هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانیه‌کانی تورکیا له هه‌لومه‌رجێکی گۆڕاودا
02:52 - 14/03/2019
زەمەن پرێس:
هه‌ڵبژاردنه‌کانی ٣١ی ئه‌م مانگه بۆ شاره‌وانیه‌کانی تورکیا له هه‌لومه‌رجێکی تایبه‌ت و جیاوازدا به‌ڕێوه‌ده‌چێت. له رووی ئابوورییه‌وه هه‌لومه‌رجێکی تایبه‌ته به‌وه‌ی تورکیا به‌شێوه‌یه‌ک که‌وتۆته ژێر گوشاری ئابووری و داڕمانی به‌های لیره‌ی تورکی که بێپێشینه‌یەو زۆر چاودێری ئابووری نێوده‌وڵه‌تی وایده‌بینن، که زه‌حمه‌ته تورکیا بتوانێت پشتی له‌ژێر ئه‌و باره‌دا راست بکاته‌وه، جیاوازیشه چونکه یه‌که‌م هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانیه‌کانه، که دوای هه‌موارکردنی ده‌ستووری دێت که تیایدا ئه‌ردۆگان خه‌ڵکی تورکیای خسته به‌رده‌م بڕیاردان له ده‌ستوورێک که هه‌موو ئاماژه‌کان بۆ ئه‌وه ده‌چن ته‌نیا بۆ قایمکردنی پێگه‌ی خۆی سازی دابێت.
سه‌ر‌ه‌ڕای ئه‌وه‌ی له ریفراندۆم بۆ هه‌موارکردنی ده‌ستوور له ساڵی ٢٠١٧دا ده‌نگی به‌ڵێ بەڕێژه‌یه‌کی که‌م له‌پێش ده‌نگی نه‌خێره‌وه بوو، به‌شێوه‌یه‌ک که ٢٥ ملیۆن ده‌نگده‌ر ده‌نگیان به به‌ڵێ دابوو، لەهه‌مان کاتدا ٢٣ ملیۆن که‌س زیاتر، که ڕێژه‌که نزیک ببۆوه له ٢٤ ملیۆن که‌س ده‌نگیان به نه‌خێر دابوو، هێشتا ئه‌ردۆگان هیچ کێشه‌یه‌کی یاسایی نه‌بوو له‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌کانی خۆی له جێبه‌جێکردندا فراوان بکات‌و به‌کاریان بهێنێت، چونکه زۆربه‌ی چاودێره ناوخۆیی و ده‌ره‌کیه‌کان هه‌روه‌ها نه‌یاره‌کانی ئه‌ردۆگان له ناوخۆدا به ئاشکرا رایانده‌گه‌یاند که خودی ریفراندۆمه‌که کاڵایه‌ک بوو به قه‌د باڵای ئه‌ردۆگان دوورابوو.
له هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانیه‌کانی رابردوودا که ساڵی ٢٠١٤ ئه‌نجامدران پارته‌که‌ی ئه‌ردۆگان، (پارتی داد‌و گه‌شه‌پێدان - ئاک پارتی)، زیاتر له سه‌دا ٤٢ی ده‌نگه‌کانی هێنابوو، که ئه‌وکاته هێشتا ریفراندۆمی ده‌ستوور کرابوو، نه هه‌وڵێکی شکست‌خواردووی کوده‌تا به‌رامبه‌ر ئه‌ردۆگان کرابوو، نه هه‌زاران نه‌یارو به‌رهه‌ڵستکارو چالاکی مه‌ده‌نی و سیاسی خرابوونه کونجی زیندانه‌کانه‌وه.
ئه‌ردۆگان که له هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکایه‌تی ساڵی پاردا له سه‌دا ٥٢ی ده‌نگه‌کانی به‌ده‌ستهێناو حیزبه‌که‌ی له سه‌دا ٤٩ی ده‌نگه‌کانی به‌ده‌ستهێنا، به‌ڵام نه‌یتوانی له‌و هه‌موو ڕه‌خنەو گازانده‌یه رزگاری ببێت که سه‌باره‌ت به ساخته‌کردن له زۆر بنکه‌ی هه‌ڵبژاردن رووبه‌ڕووی کرایه‌وه، ته‌نانه‌ت کار گه‌یشته ئه‌وه‌ی له یه‌لوڤاو ئاگری هه‌ڵبژاردنه‌کان دووباره بکرێنه‌وه.
پارتی داد‌و گه‌شه‌پێدان - ئاکه‌په، که پێشتر له هه‌ردوو گه‌وره‌شاری ئه‌سته‌نبوڵ و ئه‌نکەرە بردوویه‌تیه‌وەو به‌شێکی زۆری سه‌رۆکی شاره‌وانیه‌کانی تری بردووه، هیچ ئاماژه‌یه‌کی سیاسی زۆر روون نییه رێژه‌ی کورسیه‌کانی به‌شێوه‌یه‌کی دراماتیکی بێته خواره‌وه. هه‌رچه‌نده مه‌سه‌له‌ی ئابووری و دابه‌زینی نرخی دراوی تورکی بۆته دڕکی پاژنه‌پێی ئه‌ردۆگان، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌ردۆگان خۆی به‌به‌هێز ده‌بینێت له رووی سیاسییه‌وه. ئه‌و نه‌یتوانیوه به کۆڕایی تورکیا به‌هێزو یه‌کگرتوو بکات، به‌ڵام توانیویه‌تی به زه‌برو هێز سه‌ری مه‌نجه‌ڵی ناکۆکیه ناوه‌کیه‌کانی تورکیا بنێته‌وه، به‌ڵام ئایا ئه‌وه‌ی له‌ناو مه‌نجه‌ڵه‌که‌دا ده‌کوڵێت که ململانێی سه‌ختی سیاسی و هه‌لومه‌رجی داڕماوی داراییه رۆژێک نابێته ته‌قینه‌وه؟ ئه‌وه پرسیارێکه ئه‌ردۆگان و ئاک پارتی چاوی خۆیانی لێداده‌خه‌ن.
ئه‌م هه‌ڵبژاردنانه که له ٨١ پارێزگاکه‌ی تورکیا ده‌کرێن و هه‌ڵبژاردنه بۆ پارێزگاری ٣٠ گه‌وره‌شاری تورکیا‌و سه‌رۆکی شاره‌وانی ١٣١٨ قه‌زاو ١٢٥١ یه‌که‌ی شاره‌وانی وه‌کو ناحیەو زیاتر له بیست هه‌زار ئه‌ندامی شاره‌وانیه‌کان، ململانێیه له‌نێوان پێنج هێزی سه‌ره‌کی، که به‌هێزترینیان ئاک پارتیەو له دواهه‌ڵبژاردنه شاره‌وانیه‌کان ٣١٧ شاره‌وانی برده‌وه.
پارتی کۆماری گه‌ل - جه‌هه‌په که که‌مال کلیچدار سه‌رۆکایه‌تی ده‌کات‌و له هه‌ڵبژاردنه‌کانی ساڵی ٢٠١٤ بۆ شاره‌وانیه‌کان توانی سه‌رۆکی سێیه‌م گه‌وره‌ترین شاری تورکیا که ئیزمیر بوو بباته‌وەو سه‌رۆکی ١٣٤ شاره‌وانی برده‌وەو له سه‌دا ٢٥ی ده‌نگه‌کانی به‌ده‌ستهێنا. هه‌رچه‌نده به‌پێی ئه‌نجامی ڕاپرسیه‌کان بارودۆخی خراپتر نابێت به‌ڵام ناتوانێت ڕکابه‌رێک بێت که مه‌ترسی جدی بۆ ئاکه‌په دروست بکات به‌تایبه‌ت که نه‌یارانی ئه‌ردۆگان و پارته‌که‌ی نه‌یانتوانیوه هاوپه‌یمانێتیه‌ک له به‌رامبه‌ر ئاکه‌په دروست بکه‌ن.
ده‌وڵه‌ت باخچه‌لی که سیاسه‌تمه‌دارێکی کۆن‌و بهئه‌زموونه، به ره‌وته دژه-کورده‌که‌یه‌وه که به تۆنێکی ڕه‌گه‌زپه‌رستانه‌وەو به پشت به‌ستن به میراتی سیاسی و کلتووری ئه‌تاتورک ده‌یه‌وێت ئامبازی ئه‌ردۆگان ببێت، به‌ڵام پێده‌چێت چیدی ئه‌و ریتۆریکه ئایدیۆلۆژیه‌ش نه‌یخوات، چونکه ئیدی بۆ دژایه‌تی فره‌یی کلتووری و نه‌ته‌وه‌یی له تورکیادا ئه‌ردۆگان هیچی بۆ ئه‌وان نه‌هێشتۆته‌وه خۆیانی پێوه باده‌ن. ئه‌م پارته، پارتی بزووتنه‌وه‌ی ناسیونالیستی - مه‌هه‌په- له دوا هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانیه‌کاندا ٤٠ سه‌رۆکی شاره‌وانی و خۆی له سه‌دا ١٢ی ده‌نگه‌کان نزیک کرده‌وه، ئاماژه‌یه‌کی به‌هێز نییه که بارودۆخی له جاره‌که‌ی پێشوو زۆر باشتر بێت، نه‌ک هه‌ر باشتر نابێت بگره ئاماژه‌ی خراپتر بوون زۆرن له‌ناویاندا دروستبوونی پارتێکی تازه که له مه‌هه‌په جیابوونه‌وه که ئه‌وانیش پارتی ‘چاکه‘ یه.
میراڵ ئاکشنه‌ر، که پێشتر ئه‌ندامی پارتی بزووتنه‌وه‌ی ناسیونالیستی - مه‌هه‌په - بوو و له‌ناو حیزبه‌که‌دا سه‌رکردایه‌تی گرووپێکی ده‌کرد دژی ده‌وڵه‌ت باخچه‌لی، دواجار ناکۆکیه‌کانی له‌گه‌ڵ باخچه‌لیدا چیدی له‌ناو یه‌ک حیزب‌دا جێگای نه‌بۆوەو له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی کۆتایی ئه‌م مانگه‌دا شانسی خۆی له شاره‌وانیه‌کان تاقیده‌کاته‌وه.
پارتێکی تر که به‌قه‌ده‌ر پارته‌که‌ی ئه‌ردۆگان ده‌نگ ناهێنێت، به‌ڵام به‌قه‌ده‌ر پارته‌که‌ی ئه‌ردۆگان زیاتریش سه‌رنجی ناوخۆیی و ده‌ره‌کی له‌سه‌ره، ئه‌ویش پارتی دیموکراتی گه‌لانه -هه‌ده‌په- که ئێستا هه‌ردوو هاوسه‌رۆک سیزای تیمیلی که به ڕه‌گه‌ز ئه‌رمه‌نیەو په‌رڤین بوڵدان سه‌رۆکایه‌تی ده‌که‌ن.
هه‌ده‌په له هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانیه‌کانی ساڵی ٢٠١٤، ٥٩ سه‌رۆکی شاره‌وانی و رێژه‌ی زیاتر له سه‌دا ١٠ی ده‌نگه‌کانی به‌ده‌ستهێنا له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا ڕووبه‌ڕووی هه‌لومه‌رجێکی سه‌خت ده‌بێته‌وه. هه‌رچه‌نده به‌شێکی گرنگی سه‌رکرده دیاره‌کانیان له زینداندان، به‌ڵام پێده‌چێت به‌هۆی ڕه‌وابوونی دۆزه‌که‌یان و ئه‌و خرۆشانه جه‌ماوه‌رییه‌ی به ده‌وریانه‌وه‌یه بتوانن پێگه‌ی خۆیان بپارێزن.
ئه‌ردۆگان به پلانێکی توند‌و ترسناک له‌ناو هه‌زاران ئه‌کادیمیست‌و پارێزه‌رو چالاکی سیاسی و مه‌ده‌نی له تورکیادا ژماره‌یه‌کی ئێجگار زۆری کادرو ئه‌ندام و سه‌رکرده‌ی هه‌ده‌په‌ی خسته کونجی زیندانه‌کانیه‌وه. سه‌باحه‌ت تونجه‌ی هاوسه‌رۆکی پێشووی هه‌ده‌په که گه‌نجترین ئه‌ندامی په‌رله‌مانی تورکیا بوو و تاقانه ئه‌ندامی په‌رله‌مانی تورکیا بوو که له‌ناو زینداندا خۆی کاندید کرد‌و بوو به ئه‌ندام په‌رله‌مان، دوای ده‌ستگیرکردنی و لێسه‌ندنه‌وه‌ی مافی پارێزبه‌ندی له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵدا به ١٥ ساڵ حوکم درا. فیگه‌ن یوکسه‌گداغ که ئه‌ویش له‌گه‌ڵ ده‌میرتاشدا هاوسه‌رۆک بوو و له هه‌ڵبژاردنه‌کانی ساڵی ٢٠١٥ بوو به ئه‌ندام په‌رله‌مان، سه‌ره‌تای ساڵی ٢٠١٧ پارێزبه‌ندی له‌سه‌ر لابراو دواتر به ٦ ساڵ زیندانیکردن حوکم درا. سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش که گه‌نجێکی پڕ وزەو سەر‌کرده‌یه‌کی دیار بوو، هاوسه‌رۆکی هه‌ده‌پەو لەساڵی ٢٠٠٧ وه ئه‌ندامی په‌رله‌مان بوو، پاشان دووجاری یه‌ک به دوای یه‌ک کاندیدی سه‌رۆکایه‌تی تورکیا بوو، جارێک له ساڵی ٢٠١٤ و جارێکی تر له زیندانه‌وه ساڵی ٢٠١٨ و ئێستا له زینداندایه.
به له‌به‌رچاوگرتنی هه‌موو فاکته‌کان، هه‌ڵبژاردنی کۆتایی ئه‌م مانگه‌ی تورکیا له هه‌لومه‌رجێکی سیاسی و ئابووری جیاوازدا ده‌کرێت، پێگه‌ی تورکیا له‌چاو کاتی هه‌ڵبژاردنه‌کانی پێشوو جیاوازه، شوێنگه‌ی سیاسی تورکیا له ئاستی نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمی جیاوازه، هه‌موو ئه‌وانه‌ش وا ده‌کات هه‌ڵبژاردنه‌که هه‌م چاوی زیاتر له‌سه‌ر بێت، هه‌م سکپڕ بێت به چه‌ندان ئه‌گه‌ری پێشبینی نه‌کراو.