەد سەردانێکی مەیدانیان بۆ مەرزی سەیرانبەن ئه‌نجامدا.


شانده‌كه‌ لەڕێی هێلیكۆپته‌ره‌وه‌ گەیشتنە خاڵی سفری سنووریی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران و دوای چاودێری کردنی کارەکانی تەواوکردنی مەرزەکە، بەرەو خاکی ئێران و شاری بانه‌ سەربە پارێزگای کوردستان بەڕێکەوتن.


شاندی هه‌رێم لەلایەن هەریەک لە پارێزگاری سنە، قائیمقامی بانە و چەند بەرپرسێکی باڵای ناوچەکە لە کۆماری ئیسلامی ئێران پێشوازییان لێکرا.


لەلێدوانێکدا بۆ کەناڵەکانی راگەیاندن، لیوا چەتۆ ساڵح ئاماژەی بەوەدا کە هەردوولا هاتوون بۆ ئەوەی بەرچاوڕوونی بدەنە یەکتریی و كار له‌سه‌رنه‌هێشتنی کەموکورتییەکان بکرێت.

سەبارەت بەکاتی کردنەوەی مەرزەکە، لیوا چەتۆ ئاماژەی بەوەدا کە بڕیاری تەواو لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە دراوە سەبارەت بە کردنەوەی و رایگه‌یاند: "ئێمه‌ش (حکوومەتی هەرێمی کوردستان) دەمانەوێت لەنزیکەوە ئاگاداری رەوشەکە بین، ئەمە ئامادەکارییە بۆ به‌ر له‌ کردنەوەی مەرزەکە، تاوەکو شێلگیرییەک لە پرسەکەدا بەدی بکرێت، تاوەکو لەکاتێکی دیاری کراودا بێین و مەرزەکە ببێتە مەرزێکی نێودەوڵەتی".


دواتر لای خۆیەوە پارێزگاری سنە، بەهمەن مورادنیا ئاشكرایكرد، تائێستا کارەکان بۆ هاتوچۆی گونجاو لە مەرزی سەیرانبەن تەواو نەبوون و دووپاتی کردەوە کە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیاندا بە چڕیی باس لەو پرسە دەکەن بۆ تەواوکردنی کارەکان و تیشكی خسته‌سه‌ر ئه‌وه‌ش كه‌ قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە مەرزەکە ٢٣٠ ملیۆن دۆلارە.


پاشان شاندی هەرێمی کوردستان بە ئۆتۆمبێلی تایبەت بەرەو شاری بانە بەڕێکەوتن و لەگەڵ لایەنی پەیوەندییدار لە هۆتێل داوینکۆ لە شاری بانە کۆبوونەوە.


دواتر هەریەک لە جێگرانی پارێزگارانی سنە و سلێمانی یاداشتێکی حه‌وت خاڵییان وەک لێکتێگەیشتن واژوو کرد کە بڕیارە دواتر بیکەنە رێککەوتننامه‌.


دوای نانی نیوەڕۆ لە شاری بانە، شاندی هەرێم بە ئۆتۆمبێل بەنێو بازاڕی شارەکەدا گەڕان و پاشان گەڕانەوە خاڵی سنووری سەیرانبەن و دواتر بەرەو سلێمانی بەڕێکەوتن.


بەپێی زانیارییەکان مەرزی نێودەوڵەتی سەیرانبەن بە دووری ٢٥کم دەکەوێتە باشووری شاری بانەوە، ئامانج لێی ئەوەیە کە قەبارەی ساڵانه‌ی ئاڵوگۆڕی بازرگانی له‌نێوان هەرێمی کوردستانی عێراق و کۆماری ئیسلامی ئێران بگەیەنرێتە یه‌ك ملیار دۆلار.


زانیارییه‌كانی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی هەردوو شاندی کۆماری ئیسلامی ئێران و حکوومەتی هەرێمی کوردستان ، ئاماژە بەوە دەکەن کە هەردوولا رێککەوتوون کە مەرزەکە لەماوەیەکی کورتدا بکرێتەوە بەڕووی بازرگانی و گەشتیارییدا، رۆژانە لە سەعات ٦:٠٠ه‌وه‌ بۆ ٢٠:٠٠ بارهەڵگر و ئاڵوگۆری بازرگانی تێدا دەکرێت، هاوکات رۆژانە ٢٤ سەعات بەڕووی گەشتیاراندا کراوە دەبێت.

سه‌رچاوه‌: ئه‌نادۆڵ

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن