1399 کوردستان

نەخشەرێگایەک بۆ رزگارکردنی کوردستان لە کارەساتی کۆرۆنا راگه‌یه‌ندرا

10:13 - 22/11/2020

"زەمەن"

تۆری پاراستنی تەندروستی گشتی، كه‌ پێکهاتووە لە ژمارەیەک تەندروستکار و چالاکەوان بۆ داکۆکیکردن لە دەزگاکانی کەرتی گشتی تەندروستی، نەخشەرێگایەکی بۆ رزگارکردنی کوردستان لە کارەساتی کۆرۆنا راگه‌یاند.


تۆڕه‌كه‌، له‌ نه‌خشه‌رێگاكه‌دا ده‌ڵێت: یەکێک لە هۆکارە هەرە سەرەکەییەکانی ئەم دۆخە کارەساتبارەی کۆرۆنا دروستیکردوە بۆ تازەیی و خێرا بڵاوبونەوە و توندی ڤایرۆسەکە دەگەڕێتەوە.

بەڵام پێیوایه‌ هۆکاری سەرەکی ئەو دۆخە، خراپی کاردانەوە و پلان و بەرنامەی حکومەت بە گشتی و وەزارەتی تەندروستی بە تایبەتیە.جه‌ختده‌كاته‌وه‌، ئەگەر هیچ لە وانەکانی پەتاکەوە فێرنەبوبێتین، ئەوا دەبێ ئەوە ڕونبێ کە ئەو ڕێگاییەی ئێستا پێیدا دەڕۆین ڕێگایەکی هەڵەیە و ئەگەر بەردەوام بین لەسەری ئەوا کارەسات و ماڵوێرانی گەورەتری بەدوادا دێت.


ده‌قی نه‌خشه‌رێگاكه‌:


ڤایرۆسی نەگریسی کۆرۆنا رۆژ لە دوای رۆژ زەرەری گەورە لە هەرێمی کوردستان دەدا. بەداخەوە ژمارەکانی توشبون و مردن بە کۆرۆنا لە هەڵکشاندان. ڤایرۆسەکە برینی قوڵی بە جەستەی هەرێمەکەوە بەجێهێشتوە. رۆژ نیە دەیان کەس لە خزم و کەسوکار و دۆست و هاوڕییانمان بەهۆی ئەم ڤایرۆسەوە لەدەستنەدەین.

هاوکات، پەتاکە لێکەوتەی کارەساتاوی گەورەی لە بواری کۆمەڵایەتی و ئابوری و سایکۆلۆژی خەڵکی کوردستان دروستکردوە. لێکەوەتەکان لە هەڵکشانی ژمارەکانی بێکاری و جیابونەوەی خێزانیی و ئالۆزی دەرونی و لێکەوتەگەلێکی تری نەبینراو دەبیننەوە.

یەکێک لە هۆکارە هەرە سەرەکەییەکانی ئەم دۆخە کارەساتبارەی کۆرۆنا دروستیکردوە بۆ تازەیی و خێرا بڵاوبونەوە و توندی ڤایرۆسەکە دەگەڕێتەوە.

بەڵام هۆکاری سەرەکی ئەو دۆخە، خراپی کاردانەوە و پلان و بەرنامەی حکومەت بە گشتی و وەزارەتی تەندروستی بە تایبەتیە. ئەگەر هیچ لە وانەکانی پەتاکەوە فێرنەبوبێتین، ئەوا دەبێ ئەوە ڕونبێ کە ئەو ڕێگاییەی ئێستا پێیدا دەڕۆین ڕێگایەکی هەڵەیە و ئەگەر بەردەوام بین لەسەری ئەوا کارەسات و ماڵوێرانی گەورەتری بەدوادا دێت.

بۆیە ئێمە لە تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی بە ئەرکی خۆمانی دەزانین کە جارێکی دیکە زەنگی مەترسی لێبدەین و هەموو خەڵکی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگاداربکەینەوە لەم دۆخە.

لەڕێی ئەم ڕاگەیاندراوەوە پێشنیاری نەخشەڕێگایەک دەکەین بۆ دەرچوون لەم دۆخە ناهەموارەی بەهۆی کۆرۆنا و سیاسەتە هەڵەکانی حکومەتەوە، خەڵکی کوردستان تێی کەوتوە. تۆڕەکەمان لە ژمارەیەک شارەزا و پسپۆری بوارەکە پێکهاتوە کە دەتوانن هاوکاربن لە جێبەجێکردنی نەخشەڕێگاکە.

نەخشەڕێگا پێشنیارکراوە کە تەنها لایەنە تەندروستی و پزیشکیی ناگرێتەوە و بەڵکو ڕەهەندە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەکانی قەیرانەکەش لە خۆ دەگرێت ، ئاراستەیەکی ئاشکرایە گشت کێشە و قەیرانێکی تەندروستی بونی نیە کە بەتەنها کێشەیەکی تەندروستی ڕووت بێت و هەمو کێشە تەندروستیەکان ڕەهەندی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیان هەیە.

ڕەهەندی سیاسی: بۆ دەربازبون و چارەسەری لە قەیرانی کۆرۆنا پێویستە ئەم هەنگاوە سیاسیانە بگیرێتە بەر:

١. مامەڵەکردن لە گەڵ قەیرانی کۆرۆنا وەکو کێشەیەکئ ئاسایشی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی کە پەیوەندی بە ژیانی تەواوی خەڵکی کوردستانەوە هەیە بەبێ ڕەچاوکردنی ناوچەگەرێتی و دووئیدارایی و لایەنداری و ئەندامێتی سیاسی و حیزبی.

٢. دروستکردنی لیژنەیەکی حکومی لە نوێنەری وەزارەتەکان و نوێنەری نەخۆشخانەکانی چارەسەری کۆرۆنا بۆ بەدواداچونی هەموو لایەنەکانی ڕێگری و چارەسەری ئەم پەتایە و بەهانا چونی زیان لێکەوتوانی ئەم دۆخە.


٣. ئەم لیژنەیە لەگەڵ ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی WHO و ڕیکخراوە جیهانیەکانی تردا لە پەیوەندی بەردەوام و ڕێکخراودا بێت بۆ وەرگرتنی هاوکاری و ڕینوێنی و تاوتوێی چارەسەرەکان.

ڕەهەندی ئابوری: ئاشکرایە هەرێمی کوردستان بە قەیرانێکی دارایی و ئابوری قوڵدا تێدەپەڕێت،هۆکارەکانی ئەم قەیرانە لەدایکبوی ڕۆژگاری ئێستا نییە و کەڵەکەبوی دەیان ساڵە لە گەندەڵی و بەهەردەردان و بێ پلانی. بەڵام پێویستە لەم ساتەدا سیاسەت و هەنگاوەکانی حکومەت ئەم قەیرانانە ئەوەنەی تر قوڵترنەکاتەوە بەڵکو لە یەک کاتدا هاوکار بێ لە سوکردنی باری قورسی سەرشانی هاولاتیان و هاوکات هۆکارەکانی گەندەڵی و بەهەدەردان نەهێڵێت، لە پەیوەست بە قەیرانی کۆرۆناوە ئەم پێشنیارانە دەخەینە ڕوو:

١. حکومەت بودجەیەکی تایبەت بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەم پەتایە و دۆخەکە دابنێ و ئەم بودجەیە بە وردەکاری چۆنیەتی سەرف کردنیەوە بۆ خەڵک ئاشکرا بکرێ.

٢.ئەوانەی بە بۆنەی کۆرۆناوە ناتوانن بچنەوە سەرکار قەرەبوبکرێنەوە و ٨٠٪ موچە بدرێتە ئەوانەی لە کاری فەرمین و بیمەی بێکاریش بدرێتە ئەوانەی کار بۆ خۆیان دەکەن

٣. کێشەی وەکو 'بندیوار' لەگەڵ ئەوەی لە دەزگا حیزبیەکاندا زۆر فراوانە بەڵام بەداخەوە سیستمی تەندروستیشی گرتوەتەوە. پێویستە لەم کاتەدا حکومەت لە چوارچێوەی چاکسازی ئەو دیاردەیە لەناو دەزگا تەندروستیەکان بنبڕبکات و ئەو پارەیەی لە موچە و دەرماڵەی بندیواری تەندروستیدا بەفیرۆدەچێت، بدرێتە موچە و دەرماڵە و هاندان بۆ ئەو تەندروستکارانەی لە بواری بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا خزمەت دەکەن.

ڕەهەندی کۆمەڵایەتی:

١. بەداخەوە کۆرۆنا تەنها لەڕێی نەخۆشکەوتن و مردنەوە زیانی لە خەڵکی کوردستان نەداوە، بەڵکو کۆمەلێک لێکەوتەی کۆمەڵایەتی گەورەیشی هەیە. پێشنیار دەکەین لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت و بەتایبەتی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی رۆڵی خۆیان ببینن لە لێکۆلێنەوە لەو لێکەوتانە و دانانی ستراتیژێک بۆ کەمکردنەوەی لێکەوتەکانیان.

٢. بێکاری و نەبونی تەنگی بە ژمارەیەکی زۆری گەنجان هەڵچنیوە. پێشنیار دەکەین وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی پلانێکی بە پەلە دابنێت بۆ دۆزینەوە و دروستکردنی هەلی کار.

ڕەهەندی تەندروستی:

١. ڕاگەیاندن و بەڕێوەچونی هەڵمەتێکی نیشتیمانی فراوانی هۆشیارکردنەوەی تەندروستی بە بەشداری لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵەی مەدەنی، حیزبە سیاسیەکان، میدیا، زانکۆکان، قوتابخانەکان، شوێنە ئایینیەکان بۆ بلاوکردنەوەی هۆشیاری تەندروستی بە گشتی و بۆ کۆرۆنا بە تایبەتی.

٢. پێدانی موچە و دەرماڵەی تەندروستکاران بە تەواوەتی و بێدواکەوتن.

٣. دابینکردنی کەرەستەی پزیشكی و ئامێری پێویستی وەکو ئۆکسجین و دەرمانی پێویستی دیکە بۆ نەخۆشخانەکان.

٤. هەڵگرتنی پارەی پشکنینی کۆرۆنا لە خاڵە سنوری و لە بنکە و سەنتەرە تەندروستیەکان و ئەنجامدانی ئەو پشکنینانە بەشێوەیەکی فراوانتر.

5. دروستکردنی ئەنجومەنێکی زانستی کە هەفتانە کۆبێتەوە و ڕێنمایی و هۆشیاری زانستی بەپشت بەستن بە بەڵگە و دۆکۆمێنتە ناوخۆیی و جیهانی بڵاوبکاتەوە. لە ماوەیەکی نزیکدا، تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی بە ڕاوێژ لەگەڵ پسپۆرەکانی بوارەکە هەوڵی راگەیاندنی پرۆتۆکۆلێکی تۆکمە بۆ خۆپارێزی و چارەسەری کۆرۆنا دەدا.

6. دانانی پرۆتۆکۆلی دیاریکراو بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی کۆرۆنا، وە پێویستە ئەم پرۆتۆکۆلە پشت بە ستانداریWHO ببەستێت بۆ کۆتاییهێنان بەو سەرگردانیەی لەم بارەوە هەیە.

7 بڕیاردان لەوەی کە نەخۆشخانە تایبەتەکان ڕێژەیەکی دیاریکراوەی قەڕوێڵەکانیان بۆ چارەسەری خۆڕایی خەڵک تەرخانبکەن.

8. نەهێشتنی دیاردەی بردنە دەرەوەی بەرپرسە سیاسی و حیزبی و ئیدارییەکان بۆ دەرەوەی کوردستان بە مەبەستی چارەسەری کۆرۆنا و گەڕاندنەوەی متمانەی هاوڵاتیان بە دەزگا تەندروستی و پزیشکییەکان.

9. هەواڵدان بۆ فەراهەمکردنی ڤاکسین بە ژمارەیەکی گونجاو و بەخۆڕایی بۆ خەڵکی کوردستان بەتایبەتی بۆ ئەوانەی کە بە تەمەنن و نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە و تەندروستکارن.

ئێمە بانگەوازی هەموو پزیشک و تەندروستکاران دەکەین کە با پێکەوە ئەم ڕێگاچارانە بکەینە بەرنامەی نەخۆشخانە و بەڕیوەبەرایەتی و وەزارەتی تەندروستی و کار بۆجێبەجێکردنیان بکەین، تاکو ڕوبەڕوی ئەو گوێ پێنەدان و کەموکورتیانە ببینەوە کە وەزارەتی تەندروستی و حکومەتی هەرێم لە پەتای کۆرۆنادا درێژەی پێ دەدەن و بوەتە هۆی مردن و زیان لێکەوتنی تەندروستی هاوڵآتیان.

بەلای ئێمەوەمان لە تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتیەوە ئەم هەنگاوانە گرنگن بۆ رزگارکردنی خەڵکی کوردستان لەم دۆخەی تێیکەوتوە بەهۆی کۆرۆناوە، ڕۆژانی ڕابردوو سەلماندی لە ئاست خزمەتگوزاریە تەندروستیەکان کەمو کوڕی زۆر هەیە

تۆری پاراستنی تەندروستی گشتی
٢٠٢٠/١١/٢٢

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن