984 کەلتور

پێش گێڕانەوە، گەڕانەوە.

07:35 - 18/01/2021

نووسینی: بەهجەت حەسەن و بەڵێن سابیر

 

*سێ سەرنج لە سەر "ئامادە: چرک!"ـی (بەختیار حەمەسوور):

یەک
ئەوەی ڕووداو دەخوڵقێنێ، زمانە. ئەوەی ناو لە مانا دەنێ زمانە. لەم چیڕۆکانە، زمان هیچ ناگێڕێتەوە، گێڕانەوەیە. سیستمێکی گونجاو نییە بۆ ڕێکخستنی مانا، خودی مانایە. لە ئامادە چرک هەموو شتێک دەچێتەوە سەر زمان. شیرینکاری، یان وەک "ئیلیەت" دەڵێ: ئەو زمانە بێکەڵک و نەگونجاوە شیعرییەی کۆمەڵگای پیشەسازی، کە پێشتر ڕۆمانتیک خراپی کردبوو، بووبووە شوێنی هەستە ساویلکەکان، بووبووە بابەتێکی ژنانەی بارگراویکراو بە هەستی ناسک و هەڵچوو، نا، زمانێکی بێخەوش، بێ گرێ و پوختەکراو. دوور لە وشەی تێخزێندراو.
نەرم و لەسەرخۆ، بێ هەڵپەهەڵپ. وەک گولشیری گوتوویەتی: بەسەر وشەکان غار مەدە. غاری نەداوە. هەر دێڕێک پێکی هێناوە، بیری لە هەموو ئیمکانەکانی دیکە کردووەتەوە. دەستگرتن، یان تەقسییکردن بە وشە، نافرەوێژیی، یەکێکی دیکەیە لە خەسڵەتەکانی ئەم چیڕۆکانە. لە ئامادە: چرک! بە ئاگاییەوە دەست نوشتێنراوەتەوە، وشە هەڵنەڕژاوە.

دوو
لە دەقی ڕیالیستی (هەمووی نا) خوێنەر یەکەم شت کە کتێبێکی دەگرتە دەست، دەیپرسی: دەبێ باسی چی بکات؟ مەبەست لە باس، لە دەقی ڕیالیستی، هەڵوێستە سیاسی و پێوانە ئایدۆلۆژی و ئاینییەکانی نووسەر بوون، هەڵبەت ئەمە لە جوگرافیایەکی دیار، بە زمانێکی ڕوون و تێگەیشتێنێکی ساوا و سەرەتا. لە دەقی ڕیالیستی بڕێک جار نووسەر ئەرکدار دەکرا. کەم جار باش و خراپی دەقەکە، لەچوارچێوەی فۆڕمێکی نوێی ئەدەبی دەخوێندرایەوە و مامەڵەی لەگەڵ دەکرا. بۆیە دەقی ڕیالیستی تا ئاستێکی بەرز خزمەتی ئەرکە پراکتییەکانی دەکرد. ئەمە ئیدی شیاو نییە. ئەدەب لەوە کەوتووە، لە نێوان پراکتیکی و ناپراکتیکی بمێنێتەوە. چوارچێوەکان فراوان بوون و بەشێک لە ئەدەب ئیدی لەو نێوەندەیە. هیچ نەگوتنە. ناڕوونی و نەبوونی هەڵوێستە. لەم چیڕۆکانە تێکەڵ بە دۆخێکی لەم جۆرە دەبین. ئێمە دەزانین لە دەقی ڕیالیستی بە شێوەیەکی بەربڵاو خاسیەتی ئەدەبی دەدرایە پاڵ ئەو دەقانەی بەها و چێژەکانی چینێکی تایبەتی کۆمەڵایەتیان بەرجەستە دەکرد. بەڵام لەم چیڕۆکانە چێژ، تەنیا خولیای نووسەرە. بەشداری پێنەکردنی هیچ کەس، و بەکوشتدانی حەزی خوێنەر و چەسپاندنی مەیل و ئارەزووەکانی خۆیەتی. لە دەقی کلاسیک، نووسەر ئاگایانە یان نائاگایەنە، بۆچوونەکەی گشتی دەبووەوە، وەڵامەکەی دەبوو بە وەڵامێکی گشتی. لەم چیڕۆکانە پرسیار و وەڵامدانەوەش، کەسییە!
هەوڵ بۆ دروستکردنی کێشەیە، کێشەیەکی بچووک و پاشان گەورەکردنی، ئەگەر هێشتا نەبووبێ بە تایبەتمەندی چیرۆک، لەمەودوا ڕەنگە ببێ. لەم زەمەنە خێرایە، ئەوەی ڕوو دەدا، مەزەندەی کەس نییە. بۆیە ئەوەی "ڕوو دەدا" کەرستە نییە، ئەوەی "ڕوویدا." پرسیارەکانی وەک "دەبێ ڕوو نەدا." گۆڕان، بۆ "چۆن ڕوویاندا؟" "گەیشتین!" نا "بە کوێ گەیشتنین!"
پێش گێڕانەوە، گەڕانەوە، لە دەقی ئەدەبی، مەبەست لێی گەڕانەوەیە بۆ پەراوێزخراوترین بابەت و بچووکترین خاڵی لەبیرکراو، وەڵام و وەڵامکاری نا، ئاڵۆزتر و دروستکردنی گومان!
"ئامادە چرک!" دەگەڕێتەوە، جا دەگێڕێتەوە؛ بەڵام نامیکانیکیانە!
لە چیرۆکی نوێ گەڕان بەدوای ڕووداو: سەرەتا، ناوەڕاست، کۆتایی. یان بە پێچەوانەوە، چیتر ئەو شێوازی ڕیتمە کلاسییکیەی نییە: ڕوون، خاو، یەک بەدوای یەک...  تا تەقەڵەکانی زمان نەبینی، هەڵی نەوەشێنیتەوە، سەرەداوی هیچ ڕووداوێک دەست ناخەیت. لەم چیڕۆکانە ڕووداو لە نێو زمان  حەشار دراوە.
لە "ئامادە: چرک!" چیرۆکنووس وێنە دروست دەکات، بۆ ئەوەی بیشکێنێ. گومان دروست دەکات، بۆ ئەوەی بیڕەوێنێتەوە. یان بە پێچەوانەوە. تووڕە و نیگەرانت دەکات، کەیفسازیش. لەم چیڕۆکانەدا، وێنە چیتر وێنەیەکی بینراو و جووڵەیەکی هەستپێکراو نییە.
تەنانەت هیچ جۆرێکی دیکەش نین. بەڵکو وردوخاشکردنی ئەو وێنانەن، کە خوێنەر لە کاتی خوێندنەوە دەیەوێ دروستیان بکات. بە کورتی خوێنەر لەبەردەم چیرۆکێکی مەزەندەکراو نییە. پەڕاگرافێک بخوێنیتەوە پەڕەگرافی دووەم ڕوون بێ چییە. پەڕێک هەڵدەیتەوە، پەڕی دوایی ئەوەبێت، کە پێشبینیت کردووە. پەڕ دوای پەڕ چیرۆکەکە ناچێتە پێش، ناچێتە دواوەش، لە ناوەڕاستیش نییە. هیچ شوێنێک و هەموو شوێنێک سەنتەری چیرۆکەکان.

سێ
یەکێک لە باشییەکانی ئەم چیڕۆکانە، ئەوەیە خۆیان نادەنە دەست یەک بابەت و پێناسە، هاوشێوەی زمان، بابەتیش پەرت بووە، بووەتە چرکەی خێرا و ئامادە. لەم چیڕۆکانەدا بابەتێک نییە، و پارێزگاریکردن لێی. ڕاچەنین و کێشمەکێش نییە بۆ سەپاندنی بیروباوەڕێک. گواستنەوەی کۆمەڵێک زانیاریی ڕاستەقینە و ڕاگەیاندنی هیچ ڕاستییەکیش. نە دەربڕینێکی دروستە بە زمانێکی ئەکادیمی و ڕۆژنامەوانی. نە گێڕانەوەیە لە تۆڕێکی ئاسایی بینراو. هەرچەند بتەوێت ناتوانیت مانا لە قاڵب بدەیت، لەگەڵت دەڕوا، سرکە و ناگیرێت. خێرا تێدەپەڕێ، دەیبنی و دەبیستی، نە خەونە و نە واقعە. ئەوەی چاوەڕێیت بگێڕدرێتەوە، گێڕدراوەتەوە. زەمەن لەم چیڕۆکانەدا لەناو چوارچێوەیەکی کۆنکرێتی نییە.  زەمەنی نووسەرە، بەدەستی خۆیەتی، لاستیکییە. ڕایدەکێشێ، بەریدەدا. زەمەن، سنوورێکی دەستلێدراو، دەستکرد و کێشراو نییە، زەمەن و سنوورێکی زەینییە. کات چیتر یەکەیەکی پێوانەیی بەردەوام بە دوای یەک، شوێن، سنوورێکی دیاریکراو و جێگیر نییە. چیتر زەمەنی کورت و درێژ نییە، چیتر شوێن و جوگرافیا و ساڵ، زەمەنی چیرۆک دیاری ناکەن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن