کەلتور

تەنها

09:51 - 02/12/2020 219 جار خوێندراوەتەوە

وەردە ئەیوب عەزیزی
وەرگێڕانی: ڤینۆس فایەق

 

 

بمگەڕێنەوە بۆ خۆم...
تا لە ئەشکەوتە ئاوەدانەکانتا
نیشتەجێ بم
بە خۆشەویستە...
بە ئاژاوەی
بەجێهێڵراوە بە بیرچوونەوە

بمگەڕێنەرەوە یەکەمین پێگەیشتنم
بۆ گەنجێتی یاخیبووم
بۆ نازی کچێنی
تامی سەرکەوتنم پێ بچێژە
...

بمگەڕێنەرەوە بۆ نازداریم
بگەڕێنەرەوە جوانیم
بمگەڕێنەرەوە
بۆ بازنەی مەحاڵ
بمگەڕێنەرەوە
بۆ بێدەنگیم،
چەنەبازیم،
ئارامیم،
هێمنیم،
بمگەڕێنەرەوە..
بۆ ئاژاوەی یاریەکانم
بێدەنگی یاریەکانم و
شێتیی یاریەکانم
...
ئەی پیاوی نادیاری
بمگەڕێنەرەوە
بۆ دوایین شۆستە لە گەڕەکەماندا
قوڕگی خۆزگەکان
بەسەر دەموچاوی پیادەکانا تەڕکە
لیگەڕێ لە لەپدا
دەست بدەم لە ئازارەکانی تەنهایی
... 
من ئەی پیاوی کۆنە ژان
وڕێنەی تەنهاییم
نزیکدەستی ئەستێرەکان نەخشاندوە و
لە نێو خەمەکانی مانگ
لە نێو برژانگەکانی شەوی ئارام و
پڕ لە نهێنی
ئەی ئەم نهێنیانە !
من کە دێرینم لە نهێنیەکاندا
لە ژێر پێخەفی شەرمەزاریدا
خۆم شاردۆتەوە
ئەی شەرمەزاری
جێپەنجەی مەرگ
هەنسکی خامۆشی
مووچڕکەی ترس ... و
دەسخەڕۆیی و
ئاگر
.....
کێ دەستبازی بە دەمولێوی تەنهایی دەکات؟
بەو رۆژ و
بەبەرچاوی مانگەکانەوە..؟ و
منی جوان،
لە ئاسمانەوە نێردراو
بەختەوەرم پێت لە چارەنوسەکان
... 
بەتەنها..
لە ئێوارە ساردەکاندا،
داپۆشراو بە هەور و باران
کراسی گەرمی شکۆدار دەپۆشێت
خۆزگەکانی خڵتانی
مەستی شوورەییە 
بەتەنها.. و
خۆزگە بەساڵاچوەکان دەیانسوتێنن و
تاسە ئەگەرەکانی هەڵاتنی تێدایە 
نە دەرباز و نە دەرچوون
بۆنیان خۆشە خەونە دوو گیانەکان بەو بڕیارە
ئەی یەکەمین چەقۆ لە کەمەری لاوانەوە
بۆ خۆم بمگەڕێنەرەوە
بۆ ئەوەی بەسەر ویستی کۆستەکاندا سەرکەوم و
ئارەزوەکانی زەمەن !!
بمگەڕێنەوە بۆ خۆم
بمگەڕێنەوە بۆ خۆم..
ئەی پیاوی کۆنە ژان..
ئەم شیعرە، لە دەقەکانی (پەرۆشیەک بە تامی چاوەڕوانیەکی سارد)



پەرۆشیەک بە تامی چاوەڕوانیەکی سارد

لەسەر لێواری کات..
تەڕ، بە شەهوەتی چاوەڕوانی ساردت
قوم لە قاوە گەرمەکەمان دەدەم
بەبێ شەکر
شیلەی (٢) جوانیتی تێدەکەم
ئەی هەموو شەهوەتی شیرین 
بە تامی نادیاریت
چرکەکانی زەمەن بە وردەکاریەکانی غیابت ماچ دەکەم
بە ئازارەوە یەکەمین لاپەڕەکانی بێداریمان هەڵدەدەمەوە.
چەند حەزم بەم ئازارەیە..
دەمگوشێ..
پەرتم دەکات..
پەرشم دەکاتەوە..
ئەی یەکەمین مووچڕکەم!
ئەی یەکەیم بێداربوونەوەم!
ئەی من لە هەموو سەرەتاکاندا
لە بیرەوەریە هەڵچوە بێ کۆتاکان
ئەی نیگەرانی لەرزیوم
ئەی پیاوی شەهوەتە سەرپێیەکان و
و ئارەزوە هەڵچوەکان
ئەی گشت وردەکاریە شیواوەکانم
و هەموو ژیان
ژنێک جەستەی بۆ با رووت دەکاتەوە
بۆ ئاگر،
بۆ شۆڕش،
بۆ بورکان،
بۆ وێرانی،
بە چێژی نادیاریت
ئەی گومڕایی ئێوارانی تەڕ بە بۆنی یاسەمین
ئەی بۆنی گەنجێتیم و
نازداریم و
جوانیم، و
بۆنی ئاشووبی بێدەربەستی..
لە کەمەری ساردیدا
ئەی نهێنی ژنێتیم!
بە پەنجەکانت، یاری بە نەخشەی پەشێویم بکە و
لەسەر ناوچەوانی رۆژژمێری بەتاڵیی بکوژ
ئاوی ژنێتی بسڕە و
بە ماچێکت بینێ بە نێوچاوانی شەونمەوە
بە شمشێری کاتی بکوژ یاری بەم بەتاڵیە بکە
ئەی هەموو بەتاڵیە پڕەکانم  پێت و
هەموو لێوانلێویە بەتاڵەکانم پێت
ڕێگا مەدە بەتاڵی بە تۆ پڕم بکات و
مەهێڵی با لە چرکەیەکی شێتیتدا بملەقێنێ
ببە بە زستانی گەرمم
لە چرکەیەکی سەرمایەکی گەرمدا
لە ژێر رەحمەتی
چاوەڕوانیەکی ساردا
لە کاتی چاوەڕوانیەکی ساردا

دوو سەرنج:

١-لە جێگەی (سید) وشەی (پیاو)م بەکارهێناوە، چونکە نەدەکرا وشەی (کاک) یان (بەڕێز) لە سیاقی دێڕی شیعرەکەدا دانێم..
٢-شیلە: لە دەقە عەرەبیەکەدا وشەی (رضاب)ە کە لە فەرهەنگی عەرەبیدا بە ماناکانی: کەفی هەنگوین، شیلەی درەخت، میسک، پارچە شەکر، شیرین دێت.



وەردە ئەیوب عەزیزی:

شاعیرێکی جەزائیری، لە دایکبووی سیدراتە و نیشتەجێی شاری قسنتینەی جەزائیریە، یەکیکە لە شاعیرە ژنەکانی زۆربەی شیعرەکانی بە کێش و سەروایە، خاوەنی بڕوانامەیە لە رۆژنامەوانی ئەلەکترۆنیدا، لە گۆڤاری ئەلعەرەبی میسری لێپرسراوی بەشی رۆشنبیریە، ئەندامی یەکێتی ژنان بۆ داهێنان، ماڵی شاعیرە عەرەبەکان و یەکێتی شاعیرە عەرەبەکانە.. جگە لە شیعر رۆمانیش دەنوسێت..

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ
Advertisement