لهسهر "بهرواری ئێرانی" بڕێکی زۆر پرۆتینی وەرزشی لەناودەبرێت
07:11 - 13/01/2021
زهمهن_سلێمانی
بەهۆی هەبونی بەرواری ئێرانی لیژنەکانی قائیمقامیەت دەستیان بەسەر بڕێکی
زۆر پرۆتینی وەرزشیدا گرتوە و لەلایەن لیژنەی تایبەتەوە لەناودەبرێت.
سەفین فەتاح، سەرۆکی لیژنەی هۆڵە وەرزشییەکانی سەر بەلیژنە هاوبەشەکانی
قائیمقامیەتی سلێمانی، رایگەیاند: لەئەنجامی سەردان و بەدواداچونەکانیان بۆ هۆڵەکانی
وەرزشکردن و دوکانەکانی فرۆشتنی پێداویستیە وەرزشییەکان، بەهۆی هەبونی بەرواری ئێرانی،
لە چەند شوێنێک لیژنەکە دەستی بەسەر (51) کارتۆن پرۆتینی وەرزشی لەشجوانیدا گرتوە.
وتیشی: بەپێی رێنماییەکانی وەزارەتی بازرگانی عێراق، پێویستە ئەو کاڵاوشمەک
و خواردەمەنیانەی هاوردە دەکرێن و لەبازاڕەکاندا دەفرۆشرێن بەروارەکەیان ستاندارد
بێت و بەشێوەی لێزەر لەسەر دەفرەکەیان هەڵکۆڵرابێت لەگەڵ هەبونی لێبڵ کەتەواوی زانیاریی
سەبارەت بە پێکهاتەکەیان لەخۆگرتبێت.
رونیکردەوە: پێشتر و لەرێی لیژنەهاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی و هۆکارەکانی
راگەیاندنەوە سەرجەم بازرگان و فرۆشگاکان ئاگادار کراونەتە هەبونی کاڵاوشمەکی بێ
بەروار، دو بەروار، بەروار ئێرانی یان ئەو بەروارانەی بەئاسانی دەسڕرێنەوە، فرۆشتنیان
قەدەغەیە و لەلایەن لیژنەکانەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت.
ئاماژەی بۆئەوەکرد: بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی تەواوی ئەو پرۆتینەی دەستی
بەسەردا گیراوە لەلایەن لیژنەی لەناوبردنی قائیمقامیەتەوە لەناودەبرێت و خاوەنەکانیشیان
روبەڕوی رێکاری یاسایی دەکرێنەوە.