1093 کوردستان

بۆچی تووشبوون به‌ كۆرۆنا رووی له‌ كه‌مبوونه‌وه‌ كرد‌؟

01:57 - 27/11/2020

"زەمەن"


لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا ژمارەی توشبوون به‌ كۆرۆنا له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو رووی له‌ كه‌مبوونه‌وه كردووه‌، د. شێروان رەحمان پسپۆڕی فسیۆلۆجی جه‌سته‌ له‌ هه‌ولێر شیكارییه‌كی بۆ هۆكاری كه‌مبوونه‌وه‌ كردووه‌.

 

ئه‌و پزیشكه‌ چه‌ندین هۆكار دیاریده‌كات، یه‌كه‌م هۆكار بۆ تووندوتۆڵکردنی رێکارەکانی خۆپارێزی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ بە تایبەتی داخستنی قوتابخانەکان و کەمکردنەوەی دەوامی فەرمانگەکان و بەکارهێنانی ماسک بە رێژەیەکی زیاتر لە لایەن هاوڵاتیانەوە.

 

به‌بڕوای ئه‌و پزیشكه،‌ رێژەیەک لە هاوڵاتیان زۆرترین بەرکەوتەی بەردەوامیان هەبووە و هەیە، توشبوون و رێژەیەکی کەمیان گیانیان لە دەستدا و ئەوانی تر ئێستا بەرگریان دروستکردووە و لە ئێستاوە دووبارە توشنابنەوە، ئه‌مه‌شی به‌ هۆكارێكی دیكه‌ داناوه‌.

 

وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوی دوێنێ پێنجشه‌ممه‌دا رایگەیاند: لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٣٧٩ تووشبووی نوێ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و ١٧حاڵەتی گیان لەدەستدان تۆمارکراوە.



ده‌قی نوسینه‌كه‌ی دكتۆر شێروان ره‌حمان


هۆکار و ئەگەرەکانی کەمبوونەوەی رێژەی توشبوون بە کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان.

ئەوەی روون و ئاشکرایە لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوو ژمارەی توشبوون و تۆماری توشبووان لە ئاماری فەرمی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان و داتا نا فەرمیەکانی ئەو دکتۆرانەی چارەسەری نەخۆشی کۆرۆنا دەکەن لە نەخۆشخانە و نۆرینگە حکومیەکان و تایبەتەکان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرەو دابەزین چووە وە نزیکەی ٦٠٪ کەمتر بوویتەوە هەروەها حالەتی تووند و ترسناکیش بە هەمان شێوە رووی لە کەمی کردوە.

ئەو دابەزینەی ژمارەی توشبووان لە لایەک زۆر دڵخۆشکەر و هاندەرە بۆ زیاتر پابەندبوون وە پێویستی بە سوپاسی خوای مەزنە بەڵام لە هەمان کات پێویستی بە لێکۆلینەوەیە لە هۆکارەکان و خۆ ئامادەکردن بۆ ئەگەرە چاوەروان نەکراوەکانیشدا.
بە هۆی ئەوەی ڤایرۆسی سارس کۆڤ-٢ ی کۆرۆنا تا ئێستا بە ( نوێ ) دادەندرێت وە بەردەوام ئەگەری هێرشی پێچەوانەی هەیە، هەر وەک ئەو بارودۆخەی تووشی ووڵاتانی ئەوروپا بوو وەک نموونە ، بۆیە بەردەوام پێویستە خۆمان ئامادەکەین بۆ خراپترین سیناریۆکان.

ئەگەر و هۆکارەکانی ئەو دابەزینەی ژمارەی تووشبوانی ئەو دواییەی کۆرۆنا لە هەرێم بەو شێوەی خوارەوە پوختە دەکرێت:

١.تووندوتۆڵکردنی رێکارەکانی خۆپارێزی:

بە تایبەتی داخستنی قوتابخانەکان و کەمکردنەوەی دەوامی فەرمانگەکان و بەکارهێنانی ماسک بە رێژەیەکی زیاتر لە لایەن هاوڵاتیانەوە.

٢.توشبوونی گشتی بەرکەوتە بەردەوامەکان:

رێژەیەک لە هاوڵاتیان زۆرترین بەرکەوتەی بەردەوامیان هەبووە و هەیە وە توشبوون و رێژەیەکی کەمیان گیانیان لە دەستدا و ئەوانی تر ئێستا بەرگریان دروست کردووە و لە ئێستاوە دووبارە توشنابنەوە.

٣.بەرگری بە کۆمەڵ بە شێوەیەکی رێژەیی:

ئەو خاڵەش پەیوەندی بە خاڵی یەکەمەوە هەیە وە رێژەیەکی نا دیاریکراو ؟! بەڵام گرنگ لە هاوڵاتیان بەرگریان دروست کردووە . بۆ زانینی ئەو رێژەیە پێویستمان بە داتا و ئاماری ووردە. بۆ بەدەستهێنانی بەرگری کۆمەڵ ( مێگەل ) Herd Immunity ئەوە پێویستە نزیکەی ٧٠٪ ی هاوڵاتیان تووشی ئەو ڤایرۆسە بن .

٤.چارەسەری باشتر :

رەنگە لە ئێستاوە ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتی خۆی خۆی چارەسەر کات بێ ئەوەی سەردانی هیچ دکتۆرێک بکات و بێ ئەوەی پشکنین بکات بە تایبەتی حالاتی سووک و مام ناوەند وە بۆیە نابێتە ژمارە لە توشبووەکان.

٥.بارودۆخی ئابووری:

ئەو خاڵەش پەیوەندی بە خاڵی پێشتر هەیە بۆیە ئاماری تۆماری توشبوون کەمدەبيتەوە.

٦.گۆرانی کەش و هەوا:

کەس دڵنیا نیە وە مەرج نیە ئەو ڤایرۆسە بە گەرمی یان بە ساردی کۆتایی بێت بەڵام ژمارەی توشبوون لە گەڵ ئەو گۆرانە کەش و هەوای ئەو دواییەی بەرەوی کەمی چوو و جێگای سیقەش نیە !

٧.سروشتی پەتای ڤایرۆسی:

هەندێک لە زانایان دەڵێن کەوا پەتاکان ، بە تایبەتی ئەوانەی زۆر کوشندە نین ، بە شێوەی شەپۆل بەرز و نزم لە ژمارەی توشبووان دەبێت.

٨.گۆڕانی جینی لە ڤایرۆس:

تا ئێستا گۆرانکاری بە بەها لە رووی زانستی پەتا زانی باس نەکراوە ؟! وە تەنها باس لە هەندێک گۆرانکاری سنووردار کراوە بەڵام وەک ڤایرۆسەکی RNA ئەگەری گۆرانکاری و پازدان ی جینی زۆرە وە بە هیوای ئەوەی بەرەو کوشندەتر و ترسناکتر نەبێت.

٩.تێگەیشتن و قەناعەتی هاوڵاتی:

هاوڵاتیان باشتر لە خۆپاراستن و بەکارهێنانی ماسک و دوورکەوتنەوە شارەزابوون. هەروەها دابەزینی نرخی کەرستەی خۆپارێزی وەک ماسک رۆلی هەبووە لەو خۆ پارێزیە.

١٠.هۆکاری نادیار:

ئەگەری زۆرە وە کات و توێژینەوەکان روونی دەکەنەوە .

لە هەموو ئەگەر و هۆکارەکان پێویستە لەبەرچاومان بێت چۆن لە هەندێک ووڵات ژمارەکان بەرەو هەڵکشان چوون پاش ئەوەی ژمارەکان زۆر روو لە دابەزیندابوون.

ئەو بابەتەی هۆکار و ئەگەرەکان تەنها بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا نیە و ئەگەری بەردەوامی توشبوون بە جۆرەها ڤایرۆسی تر لە ئارادایە وە پێویستە توێژینەوەی زانستی لەسەر بکرێت و بەردەوام دیراسەت بکرێت.

بە هیوای تەندروستی
د. شێروان رەحمان پسپۆڕی فسیۆلۆجی جه‌سته‌
٢٠٢٠/١١/٢٦
هەولێ

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن