848 دیمانە

بەڕێوەبەرى کۆمسیۆن: نزیكه‌ی ٢٠ کەس لە سلێمانى فۆڕمى خۆپاڵاوتیان وەرگرتووە

07:01 - 19/01/2021

بەڕێوەبەرى ئۆفیسی سلێمانى کۆمسیۆنى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت: ١٠ بۆ ٢٠ کەس لە سلێمانى فۆڕمى خۆپاڵاوتیان بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق وه‌رگرتووه‌.

ئامانج عەزیز، بەڕێوەبەرى ئۆفیسی سلێمانى کۆمسیۆنى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، لەم چاوپێکەوتنەیدا لەگەڵ "زەمەن" دەڵێت: هەرکەسێک خۆى کاندید بکات پێنج ملیۆن دینارى لێوەردەگیرێت، ئەگەر سەرکەوتوو بوو لە هەڵبژاردنەکە و هیچ سەرپێچییەکى نەبوو پارەکەى بۆ دەگەڕێتەوە، ئەگەر دەریش نەچوو پارەکە دەچێتە میزانیەى دەوڵەتەوە.

سازدانی: سه‌رچین ساڵح


زەمەن: بۆچى داواى دواخستنی هه‌ڵبژاردنتان کرد، ئایا نەتاندەتوانی لە ٦ى حوزەیران هەڵبژاردن ئەنجام بدەن؟

ئامانج عەزیز: ئامادەکارییەکان هەمووى کراوە لە راستیدا، بەڵام کێشەى نەبونى بودجەیەکى پێویست لەبەردەم کۆمسیۆندا لەگەڵ ئەو وادەى دیاریکرابوو بۆ پارتە سیاسییەکان و هاوپەیمانێتییەکان کە لیستەکانى خۆیان پێشکەش بکەن بۆ ئەم هەڵبژاردنە، وادەیەکى کەمبوو سەرجەمیان نەیانتوانى لەو ماوەیەدا لیستەکانى خۆیان پێشکەش بکەن، بۆیە پێشنیاریان کرد بۆ کۆمسیۆن کە ١٦ى ١٠ى ئەمساڵ دیارى بکرێت بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنەکان.

زەمەن: بەم پێیە بێت هەڵبژاردن چوار مانگ دواخراوە، لەم چوار مانگەدا دەتوانن هیچ بیانویەک نەهێڵن بۆ دواخستنى هەڵبژاردن؟

ئامانج عەزیز: وەک ئۆفیسی سلێمانى وەکوە لایەنێکى جێبەجێکارى سەرجەم ئەو رێنمایی و یاسایانە و رێکارانەین کە لە ئۆفیسی نیشتمانییەوە بۆمان دێت ئێمە پابەندین پێوەى، لە ئێستاشدا کە قۆناغى یەکەمى پرۆسەى هەڵبژاردنەکانمان دەستپێکردووە کە خۆى لە نوێکردنەوەى تۆمارى دەنگدەران و پێشکەشکردنى پاڵێوراوەکان لەلایەن پارتەکان و کەسانى سەربەخۆوە، ئێمە لەو قۆناغەداین، هەر پێشهاتێکى تازەیش بێتە پێشەوە وەک ئۆفیسی سلێمانى ئامادەین، بەڵام لە کۆتاییدا ئەنجومەنى کۆمسیاران بڕیار دەدات، لە عێراقدا ١٨ پارێزگا هەیە و دەبێت دیراسەى هەر ١٨ پارێزگاکە بکرێت پاشان بڕیار بدرێت لەسەرى.

زه‌مه‌ن: ئامادەکارییەکانى ئێوە لە ئێستادا چییە دەیکەن؟

ئامانج عەزیز: دەستمان کردووە بە قۆناغى یەکەمى ئامادەکارییەکانى هەڵبژاردن، ئەویش خۆى لە دوو پرۆسەدا دەبینێتەوە پرۆسەى یەکەم نوێکردنەوەى تۆمارى دەنگدانە لە لە ٢ى ئەم مانگەوە دەستى پێکردووە تا ٢ى مانگى داهاتوو بەردەوام دەبێت، لە ماوەى ئەم مانگەدا هەمووە هاوڵاتیان  و دەنگدەران دەتوانن بچن سەردانى ناوەندەکان بکەن کە لە کاتژمێر هه‌شتەوە کراوەن تا کاتژمێر ٣ى پاش نیوەڕۆ بە رۆژانى هەینى و شەممەیشەوە، پرسەى دووەم بریتییە لەو کەسانەى بەشێوەى سەربەخۆ دەیانەوێن خۆیان بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق بپاڵێون، ئەویش تا ٢٨ى ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.

زەمەن: دواخستنى کاتى هەڵبژاردن ماوەى پێشکەشکردنى لیست و کاندیدەکان درێژ دەکاتەوە، لە کەیەوە بۆ کەى دەبێت؟

ئامانج عەزیز: ئێمە چاوەڕێى رێنمایی نوێ دەکەین لە ئەنجومەنى کۆمسیارانەوە، وەک پێشتریش وتم ئێمە لایەنى جێبەجێکارین.

زەمەن: تائێستا هیچ لیست و قەوارەیەک یان کاندیدێک ناوى خۆى لاى ئێوە تۆمارکردووە؟

ئامانج عەزیز: دیارە خۆى دوو بەشە، پارتەکان و هاوپەیمانێتییەکان لەلایەن فەرمانگەى پارتە سیاسییەکان لە بەغداد تۆمار دەکرێن نەک لە رێگەى ئۆفیسەکانەوە، ئەوەى کە ئێمە تۆماریان دەکەین بریتین لە داواکاری ئەو پاڵێوراوانەى بەشێوەى سەربەخۆ دەیانەوێت بەشدارى ئەم هەڵبژاردنە بکەن، رۆژانە سەردانمان دەکەن و رێنمایی و خشتەکانیان پێدەدەین، تائێستا هیچ فۆڕمێکمان بۆ نەگەڕاوەتەوە، ماوەکەیشی ماوەو تا ٢٨ ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.

زەمەن: تائێستا چەند کەس سەردانى کردوون بۆ خۆ وەرگرتنى فۆڕم؟

ئامانج عەزیز: ١٠ تا ٢٠ کەس دەبێت.

زەمەن: ئاگادارى ئەوەى چەند قەوارەى سیاسی خۆیان تۆمارکردووە؟

ئامانج عەزیز: ئەوەى حزبی سیاسی بێت و مۆڵەتى هەبێت ٢٣٧ پارتى سیاسی هەیە، بەڵام وەک ئەوەى رێژەى هاوپەیمانێتی و پارتى سیاسی  کە رەزامەندى خۆیان دەربڕیبێت بۆ بەشدارى لە هەڵبژاردنەکان لە فەرمانگەى پارتە سیاسییەکانە لە بەغداد.

زەمەن: هەر قەوارە و کاندیدێک لە خۆى تۆمار دەکات بۆ بەشدارى کردن پارەى لێوەردەگیرێت؟

ئامانج عەزیز: خۆى لەبەرئەوەى خۆپاڵاوتن لەسەر بنەماى تاک کاندیدییە، هەر کاندیدێک پێنج ملیۆن دینارى لێوەردەگیرێت، ئەگەر سەرکەوتوو بوو لە هەڵبژاردنەکە و هیچ سەرپێچییەکى نەبوو پارەکەى بۆ دەگەڕێتەوە، ئەگەر دەریش نەچوو پارەکە دەچێتە میزانیەى دەوڵەتەوە.

زەمەن: وەکو نوسینگەکان تا چەند ڕۆڵتان هەیە لە بڕیارەکانى کۆمسیۆن دا؟

ئامانج عەزیز: وەک نوسینگەکان تەنها لایەنى جێبەجێکارین، ئەو بڕیارانەى لە ئەنجومەنى کۆمسیارانەوە دەردەچێت پابەندین پێوەى.

زەمەن: یاساى نوێى هەڵبژاردنەکان گرفتى بۆ دروستنەکردووەن و کارەکانى قورس نەکردوون؟

ئامانج عەزیز: ئەو پرسیارە دەبێت ئاراستەى ئەنجومەنى کۆمسیاران بکرێت، لەبەرئەوەى ئەوان رێنماییەکان دیارى دەکەن و تەحدیدى دەکەن لەژێر رۆشنایی یاساکە.

زەمەن: ماوەیەک پێش ئێستا هەواڵێک بڵاوبوەوە کە ٨٥٠ فەرمانبەر لە هەرێمى کوردستان دادەمەزرێت بۆ کۆمپسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، ئەم هەواڵە راستە رێکارەکان بەکوێ گەیشتون و بەچی میکانیزمێک دادەمەزرێن؟

ئامانج عەزیز:من پێمخۆشە روونکردنەوەیەک لەسەر ئەو بابەتە بدەم  بۆئەوەى هەواڵەکە بە دروستى بگات بەو کەسانەى چاوەڕێى ئەوەن، دیارە وابڕیاربوو ساڵى ٢٠١٩ هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکانى عێراق بکرێت بەدەر لە هەرێمى کوردستان، بۆیە ئێمە لە هەڵبژاردنى ٢٠١٨ بوینەوە کارمەندەکان گرێبەستەکانیان هەڵپەسێردرا تەنها سێ کارمەندیان بۆ هێشتینەوە بۆ هەر ناوەندێکى تۆمارکردن، بەڵام باقى لەکامەندەکانى پارێزگاکانى ناوەڕاست و خوارووى عێراق وەک خۆیان مانەوە لەبەرئەوەى ئامادەکارییان دەکرد بۆ هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکانى عێراق، بۆیە ئێستا هەموو پارێزگاکانى عێراق ئامادەکارى دەکەین بۆ هەڵبژاردنى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، ئێستا لە هەرێمى کوردستان رێژەى کارمەندمان کەمترە لە چاو پارێزگاکانى تردا بۆیە داوامان کردووە ئەو کارمەندانەمان بۆ بگێڕنەوە و گرێبەستەکانیان نوێبکەنەوە، بەڵام تائێستا هیچ بڕیارێک لەو بارەیەوە نەدراوە، لە ئێستادا پێویستییەکى زۆرمان بەو فەرمانبەرانە هەیە.

زه‌مه‌ن: هاتنە پێشەوەى هاوڵاتیان بۆ خۆتامارکردن لە تۆمارى دەنگدەران و دڵنیابونەوە لە هەبونى ناوەکانیان چۆنە؟

ئامانج عەزیز: دیارە خۆشبەختانە هاوڵاتیان رۆژ بە ڕۆژ ژمارەیان زیاتر دەبێت کە سەردانى ناوەندەکاتى تۆمارى دەنگدان دەکەن، کە ژمارەیان ٧٩ ناوەندە و لە پاڵیشیدا تیمى گەڕۆکمان هەیە، بە هەمان شێوە هاوڵاتیان پێشوازییەکى گەرم دەکەن لە تیمەکان و سەردانى کردنى ناوەندەکانى تۆمارى دەنگدانه، بۆئەوەى لە بوونى ناوەکانیان دڵنیاببنەوە هەم ئەوانەى خۆیان تۆمارنەکردووە تۆمارى بایۆمەتریان بۆ ئەنجام بدرێت، بەتایبەتى ئەوانەى لە دایکبوى ٢٠٠٣ و ٢٠٠٢ کە تازە خراونەتە ناو داتاى تۆمارى دەنگدەرانەوە، داوایان لێدەکەین سەردانى ناوەندەکانى تۆمارى دەنگدان بکەن بۆ دڵنیابونەوە لە ناوەکانیان.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن