2110 کوردستان

دوایین زانیاری له‌باره‌ی زیادكردنی رێژه‌ی لێبڕینی مووچه‌

12:36 - 21/01/2021

زه‌مه‌ن_هه‌ولێر

وەزیری پلاندانانی حكومەتی ھەرێمی كوردستان رایگه‌یاند، ھەموو ھەوڵێك دەدەین لەگەڵ بەغدا رێكبەوین، ئەگەر نه‌گه‌شتینه‌ رێككه‌وتن مووچه‌ بەپێی داهاتی ناوخۆ دابه‌شده‌كه‌ین و هیچ پلانێك نییه‌ رێژه‌ی لێبڕین بۆ 35% به‌رزبكرێته‌وه‌.

 
د. دارا رەشید، وەزیری پلاندانانی حكومەتی ھەرێمی كوردستان ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌، له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، "ھەموو داھاتە نەوتی و نا نەوتییەكان، دەخرێنە پڕۆژەیاسای بودجەی ھەرێمی كوردستان و ئەو پڕۆژەیاساییە گومانەكان دەڕەوێنێتەوە، بە خشتەی تایبەت داھات و خەرجییەكان دەخرێنەڕوو".

وتیشی، "ھەفتەی داھاتوو شاندی ھەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا دەكاتەوە، ھەموو ھەوڵێك دەدەین لەگەڵ حكومەتی عێراق رێكبكەوین، ئەگەر رێكبكەوین ئەو پشكەی لە بەغداوە دەنێردرێت دەبێتە بەشێك لە داھاتەكان لە پڕۆژەیاسای بودجەی ھەرێم، ئەگەر نەگەیشتینە رێككەوتن، ئەوا پشت بە داھاتی بە داتەكانی ناوخۆ دەبەستین. ئەو بڕیارانەی لە ئەنجومەنی وەزیران لەبارەی چاكسازی دراون، بۆ زیادكردنی داھات و كەمكردنەوەی خەرجییەكان، بەجۆرێك نەبێتە بارگرانی لەسەر خەڵكی كوردستان، پێداچوونەوە بە داھاتی نەوتی دا بكرێت، وەك ئەنجومەنی وەزیران پێمان وایە خەرجییەكانی نەوتی زیاترە لە ئاستی خۆی، دەبێ خەرجییەكان كەم بكەینەوە و داھات زیاد بكەین، ھەروەھا داھاتی دەروازە سنوورییەكان بەرزبكرێتەوە، كاتێك ھەردوو داھات بەرزبوونەوە دەتوانین ئەوەی پێویستمانە لە مووچە و بودجەی بەكاربردن و وەبەرھێنان بیكەین، كاتێك كە داھات شەفاف بێت خەڵكیش باوەڕ دەكات و قبووڵی دەكات كە كەمكردنەوە لە مووچە و خەرجییەكان بكرێت".

له‌باره‌ی ده‌نگۆی ئه‌وه‌ی، "ئەگەر ھەولێر و بەغدا نەگەنە رێككەوتن، مانگە مووچەی فەرمانبەران بە 35% لێبڕین دابەشدەكرێت"، وه‌زیری پلاندانانی هه‌رێم وتی، "ئەو دەنگۆیە ھیچ بنەمایەكی نییە و ھیچ بڕیارێك نییە بۆ لێبڕینی مووچەی مانگانە بە لێبڕینی 35%، ئەگەر نەگەینە رێككەوتن، زۆرترین داھاتی ھەرێم بۆ مووچەی فەرمانبەران و بژێوی خەڵكی كوردستان دەبێت، ئەگەر قەیرانی گەورەترمان نێتە پێش بڕی پارەی لێبڕاو لە مووچە زیاتر ناكرێت.

 

دارا ره‌شید جه‌خیتكرده‌وه‌ كه‌ ھەموو ھەوڵێكی حكومه‌ت بۆ رێككەوتنە لەگەڵ بەغدا، رۆژی یەكشەممەی ھەفتەی داھاتوو شاندی حكومەتی ھەرێم دەچێتەوە بەغدا، ھەروەھا رەنگە شاندێكی باڵای سیاسیش سەردانی بەغدا بكات".

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن